بەرژەوەندی گشتی هەموو ئەو قسە و کردارانە دەگرێتەوە کە مرۆڤێک یان کەسانێک یا گروپێک یاخود دەوڵەتێک لە سوودی بەرژەوەندیی گشتی دەیڵێن یان دەیکەن و بە بەرژەوەندیی گشتی لێکدەرێتەوە، بێگومان ئەوەی پەیوەستە و کاری عەقڵە نەک تەنها بە هەست و سۆز، کە لە کورتمەودا و دوورمەوداشدا سوودی لێ دەکەوێتەوە. بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە کە چۆن بزانین ئەو قسە و کردارە بۆ بەرژەوەندیی گشتییە؟
دیارە ئەوە لەسەر بنەمای بیرکردنەوەی عەقڵانییەوە بڕیاری لەسەر دەدرێت، بەک تەنها بە سۆز و عاتیفە، چونکە ناکرێت سەیری قسە و گوفتارەکان بکەین و لە کردارەکەدا پێچەوانەکەی ببینین و هەر دڵمان بە گوفتارەکە خۆشبێت و لێپێچینەوە لە کردارەکە نەکەین و بەراوردیان نەکەین بەیەکتری، چونکە ئەگەر وامان کرد، ئیتر شوێنێک بۆ وەزیفەی عەقڵ و بیرمەندیی نامێنێتەوە.
دەبێت لە خۆمان بپرسین ئایا ئەو گوفتارە و قسەیە بەراورد بەو رەفتار و کردارە بەرژەوەندیی گشتییی لیدەکەوێتەوە؟ یان بەرژەوەندی تایبەتییە و بە بەرگی بەرژەوەندیی گشتی رووپۆشکراوە؟
بۆ نموونە:
*ئەگەر ئازادیی رادەبرین لەناو گروپێک یان کۆمەڵگەیەکدا هەبێت داخۆ بەرژەوەندیی گشتییە یان بەرژەوەندیی تایبەتی؟
دیارە ئەوە بەرژەوەندی گشتییە، چونکە هەمووان دەتوانن بیروڕا بە ئازادانە دەرببڕن واتە لە بەرژەوەندیی هەمووانە نەک تەنیا کەسانێک.
*ئایا لەبارەی سەروەربوونی یاساوە کە هەمووان ملکەچی یاسا بن، هەر بەرژەوەندیی گشتیی نییە؟ دیارە ئەوەش ئاشکرایە کە ئەگەر هەر کەسێک بیەوێت بتوانێت سکاڵا لەسەر بەشخوراویی خۆی لەدژی باڵاترین کەس و دامەزراوە تۆماربکات و مافی خۆی وەربگرێت و کەسەش بەپێی خاڵ و مادەکانی یاسای بەرکار لەپای ئەو سکاڵایەدا سزای خۆی وەربگرێت ، دیارە ئەوە بەرژەوەندیی گشتییە.
*کاتێک خەڵک لە نموونەیەکی سادەدا کە نۆرە دەگرن لەبەردەم نانەواخانەیەکدا یان هەر شوێنێک لەو شوێنانەی کە پێویستی بە نۆرە گرتنە، ئەوەش دیارە کە بەشێکە لە بەرژەوەندیی گشتی، چونکە لە سوودی هەموانە و مافی کەس ناخورێت، کە دیارە ئەوە سەرەتایەکە کە لەناو خودی کۆمەڵگەوە کەلتوری رێزگرتن کە بەرژەوەندیی گشتی بچەسپێنرێت.
ئیدی لەسەر ئەو بنەمایەش دەتوانین قسە بکەین و داوای پارێزگاریی و بەرگریی لە مافەکانمان لە کایە دەوڵەتییەکاندا بکەن، چونکە ئەوکات دەنگمان دلێرتر دەبێت و چەسپاندنی کەلتورەکە سودی بۆ خۆمان و شوێنەکە و کۆی کۆمەڵگە دەبێت ئەگەر بۆ کورتمەوداش پێی قەڵس بین، ئەوا لە دوور مەودادا دەچێتە خانەی خزمەتکردن بە بەرژەوەندیی گشتییەوە.
باسکردن و قسەکردن لەسەر هەر بابەتێک لە لە خزمەتی بەرژەوەندیی گشتیدا بشکێتەوە باشە، بەڵام قسەکردن بەبێ کردار هیچی لێ سەوزنابێت، لەکاتێکدا کە هاتە سەر بەرژەوەندییە تایبەتییەکان، تاکەکان خۆیان لە تابلۆ فراوانەکە بدزنەوە کە بەرژەوەندیی گشتییە.
