نە کورد خراپە نە تورک

10:54 - 2024-04-23
هیوا محەمەد
255 خوێندراوەتەوە

هیوا محەمەد

تورکیا وڵاتێکە، خاکێکە سنووردار کراوە وەک هەر وڵاتێکی دیکەی جیهان، تێیدا تورک و کورد و عەرەب و یونانی دەژین، چەندین دیانەتیشی وەک عەلەوی و مەسیحی و یەهودی و ئەرمەنی تێدایە جگە لە ئیسلام. 
تاکەکانی کۆمەڵگەی تورکیا دابەشبوون بەسەر چەندین ئایدیای جیاوازدا، وەک هەر گەلێکی تر، لە چەپەوە تا راست و لە ئاییندارەوە بۆ بێ دین.
هەموو تورکێک نەتەوەپەرست نییە، ئەگەر وابوایە ئێستا زاڵ ببوون بەسەر هەموو کۆمەڵگەکەدا و کەس نەیدەتوانی لە ئاستیاندا بوەستێ، باشترین نموونەش حزبی نەتەوەپەرستی تورکیا مەهەپەیە کە ناتوانێت لە هەڵبژاردنەکاندا چارەکی دەنگی کۆمەڵگەی تورکیا بهێنێت، بەڵام بە حوکمی ئەوەی کە دەسەڵاتی حکومرانیی لە تورکیا لای کەسانێک بووە نەیانویستووە کێشەی کورد چارەسەر بکەن و دانیپێدا بنێن، بۆیە ئەوانەش کە سەر بە مەهەپەن، لە زۆر قۆناغدا فەرشی سووریان بۆ رادەخرێت و ئەوانیش هەنگاو و هەڵوێستەکانی حکومەتەکانیان بەلاوە پەسەندە، چونکە دژی غەیرە تورکەکانە، بەتایبەت کورد.
ئێستا کەسە باشەکان لەناو حزبە باشەکاندان، دەیانەوێت وڵاتەکەیان روو لە ئارامی بکات، نایانەوێت رۆڵەکانیان لە چیا و دۆڵەکانی وڵاتانی دراوسێ بکرێنە قوربانیی سیاسەتی توندڕەوی رەتکردنەوەی نەتەوەکانی تر و ئەوانەی لە بازنەی حزبی دەسەڵاتدا نین.
ئەو دایکانە کەم نین کە نزا دەکەن ئەو حکومەتەیان لەکۆڵ بێتەوە و ئاوێک بکرێت بە ئاگردا و ئاشتی و سەقامگیری بگەڕێتەوە بۆ ولاتەکەیان. 
ئێمە وەک کوردی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ تورکیا هاوسێین، ئەگەر وەک عیراقی فیدراڵی بڕوانین یان وەک کوردی هەرێم، هێشتا دەبێت پەیوەندییەکانمان لەگەڵیان بپارێزین و وەک هاوسێ قبووڵیان بکەین، بەڵام ئەمە دەبێت دوولایەنە بێت و ئەوانیش رێزی ئەو سنووری درواسێیەتییە بگرن و ئێمەیان قبووڵ بێت وەک درواسێ، ئەوکاتیش پێویستە لەسەر هەردوو لا ئەرکەکانی درواسێیەتی بپارێزین و رێز لە بنەماکانی بگرین و دیواری حورمەتی یەکتر نەبەزێنین. تائێرە دەبێت هەر کوردێکی دڵسۆز بۆ قەوارەی هەرێم کە بەخوێن و راپەڕین و قوربانیدانی زۆر بەدەستهاتووە، هەوڵی پاراستنی ئەو درواسێیەتییە بدات و نەهێڵێت تێکبچێت، چونکە درواسێکان ئەگەر نێوانیان تێكچوو، ئەوا ئاژاوە دەکەوێتە نێوانیان و هیچ سەقامگیرییەک نامێنێت، ئەوەش کە دەسەڵات و هێزی هەبوو، دەتوانێت سەرکوتی ئەوەی تر بکات.
ئێستا نە نەتەوەی تورک هەمووی خراپە، نە تورکیا، نە هەرێم و نەتەوەی کوردیش، ئەوانە خراپن کە لەدەرەوەی مرۆڤدۆستین و روانینیان بۆ بەها مڕۆڤایەتییەکان لاوازە یان نییە.
ئەو تورکانەی کە وابیردەکەنەوە کورد بسڕنەوە، یان ئەو کوردانەی بیر دەکەنەوە تورک نابێت هەبێت، هەڵەیەکە ئاگری شەڕ و ناکۆکی خۆش دەکات و لەهەردوو نەتەوە، رۆژانە دەیان کەس دەکاتە سووتەمەنی ئەو بیرە کۆنەپەرستی و توندڕەوە شۆڤێنییە.
بەشە باشەکەی هەردوو نەتەوە، پێیان باشە، دوو نەتەوەی درواسێی مرۆڤدۆست و ئاشتی خواز بن و یەکتر پەسەند بکەن و نەبنە جێبەجێکاری پلان و چاوچنۆکی وڵاتە زلهێزەکان کە رەنگە سوودی زۆر لەم ململانێ خوێناوییەی کورد و تورک ببینن و وەک کارتی گوشار بۆسەر هەردوو لا بەکاری بهێنن، وەک ئەوەی بەدرێژایی مێژوو کردویانە.

وتارەکانی نوسەر