ئەوانەی سەرکردەی سیاسین یان سەرۆکاریی هەر کار و کایەیەکی دیکە دەکەن هەمیشە لە ململانێدان لەو کایەیەی خۆیاندا لە بەرامبەر رکابەرەکانیداندا، بۆ ئەو ململانێیەش چەند پلان، ئامراز و تەکتیکی جیاوازیان هەیە بۆئەوەی هەر یەکەیان لە کاتی پێویستدا بەكار بهێنن، بەڵام دەبێت ئەو سەرکردانە بە شێوەیەک پلانەكانیان بخەنەڕوو کە نهێنیەكانی زۆر بە زەقی ئاشکرا نەبن، چونکە بە ئاشکرابوونی کارتەکانی دەستی، لایەنە رکابەرەکانیشی ناوەستن و پێ بەپێی ئەوە بەرنامە و پلانی خۆیان دادەڕێژن، بۆیە ئەوانەی دەستەکەیان ئاشکرا دەبێت، هەرزوو دەکەونە ژێر گوشاری بەرامبەرەکانیانەوە و بگرە گوشاری دەروونیی خۆشیانەوە و دوور نییە هەر لە سەرەتاوە یان لە ناوەڕاستی رێگەدا گەمەکە بدۆڕێنن یان هەر بەتەواوەتی شكست بهێنن.
سیاسەت هونەری مومکین
دیارە لێرەدا زیاتر قسەمان لەسەر سیاسەتە کە هەر خۆی بۆخۆی هونەری بەدیهێنانی ئەوەیە کە مومکینە و بەتەنها یان رەش یان سپی نییە، بۆیە هەر لایەنێک بەرنامەیەک بە ئامانجی رکابەریی و ململانێی سیاسی دابنێت، پێویستی بەوەیە کە بە کۆمەڵێک پلان و ئامرازەوە گەمەکە دەستپێبکات و هەندێک جاریش پێویستە لەنێو گەمەکانیدا ژمارەیەکی زۆر کارتی هەبێت، بەو مانایەی لە نێو تیمەکەیدا تیمی دیکەی هەبێت، واتە کۆمەڵێک تیم لە نێو یەک تیمدا گرێ بداتەوە و هەر لەسەر ئەو بنەمایەش کۆمەڵێک پلانی تاکتیکی لە خزمەتی پلانێکی ستراتیژیدا جێ بکاتەوە.
زۆرێک لە چاودێران و شرۆڤەکارانی سیاسی لە عیراق و ناوچەکە و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش پێیانوایە کە سەید موقتەدا سەدر کەسێکە بە باشی سایکۆلۆژیای لایەنگران و شوێنکەوتووانی خۆی خوێندۆتەوە و دەشزانێت چ کاتێک چی دەڵێت و چ کاتێکیش چی دەکات، خۆی ئەوە گرنگە، لەوەش گرنگتر یاریکردن و سەرکەوتنە بەسەر لایەنی بەرامبەردا، بەڵام گرنگتر لەوانەش ئەوەیە بتوانێت رکابەر و نەیارەکانی خۆی بخوێنێتەوە و پلانە تەکتیکیی و ستراتیژییەکانیان لێک جودا بکاتەوە، خۆ ئەگەر ئەوە نەکات، ئەوا لێرەدا پلانەكانی ئاشكرا دەبن و ناتوانێت نەیار و رکابەرەکانی هەڵبسەنگێنێت و پلانەکانی (ئەی و بی و... هتد) یان بزانێت، لە كاتێكدا ئەوان جگە لەوەی بەهەمان شێوە بنکەی جەماوەریی فراوانیان هەیە و دارایی و دەسەڵات و هێزی چەکداری نزیک لە خۆیان هەیە، بەشێک لە وڵاتە ئیقلیمییەکانیش دۆستیانن و خاوەنی بەرژەوەندیین لە عیراقدا و لە دانانی پلاندا هاوکارییان دەکەن.
خوێندنەوەی لایەنی بەرامبەر
هیچ کاتێک هێندەی ئێستا ئامراز و پلانەکانی سەدر ئاشکرا نەبوون، ئەوە جگە لەوەی رەوتی سەدر هێزێکە نەیتوانیوە وەک هێزەکانی بەرامبەری بەباشی بخوێنێتەوە، خوێندنەوەش بەو مانایەی کە چی ئەوان تەسلیم دەکات یان رایان دەوەستێنێت و لە جووڵەیان دەخات؟
هەروەها رەوتی سەدر هێزێکە وەکو هێزەکانی بەرامبەری، هێزی پشتیوانی دەرەکی لە پشتەوە نییە و سیاسەتە راگەیەندراوەکانی لای زۆرێک لەو وڵاتانەی بەرژەوەندییان لە عیراقدا هەیە خوازراو نییە و تەنیا کارتی بەهێزیان دەنگ و کورسییەکانی پەرلەمانیانە کە ئەوەش بۆ وڵاتێکی فرە پێکهاتە و تایفەی عیراق بەس نین، هەر ئەوەشە وایکردووە کە سەرەڕای ئەو سەنگە پەرلەمانی و جەماوەرییەش لەسەر ئاستی کایەی سیاسی ناوخۆیی و ئیقلیمی و نێودەوڵەتی بەهێز نین و پلان و بەرنامە و تەکتیکەکانیان شکستی خواردووە، چونکە لەجیاتی ئەوەی بەرامبەرەکانی ناچاری خۆ بەدەستەوەدان بکات، بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ ئەو رەوتە خۆی رادەستی ئەمری واقیعەکە بوو.
خۆپیشاندانی ملیۆنی سەدرییەکان لە بەغدا