زانستی ئاسانا

مەعریفەناسیی دانیشتن

10:15 - 2025-06-11
مەحمود شێرزاد
203 خوێندراوەتەوە

شکڵ و شێوەی جەستەیی: ئاسانا (Asana)
یۆگا هەشت قۆناغە و شێوازێکی وردی زانستییە لە بواری خۆناسیدا، هاوکات وەک «میرچا ئیلیادە» و «یۆنگ» دەڵێن یۆگا دەروونشیکاریی دێرینی رۆژهەڵاتی و زانستی پزیشکی هاوچەرخیش دەڵێ پزیشکی جێگرەوەیە. ئەم هەشت قۆناغەی یۆگا بریتیین لە، یەکەم: یاما (بنەما ئاکارییە مرۆیی و گەردوونییە کۆمەڵایەتییەکان)، دووەم: نیاما (بنەما ئاکارییە مرۆیی و گەردوونییە تاکەکەسییەکان)، سێیەم: ئاسانا (شێوە و شکڵ و راهێنانە جەستەییەکان)، چوارەم: پڕانایاما (راهێنانەکانی هەناسە کە دەبنە هۆی پەرەپێدانی وزەی ژیان لە مرۆڤدا)، پێنجەم: پراتیاهارا (راهێنانەکانی کۆکردنەوەی زەین و وەرگرتنەوەی زەین لە شتەکانی دیکە و گەڕاندنەوەی بۆ سەر خود)، شەشەم: دهارنا (راگرتنی زەین لەسەر لەسەر بابەتێک یان هەر شتێک بە ویست و ئیرادەی خۆت بۆ هەر ماوەیەک کە بتەوێ)، حەوتەم: دهیانا (ئارامکردنەوەی زەریای زەین و خامۆشکردنی هەستەکان و شەپۆلەکانی زەین)، هەشتەم: سامادی (توانەوەی خودی تاکەکەسی لە خودی گەردوونییدا، واتە یەکگرتنەوەی ئاگایانەی پاژ «تاکەکەس» لەگەڵ گشت «گەردوون»). لەم وتارە کورتەدا تەنیا باس لە قۆناغی سێیەم، واتە زانستی ئاسانا دەکەین.

