کورتەیەک لەبارەی یۆگا

11:55 - 2025-02-03
مەحمود شێرزاد
172 خوێندراوەتەوە

بە گوێرەی ئەم بەڵگانەی لەبەردەستن قوتابخانەی یۆگا دەگەڕێتەوە بۆ 6 تا 10 هەزار ساڵ لەمەوبەر، بەڵام دوو سەد ساڵ پێش یان پاش «زایینی مەسیح» حەکیمێک بە ناوی پاتانجالی یۆگای کۆکردۆتەوە و بەسەر هەشت قۆناغدا دابەشی کردووە، کە پێی دەڵێن ئاشتانگا یۆگا. ئاشتانگا یۆگا بریتییە لە: «یاما»، «نیاما»، «ئاسانا»، «پرانایاما»، «پراتیاهارا»، «دهارنا»، «دهایانا»، «سامادی».
 ئاشتانگا یۆگا بەسەر دوو بەشی «هاتا یۆگا» و «راجا یۆگا»دا دابەش دەبێ. هاتا یۆگا لایەنی جەستەیی و رواڵەتی یۆگایە، کە چوار قۆناغی ئاسانا و پرانایاما و پراتیاهارا و دهارنا دەگرێتەوە. راجا یۆگا لایەنی زەینی و رۆحی یۆگایە کە لە چوار قۆناغی یاما و نیاما و دهیانا و سامادی پێک دێ. هەموو تەریقەتەکانی یۆگا لەم هەشت قۆناغە پێکدێن، بەڵام هەر تەریقەتەی بە گوێرەی تایبەتمەندییەکانی خۆی قۆناغەکان پاش و پێش دەکا.
 وشەی یۆگا بە مانای یەکێتی و یەکگرتن و هەروەها بە مانای چاودێری کردنیش دێت. واتە یەکگرتنەوی رۆحی تاک لەگەڵ رۆحی گەردوون و هەروەها چاودێریکردنی جموجوڵەکانی مێشک. یۆگا پێی وایە رۆح دەتوانی لە ماددە رزگاری بێ. یۆگا دەڵێ لە بەرنجامی یەکگرتنی رۆح و ماددەدا نەزانی و ئازار و ناخۆشی لەدایکبوون، واتە لە یەکێتیبوون و خۆشبوونەوە هاتۆتە دەرەوە و بەداوی نەخۆشیی و ناخۆشییەوە بووە. یانی ئەگەر ئێمە پێمان وابێ جەستەمان هەقیقەتە نەک رۆحمان، ببینە کۆیلەی حەزەکانی جەستەمان ئەوە بە داوی کارما و ئازار و بازنەی لەبڕان نەهاتووی دۆنادۆنەوە دەبین.
 یۆگا پەی بەوە بردووە کە رۆح گەشە دەکا و بە گوێرەی ئاستی گەشەکردنی جەستە هەڵدەبژێرێ، واتە لە خۆڵەوە تا گیاوگوڵ و دار و ئاژەڵ و مرۆڤ و سەروو مرۆڤ دەڕوا هەتا تێکەڵ بە پوورووشا (رۆحی گشت) دەبێتەوە. یۆگا دەڵێ رۆحی تاکەکەسی بەشێکە لە رۆحی گەردوونی، مرۆڤ ئەو کاتە بەختەوەر دەبێ و لە نەزانی و ئازار بە تەواوی رزگاری دەبێ کە رۆحی تاکەکەسییەکەی لەگەڵ رۆحی گەردوونیی تێكەڵ بێتەوە، بەمەش دەڵێن نیرڤانا، واتە رووناکبوونەوە. 
یۆگا دەڵێ کاتێ مرۆڤ لە یەکێتی بوون دێتە دەرەوە ناهاوسەنگ دەبێ. ئەم ناهاوسەنگییە هەم تاکەکەسییە و هەم گشتییە. مرۆڤ لەچوار رەهەندی جەستە، زەین، سۆز و عاتیفە و وزە پێکهاتووە. ئەگەر ئێمە هاوسەنگ نەبین بەو مانایەیە ئەم چوار رەهەندەمان پێکەوە هاوئاهەنگ نین و ئاگایان لە یەکتری نیە. کە هاوسەنگ بن هاوئاهەنگ و یەکن. ناهاوسەنگییەکە دەبێتە هۆی نەخۆشیی و ناخۆشی و هاوسەنگییەکە دەبێتە هۆی لەشساغی و خۆشی و لە کۆتایشدا دەبێتە بوارێکی باش بۆ رووناکبوونەوە.  
سیستەمی یۆگا بە جۆرێک داڕێژراوە بە کردار ئاگایی مرۆڤ لە رواڵەتەوە وەگەڕێنێ بۆ ناوەوە، بە جۆرێک وا بکا هەنگاو بە هەنگاو ئاگایی کەسەکە لە رواڵەتی «بمر» رزگار بکا تا لە خودی نەمردا ئۆقرە بگرێ. پاتانجالی لە یۆگا سوتراکاندا دەڵێ: ( یۆگا  ئۆقرە گرتنی ئاگاییە لە ناوەندی خۆیدا). یۆگا دەڵێ زەینی مرۆڤ هەمیشە لەم (5) حاڵەتەدایە، یەکەم: درکی دروست، دووەم: درکی نادروست، سێیەم: وەهم، چوارەم: غەفڵەت، پێنجەم: لە بیرەوەرییەکاندایە. یۆگا دەڵێ و بە کرداریش سەلماندوویەتی کە تا مرۆڤ زەینی لەم پێنج حاڵەتە رزگار نەکا و خامۆشی نەکا، ئاگاییەکەی لە ناوەندی خۆیدا ئۆقرە ناگرێ و رووناک نابێتەوە. دارشانای یۆگا و دارشانای سامکهیا زۆر لێک نزیکن و بۆ پەیڕەوانی هەر دوو لا باشترە ئاگاداریی هەر دووکیان بن.

وتارەکانی نوسەر