ماتۆڕسكیل، هۆكارێك بۆ كارەسات

09:51 - 2025-05-29
ئەرشەد تەحسین
42 خوێندراوەتەوە

‎سەعات نزیك دوانزەی شەوە، ئێشكگرم لە فریاكەوتنی نەخۆشخانەی هیوا، لە رێی كۆنترۆڵی فریاكەوتنی خێرای سلێمانییەوە (122)، لە بوونی رووداوێكی ماتۆڕسکیل لەنێوان گەڕەكی قڕگە و كانی با ئاگادار كراینەوە، زۆر بە خێرایی بە ئۆتۆمبێلی فریاكەوتن و تیمی تایبەتەوە گەیشتینە شوێنی رووداوەكە، بینیمان دوو مێرمنداڵی بە رەگەز عەرەب كە هەردووكیان تەمەنیان پانزە ساڵ بوو، بەهۆی تیژڕەوییەوە بە ماتۆڕسكیلەكەیان كەوتبوونە كەندێكەوە، بە ناڕەحەت گەیشتینە لایان، بینیمان هەردووكیان قاچیان شكاوە و چەند شوێنەوارێكی دیکەی برین و زەبری دەرەكی لەسەر جەستەیانە، هەر لەو شوێنەدا فریاگوزاریی سەرەتاییمان بۆ كردن و گەیاندماننە ئۆتۆمبێلەكە و بەرەو نەخۆشخانەی شار كەوتینەڕێ، ئێمە لەناو ئۆتۆمبێلەكە سەرقاڵی چارەسەركردن و چاودێریكردنی دۆخی تەندروستی بریندارەكانین، لە رێی كۆنترۆڵی فریاكەوتنی خێرا و بە ئامێری بێتەل ئاگاداری بوونی رووداوێكی دیکەی ماتۆڕسكیل بووین لە نزیك نەخۆشخانەی بەخشین، ئێمە سەرقاڵی كاری خۆمانین و ئۆتۆمبێلی فریاكەوتنەكەش بە كۆدی سوور بەرەو نەخۆشخانەی شار بەڕێوەیە، لەگەڵ گەیشتنمان بە نەخۆشخانەی شار، دیسان لە رێی كۆنترۆڵی فریاكەوتنی خێرا و بە ئامێری بێتەل ئاگاداری بوونی رووداوێكی دیکەی ماتۆڕسكیل بووین لە نزیك شاری جوان، داوا لە تیمە نزیكەكانی ئەو شوێنەكرا بگەنە شوێنی رووداوەكە.
‎ئەوەی باسمكرد، چیرۆكی نیو سەعاتی ئێشكگریمە و سەلمێنەری ئەوەیە لەناو شاردا رووداوەكانی ماتۆڕسكیل خەریكە لە حاڵەتەوە دەبن بە دیاریدە، بێگومان ژمارەی قوربانییەكانیش لە هەڵكشاندان سەرباری زیانی ماددی.
‎جەنجاڵییەكانی ژیان و گۆڕانكاریی و پێشكەوتنە بەردەوامەكان، فراوانبوونی هۆكارەكانی گواستنەوە و سەرقاڵییە زۆرەكانی مرۆڤ بە ژیانەوە، وایكردووە ماتۆڕسكیل ببێتە پێداویستییەكی سەردەم و هەنووكەیی، لەلایەكی دیکەشەوە ماتۆڕسكیل خەریكە دەبێتە هەڕەشەیەكی جددی بۆ دۆخی رێگەوبان و شۆفێریكردن، تادێت رووداوەكانی ماتۆڕسكیل و قوربانییەكانیش لە هەڵكشاندان، كاتی هاتووە رێگەچارەیەك بۆ ئەم بابەتە دابنرێت لەپێناو كەمكردنەوەی رووداوەكان و زامنكردنی گیانی هاووڵاتیاندا، ئەوەش چ بە گرتنەبەری رێوشوێنی یاسایی و پیادەكردنی بنەماكانی هاتوچۆبێت، یان لە رێی هۆشیاركردنەوەی هاووڵاتیان و شۆفێرانی ماتۆڕسكیلەوە، هەروەها دیاریكردنی جلوبەرگ و كڵاوی تایبەت بە شۆفێریكردنی ماتۆڕسكیل، لە هەمووشی گرنگتر دیاریكردنی تەمەنی بەكارهێنەرانی ماتۆڕسكیل، لەبەرئەوەی ئێستا بەبێ گوێدانە تەمەن شۆفێریی ماتۆڕسكیل دەكرێت.
‎ماوەتەوە بڵێین: رووداوەكانی هاتوچۆ بە ئۆتۆمبێل هەمیشە قوربانی گیانیی لێناكەوێتەوە، بەڵام رووداوەكانی ماتۆڕسكیل هەمیشە زیانی گیانی دروست دەكات ئەگەر بە برینداربوونێکی بچووكیش بێت، پیادەكردنی هەر رێكارێكیش بۆ كەمكردنەوەی ئەم دیاردەیە، زیانە گیانیی و مادییەكان كەمدەكاتەوە، بە تایبەت كە رووداوەكانی ماتۆڕسكیل زیاتر لەناو شاردا روودەدەن.

رووداوەکانی ماتۆڕسکیل خەریکە لەحاڵەتەوە دەبن بە دیاردە 

وتارەکانی نوسەر