هاوسەنگیی نێوان نێر و مێ

10:22 - 2025-05-13
مەحمود شێرزاد
35 خوێندراوەتەوە

لە ژیاندا هیچ شتێک بە ئەندازەی هاوسەنگیی نێوان دوو جەمسەری (نێر و مێ) گرنگ نییە. ئەم دوو جەمسەرە لە هەموو شتێکدا هەیە، بۆ نموونە لە عیرفان و حیکمەتە دێرینەکاندا بە (یین و یانگ)، لە یۆگادا بە (ئیدا و پینگالا)، لە سروشتدا بە (گەرمی و ساردی)، لە فیزیادا بە (ئەرێنی و نەرێنی) و...هتد بەناوبانگە. ئەم دوو جەمسەرە چۆن هاوسەنگ دەبن و چۆن لە هاوسەنگی دەردەچن؟ ئەگەر هاوسەنگ بن چی روودەدات و ئەگەر ناهاسەنگ بن تووشی چی دەبین؟
لەسەر بڕبڕەی پشتی مرۆڤ سێ جۆگەلەی وزە هەیە کە لە کۆنەوە کراون بە هێمای زانستی پزیشکی، واتە کۆڵەکەیەک و دوو مار کە بە چەپ و راستی کۆڵەکەکەدا هەڵدەگەڕێن. یەکەمجار یۆگی ئەم جۆگەلانەی دۆزییەوە، جۆگەلەی ناوەڕاست یان کۆڵەکەکە پێی دەگوترێ (سووشوومنا)، ئەم جۆگەلەیە نە نێرە و نە مێیە، بەڵام سەرچاوەی هەر دووکیانە. جۆگەلەی لای راستی کۆڵەکەکە نێرە (پینگالا) و جۆگەلەی لای چەپی کۆڵەکەکە مێ (ئیدا)یە. ئەو نێر و مێیە لە کلێنچکەوە دەست پێدەکەن، ئەگەر لە دۆخی ئاسایی و سروشتیدا بن، بە دەوری کۆڵەکەکەدا خول دەخۆن و تا ناوچاوان بە جووڵە و سەمایەکی رێک و پێک دەڕۆن و لەوێ تێکەڵ بە یەکتری دەبن، لە حاڵەتی سروشتیدا ئەم رووداوە بەبەردەوامی لە ئێمەدا روو دەدات. ئەگەر کەسەکە لە رووی بیرکردنەوە و خۆراک و خواردنەوە و خەوتنەوە سروشتی بێ، ئەو دوو جەمسەری نێر و مێیەی هاوسەنگن، بە یەکەوە سەمایەکی هاوسەنگ دەکەن و ئەوەش ژیانێکی هاوسەنگی لێدەکەوێتەوە، واتە لە کاتی خۆیدا لێک نزیک دەبنەوە و لە کاتی خۆیدا لێک دوور دەکەونەوە. 
ئەگەر کەسێک بیرکردنەوە و خۆراک و خواردنەوە و خەوتنی ناسروشتی بێ، هاوسەنگی نێوان ئەم دوو جەمسەری نێر و مێیەی تێکدەچێت. ئەو کەسە ئەگەر پیاو یان ژن بێت ناتوانێ لەگەڵ رەگەزی بەرامبەری خۆی هاوسەنگ بێت، چوونکە ئەو ناهاوسەنگییە پێشوەخت لە خۆیدا روویداوە و لەدەرەوەش بە شکڵ و شێوەی جیا جیا و لە بواری جۆراجۆردا دەردەکەوێت، کەواتە ئەو کەسە ناتوانێ ژیانێکی هاوسەنگ لەگەڵ رەگەزی بەرامبەردا دروست بکات. کەس یان کەسەکان بۆ ئەوەی بتوانن خێزان و ژیانێکی هاوسەنگ دروست بکەن، دەبێ سەرەتا خۆیان لە ناهاوسەنگییە جەستەیی و زەینیی و رۆحییەکانی خۆیان رزگار بکەن. هەموو ئەو ناهاوسەنگییانە بە هۆی بیرکردنەوەی هەڵە، چاوەڕوانی نابەجێ لە کەس و کەسانی دەورووبەر، حەز و ئارەزووی بێ کۆتایی و هەوا و هەوەسی بێ هەوساری کوێرەوە دروست دەبن، جا لەوانەیە هەر کەسە و بە هۆی یەکێک لەو حاڵەتانەوە تووشی ئەو ناهاوسەنگییە ناوکییە و دواتر دەرەکی و کۆمەڵایەتییە بێت. مەحاڵە کەسێک لەناو خۆیدا ناهاوسەنگ بێت و بتوانێ لەگەڵ کەس یان کەسانی دیکەدا هاوسەنگ بێت. 
ئەو کەسانەی بە رێک و پێکی یۆگا دەکەن و لەسەر یۆگا بەردەوام دەبن، دوو جەمسەری (نێر و مێ)یان هاوسەنگ دەبێتەوە، دوای ئەوە ئەگەر ئەو کەسە کێشەی خێزانی یان کۆمەڵایەتی هەبێ و خۆی سەرچاوەی کێشەکە بێ، ئەوە کێشەکەی نامێنێ و چارەسەر دەبێ، ئەگەر خۆشی سەرچاوەی کێشەکان نەبێ، واتە کەس یان کەسانی دەورووبەری سەرچاوەی کێشەکەن بن، لەبەرئەوەی خۆی هاوسەنگە ئەوان درک دەکا و کێشەکان چارەسەر دەبن. ئێمە لە ژیانی خێزانیدا ئەم بنەما سروشتییە رەچاو ناکەین، یانی نێرینەیی و مێینەیی ناوخۆمان ناناسین و هاوسەنگیان ناکەینەوە، کەچی دەمانەوێ رەگەزی بەرامبەر بناسین و هاوسەنگ بێ لەگەڵمان، کە ئەمەش هەرگیز روونادات، بۆیە رۆژانە لە خۆرهەڵات و خۆرئاوا، لە باکوور و باشووری گۆی زەوی، ژن و پیاوەکان بەشێوەی جۆراجۆری ناعەقڵانی بەر یەکتریی دەکەوین و کێشە بۆ خۆمان و بۆ یەکتریی دروست دەکەین.    

وتارەکانی نوسەر