بۆچی و لە بەرژەوەندیی کێ هەڵبژاردن نەکرێ؟

09:54 - 2024-04-22
خالید هەرکی
77 خوێندراوەتەوە

لە سەروبەندی هەڵبژاردنێکداین کە دوو ساڵ بەسەر وادەی ئاسایی خۆیدا تێپەڕیوە، ئەمە دەبێتە شەشەمین هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، دیارە هەڵبژاردنەکانی پێشوو بە پشت بەستن بە لێدوانی لایەنە سەرەکی و ئۆپۆزسیۆنەکان بێ، هەڵبژاردنێکی بێگەرد نەبووە، بۆیە دەڵێن با ئەمجارەیان هەڵبژاردنێکی شەفاف بکەین و حکومەتێکمان هەبێ بتوانێ نوێنەرایەتی تەواوی خەڵکی کوردستان بکا و لەگەڵ بەغدا بە جدی بکەوێتە دانوستان بۆ جێبەجێکردنی مادە دەستوورییەکان و بەدەستهێنانی شایستەکانی خەڵکی کوردستان.
   لێ هیچ کاتێک بەقەدەر ئەم جارە هەڵبژاردن نەکەوتۆتە تەرازووی دەکرێ و ناکرێوە، دەپرسین ئەگەر سەرۆکی هەرێم ئەو وادەیەی بە 10-6-2024 دیاریکردبێ، بۆ دەبێ گومان لە کردنی بکەین؟ 
پارتی دیموکراتی کوردستان، رایگەیاندووە کە بەشداری لەو هەڵبژاردنەدا ناکا، ئەمە ئەگەر بە هەر پاساوێک بێت بۆ دەبێ ببێتە ئەگەری گومان خستنەسەر کردنی هەڵبژاردن؟ ئەگەر بمانەوێ لە کاروانی دیموکراسی جیا نەبینەوە و بە دروشم و کردەوە دان بە هەموو بڕگەکانی مافی مرۆڤدا بنێین و خەمی گەورەمان پاراستنی قەوارەی هەرێم و دەستکەوتەکانی شەهیدە قارەمانەکانمان بێ و هەڵبژاردنیش بە پڕۆسەیەکی دیموکراسیی گەلان بزانین، بۆ دەبێ بەشداری نەکردن بە دژی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن بزانین؟ بۆ بیرمان بۆ ئەوە ناچێت، ئەو لایەنە وەکو ئۆپۆزسیۆنێکی بەهێز بمێنێتەوە؟ 

 

بۆ دەبێ بەشداری نەکردن بە دژی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن بزانین؟ بۆ بیرمان بۆ ئەوە ناچێت، ئەو لایەنە وەکو ئۆپۆزسیۆنێکی بەهێز بمێنێتەوە؟ 

 

چی دەبێت ئەگەر لایەنێک یا چەند لایەنێک لە حزبەکان بەشدار نەبن؟  بۆ مەرجە هەموو کەسێک حزبی بێت؟ گەلێک لە وڵاتانی دونیا لەوانە ئەمریکا و میسر بەشداریی هاووڵاتیانیان لە هەڵبژاردن هەندێک جار رێژەکەی گەیشتۆتە 25 % لەگەڵ ئەوەشدا شەرعییەتی خۆی وەردەگرێ، لای هەندێک لایەن ئەوەندە گرنگ نییە کێ و کام حزب دەردەچێت؟ ئەوەی گرنگە یاسا و دەستوور جێبەجێ بکرێ جا هەر لایەنێک بێت، ئەوەتا لەو عیراقەی کە تا ئێستاش بە چاوی گومانەوە سەیری پڕۆسەکانیان دەکەین لایەنێکی سەرەکی کە لە کۆی 325 کورسی 73 کورسی هەبوو، ئینجاش لە پەرلەمان کشایەوە و پڕۆسەکەش بە هێمنی بەرێوەچوو، بۆ نابێ دوای 33 ساڵ لە هەڵگرتنی دروشمی دیموکراسی و یەکسانی و مافی مرۆڤ و قەوارە پارێزراو لەلایەن وڵاتە زلهێزەکانەوە، کلکی کاروانی دیموکراسی بگرین؟ دەبێ دوای ئەو هەموو ماوە دوور و درێژە ئەلف و بێیەکی ئەم پڕۆسەیە فێر نەبووبین؟ 
دەبێ تا ئەو ئاستە بێ خەبەر بین لەوەی لە دەوروبەرمان چی دەگوزەرێ و سەردەمی چی نەماوە و بۆتە چ سەردەمانێک؟
  دەبا دوای ئەو هەموو خاڵە ئەرێنیانە لایەنێکی سەرەکی ببێتە ئۆپۆزسیۆنێکی کارا و چاودێر بەسەر کارەکانی حکومەتەوە، کە سوودەکەی بۆ هاووڵاتییان دەگەڕێتەوە، بەشداری نەکردن کۆتایی دونیا نییە، دوایین هەڵبژاردنیش نابێ، بەڵام پێداگری لە بەشدارینەکردن کە لای جەماوەری کوردستان نەکردنی دەگەیەنێ، مەترسی و دڵەڕاوکێکان ئەوەمان پێدەڵێ کە ئێمە دوای 33 ساڵ نە هیچ لە دیموکراسی فێربووین و نەویستمان لێی فێربین. 
  بۆچی دەبێ (سیستمی کۆتا) بیانوویەکی سەرەکی ئەو بەشدارینەکردنەبێ، ئەگەر برا تورکمان و کریستیانەکان متمانەیان بە خۆیان و برایەتی هەموو نەتەوەکانی ناو هەرێم هەیە بۆ دەبێ ئەو هێڵە لە نێوان خۆیان و برا کوردەکان بکێشن؟  
پێموایە کارکردن بەم سیستمە لەجیاتی پاراستنی مافی کەمینەکان یاریکردنە بە مافەکانیان. 
هیچ کاتێک لەسەر بنەمای رەگەز یا ئایین هیچ هاووڵاتییەکی کوردستان جیا نەکراوەتەوە و لە یاساکانیشدا بە یەک چاو سەیری هەموو رەگەز و توێژێک دەکرێ. 
لە دێرزەمانەوە کورد ستەمی لە هیچ میللەتێک نەکردووە هەر ستەم لە خۆی کراوە و خاکی داگیر و پارچە پارچە کراوە.

وتارەکانی نوسەر