ساڵی 2008، ئەم خەونەم هەبوو بۆ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ئێستا بۆ یەکەمجار و بێ دەستکاریی، بڵاوی دەکەمەوە.
(هێشتا یەکەم هەنگاوە)
راوەستن هێشتا ماومانە،
کوردستان هەردوو چاومانە
49 ساڵە تەمەنى سەرەتاى خەبات
ئەوەى تێپەڕى بەتەنیا یەکەم قۆناغى ئێمە بوو،
بەرەو ئازادیى نیشتمان، رێگەى نەجات
ئێمە تازە کەوتووینە خۆ، تازە قۆڵمان هەڵئەماڵین
تازە دڵى شۆڕش گەرمە، هێشتا تازە 49 ساڵین
ئەوەى کردمان یەکەم هەنگاوى زاڵ بوونە،
لەکاروانى تێکۆشاندا،
رێی خەباتمان سەختە و روونە
راوەستن هێشتا ماومانە،
کوردستان هەردوو چاومانە.
ئەى نیشتمان، ئەى قیبلەى ئێستا و داهاتووم؛
49 ساڵە لەدەورى سەرت ئەگەڕێم،
کەچى ئەڵێى تازە هاتووم.
تازە یەکەم هەناسەى پشوودان هەڵئەکێشم
یەکەم حەوانەوە ئەدەم، بەئازار و دەرد و ئێشم
تازە توێشووى سەفەرێکى نوێ ئەبەستم
تازە بەڕوونیى ئەیبینم ڕێى مەبەستم
راوەستن هێشتا ماومانە،
کوردستان هەردوو چاومانە.
تا خانەقین بە ئاوەکەى ئەڵوەنەوە،
بە باوە مەحمو و سەوزایى و چەمەنەوە،
بە نەوتى نەفت خانەوە،
نەبەینەوە ناو باوەشى شێروانەوە،
هێشتا خەبات سەرەتایە،
رێگەى دوورمان لەپێشایە
راوەستن هێشتا ماومانە،
کوردستان هەردوو چاومانە
هەتا موسڵ بە حەدبا و بە منارەوە
بەدیجلەى دڵى شارەوە
لەگەڵ دهۆک دەس لەملانى شادى نەبن،
هەتا ئێزیدییان نەخەلسن،
شەبەک لەشادى نەڕەقسن
خەبات هێشتا سەرەتایە،
قوربانیمان دوایى نایە
راوەستن هێشتا ماومانە،
کوردستان هەردوو چاومانە.
هەتا ئەرەبخاى مێژوومان،
کەرکوکەکەى ئابڕوومان
بابە گوڕگوڕى دەروونى،
قەڵاى ناسنامەى کوردبوونى
نەچنەوە بۆ لاى شارەزوور،
وەک پایتەخت و وەکو سنوور
رێی تێکۆشان سەخت و دوورە،
چوار دەورمان کڵپەى تەنوورە
لەم رێیە هەرگیز لانادەین،
ئێمەین بۆ مردن ئامادەین
راوەستن هێشتا ماومانە،
کوردستان هەردوو چاومانە.
هەتا بستێ خاکمان مابێت،
لەژێر دەستى دوژمنا بێت،
تا جووتیارێکى کورد دیل بێت،
هەتا شواێکمان زەلیل بێت
هەتا کێڵگەیەکمان دێم بێت،
تا گوندێک لەودیو هەرێم بێت
تا مناڵێک خەونى ئازادى ببینێ،
هەتا دایکێک بۆ رۆڵەکەی رەشپۆش بێت و
بۆى بگێڕێ گەرمە شینێ
ئاخر هەتا پیرەمەگروون،
دەستى گارە نەخاتە ناو دەستى حەمرین،
ناتوانین بڵێین سەربەستین
شۆڕش هێشتا سەرەتایە،
قوربانییدان دوایى نایە
راوەستن هێشتا ماومانە،
کوردستان هەردوو چاومانە
هێشتا تازە 49 ساڵە،
پارچە پارچەشە ئەم ماڵە
نیشتمان قوربانیی ئەوێت،
هەتا سەربەستیى دەستکەوێت
تا ئەو رۆژەى مژدەى ئازادیى ئەهێنین،
مافى ئەم گەلە ئەسێنین
49 ساڵ نا، هەزاریش بێت،
ماندوو نابین و کۆڵ نادەین
ئاسۆی ڕوونمان تێکۆشانە،
هەر کوردستان یا نەمانە
تا خۆری ئازادیی هەڵدێت،
خامۆش نابێت ئەم سروودى مەشخەڵانە
بێدەنگ نابێت ئەم بانگەوازەى ئازادیى،
پشوو نادات، ئەم
یەکێتیى نیشتمانیى کوردستانە.