دانیشتنی هێمنی بەردەوام
راهێنانە جەستەییەکان لە یۆگادا بە (ئاسانا) ناودێر کراون. ئاسانا یانی دانیشتن بە شێوە و شکڵێکی جەستەیی دیاریکراو، یان جەستەمان بەرینە دۆخێکی دیاریکراوەوە و بۆ ماوەیەک بە ئارامی و خۆشی و هێمنی لەم دۆخە دیاریکراوەدا دابنیشین و بمێنینەوە. حەکیم پاتانجالی لە کتێبی بەناوبانگی (یۆگاسوترا) لە پاری (سادهانا پادا)دا، لە سوترای 46 دا، بەم شێوەیە ئاسانا پێناسە دەکا: (ستهیرا سووکهام ئاسانام /sthira sukham asanam/ دانیشتن و مانەوە لە دۆخێکی جەستەیی ئارام و خۆشدا). وشەی ستهیریا بە مانای بێ جووڵە و جێگیر و خۆڕاگرە، سووکهام بە مانای ئارام و خۆشە، ئاسانا بە مانای دانیشتنە کە لە وشەی سانسکریتی «ئاس»وە بە مانای دانیشتن هاتووە. لێرەدا پاتانجالی بە روونی دەڵێ ئاسانا دانیشتنە بە «ئارامی» و «جێگیریی» بۆ ماوەیەک لە دۆخێکی دیاریکراوی جەستەییدا. یانی پاتانجالی ناڵێ ئاسانا بریتییە لە راهێنانی جۆراوجۆر بە جەستە یان جووڵەی جەستەیی جۆراوجۆر، بەڵکو دەڵێ (دانیشتن و مانەوە بە ئارامی و خۆشی لە دۆخێکی جەستەییدا). کەواتە بە گشتی ئاسانا دوو تایبەتمەندیی سەرەکیی هەیە، واتە دانیشتنێکی جێگیر و هێمن لەگەڵ مانەوەی زۆر تێیدا. ئەمەش دەکرێ ئاماژە بێ بە هەر ئاسانایەک کە بە دانیشتنەوە دەکرێت و کەسەکە بتوانێ بەبێ کێشەی جەستەیی بۆ ماوەیەکی باش تێیدا بمێنێتەوە. حەکیم «ڤیاسا» کە یەکەم کەسە یۆگا سوترای پاتانجالی راڤە و شرۆڤە کردووە، وەک دەڵێن راڤە و شرۆڤەی یۆگاسوترای بەڕێزیان کلیلی تێگەیشتنە لە یۆگا سوترا و تا ئێستا باشترین راڤە و شرۆڤەی یۆگا سوترای پاتانجالییە، لە راڤەی سوترای 46 دا زیاتر لە 10 ئاسانا پێشنیار دەکات کە پێی وایە کەسەکە لەم حاڵەتانەدا دەتوانێ ئەو ئامانجە لە ئاسانا بپێکێت کە پاتانجالی مەبەستێتی و بە گشتی یۆگی دەبێ ئەزموونی بکات. ئەم دە ئاسانایە بریتیین لە: (پادماسانا، ڤیراسانا، بهادراسانا، سڤاستیکاسانا، دانداسانا، پاریانکاسانا، سۆپاسرایاسانا، کراونچاسادانا، ساماسامستهانا، ستهیراسووکها)، دیارە هەندێ لەم ئاسانایانە ئاماژە بە کۆمەڵێک ئاسانا دەکەن. بەهەرحاڵ مەبەستی سەرەکیی پاتانجالی لە ئاسانا ئەم سێ ئاسانایەیە، یەکەم: پادماسانا (لوتوس / بە کوردی گوڵی لیخ)، دووەم: سیدهاسانا (شێوەی دانیشتنی کەرامات و توانا زەینی و رۆحییەکان، کە ئەم شێوە دانیشتنە ناوەندەکانی ئاگایی و رەهەندە بەهێزترەکانی جەستە و زەین چالاک دەکات، سیدها یانی کەرامات)، سێیەم: سووکهاسانا (هەمان دانیشتنی چوار مەشقی کوردەواریی خۆمان بە پشتی رێکەوە، یانی دانیشتنی سوک و ئاسان). ئەم سێ ئاسانایە یان هەر ئاسانایەکی دیکەی بەدانیشتنەوە کە کەسەکە بەگوێرەی بارودۆخی جەستەیی خۆی هەڵیدەبژێرێ، دەبێ بە پشتی رێکەوە بکرێن و کەسەکە تێیدا ئارام و خۆش بێت تا بتوانێ هەنگاوەکانی دیکەی یۆگای تێدا ئەزموون بکات و لە رێگەیەوە جگە لە لەشساغی و ئارامی دڵ و دەروون، رەهەندەکانی دیکەی خۆی لە پاژەوە تا گشت تێدا ئەزموون بکات و بناسێت.
لە پاری شەشەمی کتێبی زۆر بەناوبانگی (بهاگاڤات گیتا)دا و لە سوتراکانی 11 و 12 و 13 و 14 دا هاتووە: (بۆ کردنی یۆگا، کەسەکە دەبێ شوێنێکی ئارام دیاری بکات، پاشان باقەیەک گیای نەرم دابنێ و بە پێستی ئاسک یان پارچەیەکی نەرم دایپۆشێ، ئەم باقە گیایە نە زۆر بەرز بێ و نە زۆر نزم بێ، پاشان کەسەکە بە پشتی رێکەوە لەسەری دابنیشێت تا بەرە بەرە لە رێگەی ئارامبوونەوەی زەین و هەستەکانی بە تێڕامانی قووڵ و خاوێنبوونەوەی دڵ بگات).    
سوامی ڤیڤیکاناندا لە کتێبی راجا یۆگادا دەڵێ: (ئاسانا یانی دانیشتن بە جێگیری و هێمنی، کە بە بێ ئەو جۆرە دانیشتنە کەسەکە ناتوانێ راهێنانەکانی دیکەی یۆگا بە باشی بکات. دانیشتن بە جێگیری و هێمنی یانی ئەوەی کەسەکە هەست بە لەشی نەکات، واتە لەشی بە هۆی ژان و سڕبوون و...هتدەوە هۆشی بۆ لای خۆی رانەکیشێت. بەمجۆرە دانیشتنە ئارام و جێگیرە هەستەکان ئارام دەبنەوە و کەسەکە کۆنتڕۆڵی زەینی بەدەستەوە دەگرێت و بەرە بەرە بە ئارامی و ئاگایی دەگات). تا ئێرە بۆمان دەردەکەوێ کە مەبەست لە ئاسانا لە یۆگادا ئەو هەمووە جوڵە جەستەییە جۆراوجۆرە نییە کە لە یۆگای ئەمڕۆدا هەیە، دیارە ئەو راهێنانە جۆراوجۆرانە نەک خراپ نین، بەڵکو لە پەیوەندیی لەگەڵ لەشساغی جەستەیی و زەینییدا زۆر باشن. 
پاشان حەکیم پاتانجالی زۆر بە کورتی لە دوو سوترای 47 و 48 دا دەڵێ: (گەیشتن بە ئاسانا، واتە گەیشتن بە دانیشتنی جێگیر و هێمن بۆ ماوەیەک و بەردەوامبوون لەسەر ئەم حاڵەتە، کەسەکە لە ئازار و دووانێتییەکان رزگار دەکا و ئاگایانە رەهەندی بێ سنوور و رەهای خۆی و گەردوون ئەزموون دەکا). واتە رووناکدەبێتەوە کە بە زمانی سانسکرێتی پێی دەڵێن سامادی و سامادی قۆناغی هەشتەم و کۆتایی یۆگایە و هەموو کەس لەوەوە هاتووە و دەگەڕێتەوە بۆ ئەو.

