هەناسە

راکردن لە زیندانی زەین!

09:58 - 2024-04-03
مەحمود شێرزاد
316 خوێندراوەتەوە

کاتی خۆی ئەفلاتوون لە ئەکادیمییەکەیدا گوتوویەتی ئێمە ناتوانین هیچ کەس فێری هیچ شتێک بکەین، هەموو کەس هەموو شتێک دەزانێ، بەڵام لە بیری چۆتەوە، ئێمە تەنیا دەتوانین یارمەتی کەسەکە بدەین وەبیری بێتەوە. زۆر پێش ئەفلاتوون یۆگییه‌کان له‌ هه‌زاران ساڵ له‌وه‌ پێشه‌وه‌ ده‌ڵێن ئێمەی مرۆڤ‌ وه‌سڵین به‌ مه‌عریفه‌ی گه‌ردوونییه‌وه‌، ئێمە هەرچی هەیە لە زانست و ئاگایی ئەزەلی و ئەبەدییەوە سەرچاوەمان گرتووە، ئێمە ئەوین، واته‌ پێشوه‌خت هه‌موو شتێک ده‌زانین، ئاگامان لە رابردوو، ئێستا و داهاتوو هەیە، به‌ڵام له‌ بیرمان چۆته‌وه‌ و دەبێ کارێک بکەین وەبیرمان بێتەوە. لە ئێمەدا تەکنەلۆژیای وەسڵبوونەوە و بینین و زانینی ئەم حەقیقەتە هەیە، بەڵام خەوتووە، دەتوانین لە رێگەی راهێنانەوە وەخەبەری بێنینەوە و بەکاری بێنین و کاری پێبکەین. هەر لەم پەیوەندییەدا مەولانا جەلالەدینی رۆمی دەڵێ: (ئێمە پێش لەدایکبوون بڕیار دەدەین هیچمان لە بیر نەمێنێ، بەڵام دواتر دەبێ هەوڵبدەین تا وەبیرمان بێتەوە).
یەکێک لەو شێوازە زانستییانەی وا دەکا ئێمە زیاتر و زیاتر بەئاگا بین، یۆگایە. یۆگا ئەوە نیە کە لای ئێمە ناسراوە، یۆگا زانستێکی پزیشکی قووڵە، هەم پزیشکی جەستە و هەم پزیشکی زەین و رۆحە، یۆگا فەلسەفەیەکی زۆر قووڵە، قووڵتر و وردتر لە فەلسەفەی خۆرئاوا، دەروونناسی بە ناوبانگ (یۆنگ) لە کتێبی (دەروونناسی و کوندالینی یۆگا) دا دەڵێ : ( یۆگا ئەم ئاستە لە ئاگاییە کە مرۆڤی خۆرئاوایی هەرگیز ناتوانێ درکی بکات). یان یوڤاڵ نوح هەراری لە کتێبی (بیست و وانە بۆ سەدەی بیست و یەک)دا دەڵێ: (مرۆڤایەتی بۆ چارەسەریی کێشەکانی لەسەدەی بیست و یەکدا دەبێ بگەڕێتەوە بۆ یۆگا و تێڕامان). 
مرۆڤ بۆچی لەبیری چۆتەوە چییە و لە چییەوە هاتووە و بۆچی تووشی ئەو هەمووە کێشەیە بووە؟ لەبەر ئەوەی بەرە بەرە بەداوی «زەین» بووە، واتە لە هەقیقەت دابڕاوە و بیرکردنەوە و وێنا و خەیاڵاتەکانی خۆی لێ بووە بە هەقیقەت. یۆگا ئەم پەردەیە کە زەینە لادەدا و بەرە بەرە ئێمە خۆمان دەناسین، واتە وەسڵدەبینەوە و شتەکانمان بیر دەکەوێتەوە.
 جگە لە یۆگییەکان و زاناکان، عارفانی ئیسلامی سه‌ر به‌ هه‌ردوو قوتابخانه‌ی عیرفانی به‌غدا و خوراسان، واته‌ قوتابخانه‌کانی «یه‌کێتی بوون» و «عیشقی خوایی» هه‌مان شتیان دووباره‌ کردۆتەوه‌. بۆ نموونە مه‌ولانا به‌ کرداریش سه‌لماندی. ئه‌وه‌ی مه‌ولانا گوتوویه‌ و مه‌ولانای پێ ده‌ناسرێ ئه‌و زانستانه‌ نین که‌ پێشتر له‌ حوجره‌کانی باوکی و «ته‌رمه‌زی» و «ئیبن عه‌ره‌بی» یان له‌ کتێبه‌کاندا خوێندوونی و خوێندوویه‌ته‌وه‌. به‌ پێچه‌وانه‌ دوای دیداری له‌گه‌ڵ «شمس» ئه‌و زانست و زانیارییه‌ وه‌رگیراو و هه‌وڵ بۆ دراوانه‌ی به‌ ته‌واوی وه‌لا نا. ئه‌وه‌ی مه‌ولانا ده‌یڵێ کە ته‌نانه‌ت پڕه‌ له‌ ئاماژه‌ی کوانتۆمی ورد و دروست، له‌ به‌ره‌نجامی ئه‌م وه‌سڵه‌وه‌یه‌ به‌ بنه‌ڕه‌ت، واته‌ وه‌سڵه‌ به‌ سه‌رچاوه‌ی ئاگایی ئەزەلی و ئەبەدییەوە‌.
ئه‌م زانسته‌ پێشوه‌خت هه‌یه‌ و داهێنراوی مێشک و زەینی مرۆڤ نیه‌، به‌ڵکوو مرۆڤ له‌وهوە هاتووە‌. ئه‌م زانسته‌ هه‌موو ئه‌مه‌یه‌ که‌ هه‌یه‌. هه‌ر بۆیه‌ش هه‌موو که‌س یۆگا و یۆگییه‌، به‌س له‌ بیری چۆته‌وه‌. لێرەوە بە راهێنانی یۆگا و بە یارمه‌تییه‌کانی (گورو) واتە که‌سێک که‌ خۆی ئه‌م رێگه‌یه‌ رۆیشتووه‌، کەسەکان وەسڵدەبنەوە‌.
ئێمە زەینمان کردووە بە زیندان بۆ خۆمان، دەبێ لە رێگەیەکی زانستی وەک یۆگاوە لەم زیندانە رابکەین و بگەڕێنەوە بۆ ماڵەوە، ماڵی ئاگایی ئەزەلی و ئەبەدیی، کە هەمان بنەڕیتی خۆمانە.

 

وتارەکانی نوسەر