خوێندکار و چەپڵەلێدان

09:38 - 2024-05-27
سمکۆ چنارەیی
98 خوێندراوەتەوە

چەپڵەلێدان لەناو زۆربەی گەلانی جیهاندا بوونی هەیە و لە زۆر بۆنەو کاتی جیادا پەیڕەو دەکرێت لەوانەش ساتی وتاری سوێندخواردن و دەستبەکاربوونی ئەو سەرۆکانەی هەڵدەبژێرێن، یاخود ئەو رۆژانەی کاندیدەکان لە کۆڕە جەماوەرییەکاندا لێدوان و بانگەشەی لیست و گروپی خۆیان دەکەن. لەلایەکی ترەوەو لە فێستیڤاڵە وەرزشی و یارییە جیهانییەکانیش هاندەر و بینەری ئەو چالاکییانە بە هونەری چەپڵەلێدان هانی یانە و یاریزانەکان دەدەن، ئەو هاندانەش جۆش و خرۆش بە بەشداربووان دەدات و لە سەرکەوتن نزیکیان دەخاتەوە. لە بواری هونەر و کۆنسێرتەکانیشدا خەڵکی بەگروپ و ئاوازی پڕ لە هونەری بەچەپڵە پشتگیری هونەرمەند و گۆرانیبێژەکان دەکەن. 

 

چەپڵە لێدان پێویستە لە کاتی زۆر گرنگ و کردنی کارێکدا بەکاربێت کە کەسی تر توانای نەبووبێت و نەیزانیبێت

 

جگە لەو نموونانە، لەبواری پەروەردە و فێرکردنیشدا چەپڵە رۆڵێکی دیاری هەیە و کەم مامۆستا هەیە رۆژێک لە رۆژان بەمەبەستی هاندانی خوێندکاران پەیڕەوی نەکردبێت، تەنانەت سەردەمانێک چەپڵەی نینۆک وەک سزا بۆ ئەوانە بەکاردەهات کە ئەرکیان جێبەجێ نەکردایە. بە هەرحاڵ چەپڵە لێدان پێویستە لە کاتی زۆر گرنگ و کردنی کارێکدا بەکاربێت کە کەسی تر توانای نەبووبێت و نەیزانیبێت، ئەگینا بە بەردەوامی و بە مەبەستی هاندانی خوێندکار رۆژانە و لە هەموو وانەیەکدا بەکاربێت، ئەوا وەک پێویست بەهای نابێت و لەوانەشە لەجیاتی هاندان، ببێتە هۆی کەلتوورێک کە بەچاک و خراپ چەپڵە بەکاربهێنێت و لە پاشەڕۆژیشدا بەردەوام مافی بخورێت، دیارە زۆربەمان لە کۆڕ و کۆبوونەوە و یادەکاندا زۆر چەپڵەی سەیر و نەشیاو دەبینین و هەرئەو چەپڵانەشە لە خۆبایی بوون و دیکتاتۆریەت دروست دەکات.

وتارەکانی نوسەر