قسەیەک لەسەر بەرژەوەندیی تایبەتی
دەتوانین بڵێین بەرژەوەندیی تایبەتی هەموو ئەو قسە و کردارانە دەگرێتەوە کە تاک یان گروپ بۆ بەرژەوەندی تایبەتی کەسی یان چین و توێژی تایبەت قسەی لەسەر دەکەن و هەنگاوی بۆ دەنێن، دیارە ئەم جۆرە لە بەرژەوەندیی هەر ناوەکەی بە خۆیەوەیە کە بەرژەوەندیی کەسێک یان گروپێکی تایبەتە بەڵام لەمەیاندا رەچاوی بەرژەوەندییە گشتییەکان ناکرێت، بگرە زۆرجار بەرژەوەندییە تایبەتییەکان ناکۆک و دژن بە بەرژەوەندیی گشتییەکان تەنانەت ئەگەر عەقڵیش لەپشتییەوە بێت، بەڵام سۆزی تاک و گروپ زاڵدەکرێت بەسەر عەقڵانییەتدا.
ئەگەر ئەو بەرژەوەندییە تایبەتییە لە کورتمەوشدا لە بەرژوەندیی ئەو کەس و گروپانەدا بێت، ئەوا لە دوورمەودا بەزیانی خۆشیان دەشکێتەوە.
جیاکردنەوەی بەرژەوەندییەکان
ئەوەی لەسەر بنەمای بنەمای بیرکردنەوەی عەقڵانی بڕیاری لەسەر دەدرێت ئەوەیە کە بەراوردی قسە و کردارەکان دەکرێت دەبینین زۆرجار ئەوەی وەک بەرژەوەندیی گشتی ئیدیعای بۆ کراوە، لەوسەرەوە دەرژێتە کاسەی بەرژەوەندیی کەس یان گروپێکی تایبەتەوە و لە دوورمەودادا بە زیانی کۆی کۆمەڵگە و بەشێک لە خودی گروپەکەش دەشکێتەوە.
چونکە ئەگەر نموونەیەکی سادە وەربگرین کاتێک کەسێک بە واستە و خزمخزمێنە لە قۆناغێکی خوێندن دەردەچوێنرێت و لەگەڵ کەسانێکی تردا جیاوازییان دەکرێت کە بە رەنجی خۆیان دەردەچن، ئەوا گروپی دووەم ئەگەرچی دەردەچن، بەڵام ستەمیان لێ دەکرێت لە کورتمەودادا و کەسانی گروپی یەکەم سوود لەو ستەمە لێ دەبینن، بەڵام لە دوورمەودادا خۆیان سوودی لێ نابینن و نەوەیەکی ئایندەش تووشی زیان دەبن، چونکە خۆیان هیچ فێرنەبوون، بەڵام گروپی دووەم لە کورتمەودادا زیان دەکەن کە ستەمیان لێکراوە، بەڵام لە دوورمەودادا سوود لەوە دەبینن کە بەباشی و بە رەنجی شانی خۆیان زانست و زانیاری فێربوون.
گەندەڵی لە سۆنگەی بەرژوەندیی تایبەتەوە
گەندەڵی جگە لەوەی زیان لە دارایی گشتی دەدات، مافی ماندوبوونی کەسانی تریش دەخورێت، نەک ماندووبوونی ئەو کەسەی زیاتر لە مافی ماندووبوونی خۆی بردووە یان بەزمانی خەڵکی گشتی «دزیویەتی» بۆ بەرژەوەندیی تایبەتی خۆی.
وەک ئاماژەمان پێدا لە سەرەتاوە سەروەریی یاسا لە بەرژوەندیی کەسانێک نییە کە خۆیان لە سەرووی یاساوە دەبینن، بەڵکو سەروەرنەبوونی یاسا لە بەرژەوەندیی ئەجۆرە کەس و گروپانەیە بۆئەوەی هەرچییەک بکەن و بڵێن کەس لێپێچینەوەیان لەگەڵدا نەکات.
بەداخەوە ئێستا لە کۆمەڵگە خۆرهەڵاتییەکاندا زۆرینە لە خەڵک و دەسەڵاتدارانیش بەشوێن بەرژەوەندیی تایبەتەوەن کە دواجار دەبینین زۆرینەش زیانی بەردەکەوێت و هاوکات کۆمەڵگە خۆرئاواییەکان زۆرینەی بە شوێن بەرژەوەندیی گشتییەوەن، بۆیە دەبینین زۆرینەش لە دوورمەودا و کورتمەودادا سوودی لێ دەبینن.
بۆیە پێویستە لە ئەنجامی بەراوردکاریی و پرسیارکردن و سۆراغکردنەوە بڕیار لەسەر رەفتار و گوفتارەکان بدەین تا بزانین ئاخۆ لەبەرژەوەندیی گشتییە یان تایبەتی؟