خۆمانە و خێزانیی

تکایە، هەموو بە سەلامەتی بیانگەیەنن

09:59 - 2024-05-26
رۆزا دڵشاد مەریوانی
201 خوێندراوەتەوە

 چەندمان کاتێک بە هۆکارێکی گواستنەوەی گشتی چوین بۆ شوێنێک تا گەیشتووینەتە ئەو شوێنە لەبەر تیژڕەویی شۆفێرەکە بەتەمای خۆمان نەبووین، بەڵام ئەگەر ئەمە لە هۆکارێکی گواستنەوەی خوێندکاراندا رووبدات، دەبێتە هۆی مەترسیی بۆ سەر ژیانیان، وەک ئەو رووداوە دڵتەزێنەی لەم دواییانە لە گەرمیان لە پاسێکی گواستنەوەی خوێندکارانی کچاندا روویدا، بەداخەوە ئەگەر رێوشوێنی پێویست نەگیرێتەبەر لە داهاتوودا دووبارە دەبێتەوە.

وەک پیشەیەکی  پیرۆز تەماشا بکرێت، دایکان و باوکان جگەرگۆشەکانیان رادەستی کەسێک بکەن بە سەلامەتی بیانگەیەنێتە خوێندنگە و بیانهێنێتەوە

لە ئەوروپا هەموو کەسێک ناتوانێت ببێت بە شۆفێری گواستنەوەی گشتی بەتایبەتی پاسی خوێندنگە، کۆمەڵێک پشکنین هەیە بۆ شۆفێران دەکرێت، لە هەموویان گرنگتر سەلامەتیی دەروونی و عەقڵیی شۆفێرەکەیە، لەگەڵ نەبوونی هەندێ نەخۆشیی کە کاریگەری هەبێت لەسەر سەلامەتیی شۆفێریکردنەکە، هاوکات هەندێ پێوەری دیکە هەیە، بەڕای من کاتی ئەوە هاتووە لایەنی پەیوەندیدار بیر لەوە بکاتەوە لەم وڵاتەدا پەیڕەو بکرێت، دەبینین لە وڵاتانی وەک ئەمریکا و کەنەدا و ئەڵمانیا و بەریتانیا..هتد پاسی خوێندنگە جیاوازە لە پاسی دیکە و کۆمەڵێک مەرجی سەلامەتییان تێدایە، بۆ نموونە رەنگیان جیاوازە و لە هەموو شوێنێک دەناسرێتەوە ئەوە پاسی خوێندنگەیە، هەروەها کامێرای چاودێرییان تێدایە وێنەو دەنگ تۆمار دەکەن، بۆئەوەی لەکاتی روودانی هەر کارەساتێکدا سەرپێچیکار سزا بدرێت، لەگەڵ هەندێ مەرجی پەیوەست بە سەلامەتی خوێندکاری منداڵەوە وەک بەرزیی پلیکانەکانی پاسەکە، بوونی دەسک بۆ دەستگرتن، ئەرزی پاسەکە خلیسک نەبێت ..هتد.
وەک دایکێک کە منداڵەکانم خوێندنگەیان دوورە لە ماڵەکەمانەوە هەمیشە کێشەم لەگەڵ هۆکاری گواستنەوەی منداڵەکانمدا هەبووە، ئەوەی خوێندنگە دابینی دەکات، چونکە کاتێک دەپرسیت ئەو پاسانە چۆن دابین دەکرێن؟ بەوە وەڵامدەدرێیتەوە کە کۆمپانیا دابینی دەکات، بەڵام چۆن و بە چ پێوەرێک ئەو شۆفێرانە هەڵدەبژێردرێن کەس نازانێت، هەروەها ئایا تا دوا منداڵ دادەبەزێت کەسێکی گەورە هەیە چاودێرییان بکات؟ بێگومان زۆربەی نەخێرە، بۆیە ئەگەر منداڵەکەم دوا کەس بێت لەپاسەکە دەمێنێتەوە لە دڵەڕاوکێدا دەبم لەوەی تووشی رووداوێکی نەخوازراو نەبێت، کەواتە واباشترە پێش ئەوەی رووداوی دیکەی دڵتەزێن رووبدات، بیرێک لە گۆڕینی سیستەمی هاتوچۆپێکردنی خوێندکاران بکرێتەوە، هەموو کەسێک نەتوانێت ئەو کارە بکات و وەک پیشەیەکی پیرۆز تەماشا بکرێت، دایکان و باوکان جگەرگۆشەکانیان رادەستی کەسێک بکەن بە سەلامەتی بیانگەیەنێتە خوێندنگە و بیانهێنێتەوە.

وتارەکانی نوسەر