ئاسەواری جەللادەکانی بەعس تێکمەدەن!

09:50 - 2024-03-31
هیوا محەمەد
176 خوێندراوەتەوە

کاتێک باسی مێژوویەکی دوورمان بۆ دەکەن، بە جێگەی رووداوەکاندا بۆمان دەسەلمێنن، یان بە بەروارەکەی، هەندێک جاریش کەسایەتییەکان دەکەنە شایەتحاڵ.
زۆر خۆشە کاتێک باسی رووداوێک دەکرێت بۆ کەسانێک کە لەو سەردەمەدا نەبوون، شوێنی رووداوەکە مابێت و دوای بیستنی هەواڵی رووداوەکە، بچێتە شوێنەکە و ئەوجار بە بیری خۆی بهێنێتەوە، ئەمە ئەو شوێنەیە کە بەسەرهاتەکەیان بۆ گێڕاوەتەوە.
چەندە خۆشە کاتێک دەچیتە گردی مامەیارە و سەردانی مەزاری پیرەمێرد دەکەیت و ئەوەت بە بیردێتەوە کە هەر لەسەر ئەو گردە و دەوروبەری، دەیان بۆنەی نەورۆز و رۆژەکانی دیکە کراوەتەوە.
شوێن گرنگیی هەیە بۆ بەبیرهێنانەوە، زیندانەکانی سلێمانی سەردەمی بەعس دەبوا وەک خۆیان بمێننەوە و بکرێنە مۆزەخانە، هاوشێوەی ئەمنە سوورەکە، لەوانە زیندانی  ( سجنی سەرەوە) کە ئێستا بۆتە پارکی دایک.
ئەم سجنە یادگاریی ناخۆشی لای هەموو خەڵکی سلێمانی و دەوروبەری هەیە لە خێزانە کۆنەکان، دەبوا نۆژەن بکرایەوە و نەڕوخێنرایە، بۆ ئەوەی لەگەڵ گێڕانەوەی رووداوەکان ببوایەتە بەڵگەی زەینی و خەڵک بچوونایەتە ژوورەوە و ژوور بە ژووری بگەڕابانەیە و سەردانیان بکردایە.
لە تەنیشت کارگەی جگەرەوە، سەربازگەیەکی ئیستیخبارات هەبوو کە لە حەوشەکەیدا هەمیشە تانکێک یان زرێپۆشێک هەبوو، ترسی لێ دەباری، دەبوا هەر بمابایە و دەستی لێنەدرایە.
لەناو پارکی ئازادی دەبوا پانتاییەک لە ژوورەکانی ناو (حامیە) تێکنەدرایە و بکرایەتە شوێنی ئاسەواری تاوانەکانی بەعسییەکان و موخابەراتەکەی.
رەنگە باسکردنی ئەم چەند نموونەیە بێسوود بێت، چونکە تازە تێکدراون و ناگەڕێنەوە، بەڵام قسەمان لەسەر ئەو بەڕێوەبەرایەتییەی ئەمنی سلێمانییە کە دەکەوێتە شەقامی سالم و لە ریزی باخی گشتییە، هەر لە ریزی ئەم بینایە، بینای رێکخراوی حزبی بەعسیش هەبوو، لەوبەریشەوە ئیستیخبارات، کەواتە ئەم شەقامە لەمبەروئەوبەری، پیاوە دڕندەکانی رژێم هەبوون، روویداوە کەسێک بەبەردەمیاندا بە پیادە رۆیشتبێت لەسەر ئەوەی ئاوڕی داوەتەوە ئازاریان داوە و ئیهانەیان کردووە.
ئێستا ئەو بینایەی ئەمن ماوە و تێکنەدراوە، بەڵام بەداخەوە دیتم کە تابلۆیان لێداوە بۆ فرۆشتن. دیارە هەرکەسیش بیکڕێت، تێکی دەدات و دەیکاتە هۆتێلێک یان شوێنێکی گەشتیاری.
هەزاران کەس لەم شارە و دەوروبەری پێیان ناوەتە ئەو زیندانی ئەمنە و تێیدا ئەشکەنجە دراون، هەبووە چەندین مانگ بێ دادگا هەر هێڵدراوەتەوە، چونکە پێش ئەمنە سوورەکە کە لەسەرەتای هەشتاکان دروستکراوە، تەنها جێی ئەمن هەر ئەم بینایە بووە.
ئەمنی سلێمانی ببوە ئادرەس و خەڵک دەیزانی لە کوێیە. پێناچێت ئەم بینایە موڵکی تایبەتی خەڵک بووبێت، ئەگەر واش بێت سەردەمی بەعس داگیرکراوە و خراوەتە سەر شارەوانی و موڵکی گشتی، بۆیە پێویستە فرۆشتنی ئەو موڵکە و تێکدانی و گۆڕینی بە شوێنێکی تر رابگیرێت. پێویستە بکرێتە شوێنی سەردانی گەشتیاران و دەیان تابلۆی تێدا هەڵبواسرێت کە دەلالەت لە چیرۆکەکانی ناو ئەم بەڕێوەبەرایەتییەی ئەمن بکات، دەکرێت وەک شوێنێکی ئاسەوەری تاوانەکانی ئەمنەکان بەکاربهێندرێت و لەهەر جێیەکەوە گەشتیاران دێن سەردانی بکەن، بەوپێیەش کە نزیکە لە ناوەندی شارەوە، ئەوا خەڵکانێکی زۆر رووی تێدەکەن. 
تکایە مەهێڵن ئاسەواری تاوانەکانی بەعس لە رێگەی تێکدانی مۆڵگەکانیانەوە بسڕدرێتەوە و لەبەرچاو نەمێنێت.

بینای ئەمنی سلێمانی سەردەمی بەعس، دانراوە بۆ فرۆشتن لە بری بە مۆزەکردنی

وتارەکانی نوسەر