 

وەک چۆن گوڵی لیخ لە ئاوی لیخن و پڕ لە چڵک و چەپەرەوە بەرزدەبێتەوە و گەڵا و گوڵێکی جوان و بۆنخۆش دەردەکا و بڵاو دەکاتەوە، مرۆڤی رووناکبۆوەش بە هەمان شێوە لە ژیانی پڕ لە چڵک و چەپەری دنیاوە بەرزدەبێتەوە و ئەشق و ئارامی و ئاشتی و ئاگایی بڵاودەکاتەوە

 

ژمارەی ئاستەکانی پەرەسەندن
دەڵێن لە یۆگادا 8400000 ئاسانا هەیە. دانانی ئەم ژمارەیە دوو بابەتی لە پشتە، یەکەم: دەڵێن هەر لە مێرووەکانەوە تا ئاژەڵ و ئادەم و گیا و دارەکان هەشت ملیون و چوارسەد هەزار بوونەوەر هەیە، هەر کامیان بە ئاسانایەک، واتە بە چوونە شکڵ و شێوەیەکی جەستەیی تایبەت بە خۆی، هیلاکی و ناخۆشی لەخۆی دوور خستۆتەوە و لەو رێگەیەوە خۆی لەگەڵ سروشت و گەردوون هاوئاهەنگ کردۆتەوە. دووەم: دەڵێن هەموو مرۆڤێک لە رەوتی جیابوونەوەی لە سەرچاوەوە تا مرۆڤبوون، هەشت ملیون و چوارسەد هەزار جەستە و شکڵی تاقی کردۆتەوە، بەڵام وەک لە یۆگا سوترادا هاتووە، پاتانجالی تەنیا ئاماژە بە یەک ئاسانا دەکات، ئەویش یەکێکە لەو سێ ئاسانایە: پادماسانا، سیدهاسانا، سووکهاسانا. واتە پاتانجالی لەو هەشت ملیۆن و چوارسەد هەزار ئاسانایە یەک دانەی هێشتەوە و گوتی ئەمە بەسە، بەڵام زۆر دوای پاتانجالی یۆگی گەورە سڤاتماراما، کە 500 بۆ 600 ساڵ پێش ئێستا کتێبێکی گرنگی بە ناوی (هاتهایۆگا پرادیپیکا) نووسی و لەو کتێبەدا ئاماژەی بە 84 ئاسانا کرد، بەڵام 15 ئاسانای بە وردی باس کردووە. پاشان لە سەدەی حەڤدەدا (هاتها راتناڤالی) ئاماژەی بە 84 ئاسانای دیکە کرد. ئەم ژمارەیە پەیوەندی بە 84 چاکرای سەرەکیی لەشی مرۆڤ و هەندێ بابەتی ئەستێرەناسییەوە هەیە. ئەو 84 ئاسانایە یان هەڵبژاردنی هەندێکیان بە گوێرەی بارودۆخی جەستەیی و زەینییەوە، ئەگەر کەسەکە هەموو رۆژێ لە کاتێکی دیاریکراودا بیانکات رێژەیەکی باش لە لەشساغی و ئارامی زەینی مسۆگەر دەکات. ئێستا جارێکی دیکە سەدان و هەزاران ئاسانا زیندووکراونەتەوە و رۆژانە خەڵکێکی زۆر لەسەرتاسەری جیهان دەیانکەن.
ناوی هەموو ئاساناکانی یۆگا لەو چوار بوارە وەرگیراون: یەکەم: شاخ و کێو و دار و درخت، دووەم: ئاژەڵەکان، سێیەم: گوروەکان (حەکیم و مامۆستا گەورەکانی یۆگا)، چوارەم: لە پەیکەرەکان. ئاساناکان یەکجار بەسوودن، بە کورتی دەبنە هۆی لەشساغی جەستەیی، کۆبوونەوەی زەین و نەمانی دڵەڕاوکێ، ئارامبوونەوەی دڵ و دەروون، هاوسەنگبوونەوەی رژێنەکان، گەنجبوونەوەی خانەکان، بەهێزبوونی کۆئەندامی هەرس، رێکبوونەوەی خەو، رێکبوونەوەی چاکراکان، خاوێنبوونەوەی جۆگەلەکانی وزە و ...هتد، بەڵام ئامانجی سەرەکیی ئاسانا هیچ یەک لەمانە نییە، راستە ئەمانە بە باشترین شێوە مسۆگەر دەکات، بەجۆرێک کە هیچ بوار و چارەسەر و کەسێک ناتوانێ بەمشێوەیە بۆمان مسۆگەر بکات، بەڵام ئامانجی ئاسانا قووڵترە، ئامانجی ئاسانا ئەوەیە کەسەکە بتوانێ لە شێوەیەکی جەستەیی بێ کێشەدا دابنیشێ تا خۆی بناسێت و رووناک بێتەوە. بۆیە سڤاتماراما لە یەکەم سوترای کتێبەکەیدا دەڵێ: (سەری رێز و نەوازش بۆ یەکەم یۆگی دادەنوێنم کە بەپێدانی (هاتهایۆگا) پەیژەیەکی پێداین بۆ گەیشتن بە راجا یۆگا). واتە بەخۆناسی و رووناکبوونەوە. لێرەدا مەبەست لە هاتهایۆگا هەر ئاساناکان نییە.

شکڵ و شێوەی گوڵی لیخ (پادماسانا)
ئەم ئاسانایە دەکەوێتە ناوەندی بازنەی ئاسانا بێ ئەژمارەکانی یۆگاوە، یانی هەموو ئاساناکانی یۆگا بۆ ئەوەن کەسەکە بەم ئاسانایە بگات، یانی بتوانێ بۆ ماوەیەکی باش بە ئارامی و بێ کێشەی جەستەیی، بە پشتی رێکەوە دابنیشێت، بەڵام بۆچی بەم ئاسانایە دەڵێن پادماسانا؟ پادما بە زمانی کوردی یانی گوڵی لیخ یان لیلووپەڕ، بە ئینگلیزیی دەبێتە لوتوس. لەڕاستیدا ناوە کوردییەکەی تەواو پڕ بە پێستی ئامانجی یۆگایە لە هەڵبژاردنی ئەو گوڵ وەک نیشانەی مرۆڤی رووناکبۆوە. گوڵی لیخ ‌هێمای مرۆڤێکی رووناکبۆوەیە، واتە وەک چۆن گوڵی لیخ لە ئاوی لیخن و پڕ لە چڵک و چەپەرەوە بەرزدەبێتەوە و گەڵا و گوڵێکی جوان و بۆنخۆش دەردەکا و بڵاو دەکاتەوە، مرۆڤی رووناکبۆوەش بە هەمان شێوە لە ژیانی پڕ لە چڵک و چەپەری دنیاییەوە بەرزدەبێتەوە و ئەشق و ئارامی و ئاشتی و ئاگایی بڵاودەکاتەوە، واتە پیسی دەگۆڕێ بۆ جوانی و تاریکی بۆ رووناکی و نەزانی بۆ ئاگایی و... هتد.
دانیشتن لەم ئاسانایەدا، جگە لەوەی دەبێتە هۆی لەشساغی و ئارامی زەینی و خاوێنبوونەوەی دڵ، دوای ئەمانە دەبێتە هۆی وەخەبەرهاتنی (کوندالینی)، کوندالینی پاژێکە لە ئاگایی بەهێزی گەردوونی کە لە کلێنچکەی مرۆڤدایە، بەڵام خەوتووە و دەبێ بە راهێنان و بە ئەندازیارێکی هەنگاو بە هەنگاو وەخەبەر بهێنرێت. وەخەبەرهاتنی کوندالینی و هاتنەسەرەوەی کوندالینی دەبێتە رووناکبوونەوە و سامادی. بۆیە ئەم شێوە دانیشتنە و مانەوە تێیدا شێوازێکی زانستییە بۆ وەخەبەر هێنانی هەنگاو بە هەنگاوی کوندالینی و ناسینی رەهەندە سەرەکییەکانی خۆمان، دانیشتنەکە بەمشێوەیە: پێی راست دێتە سەر رانی چەپ و پێی چەپ دێتە سەر رانی راست، پاشان کەسەکە پشت رێک دەکاتەوە و چاوەکانی دادەخات، ئینجا یان چاوەدێری هەناسە هەڵمژین و هەناسەدانەوەی دەکات یان چاوەدێری جەستەی دەکات نەجووڵێت، بەمشێوەیە سەرەتا جەستە و پاشان زەینی ئارام دەبێتەوە و هەستی پێنجەوانەی خامۆش دەبن و هەستی شەشەمی چالاک دەبێت. دیارە ئەم ئاسانایە ئاسان نییە و پرۆڤەی باشی دەوێ تا بگەیتە ئەو ئاستەی بۆ ماوەیەکی باش و بێ کێشە تێیدا بمێنیتەوە. 

وتارەکانی نوسەر