پەشیمانی؟

وەڵامێکی نەرم بۆ ئەبوبەکر هەڵەدنی و ئەوانی تر

10:49 - 2024-02-29
باست حەمەغەریب
297 خوێندراوەتەوە

باست حەمەغەریب


بەداخەوە کەسانێک، یا لە دڵسۆزییەوە، یا بە بێئاگایی، هەندێکیش بۆ سووکایەتی و هەشن بۆ پارسەنگی هیچ لەبارانەبوون و بێ مێژوویی خۆیان، لە جیاتی پێشمەرگە دێرینەکان، بەتایبەتی ئەوانەی پێشمەرگەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بوون، باسی پەشیمانیی پێشمەرگە دەکەن لە خەبات و قوربانیدان!
بێئاگا لەوەی: هەرکەس پێشمەرگە بووە، یا رێکخستن، بە ویستی خۆی شانی داوەتە بەر ئەو خەباتە و ئەرک و مافی نیشتمانیی خۆی جێبەجێ کردووە.
دەی ئەو ئەرکە، نە مایەی منەتە بەسەر خەڵکی کوردستانەوە، نە هی دەسکەوت و دەوڵەمەندبوونە، و نە مایەی شەرم و پەشیمانییە.
راستە (ئامانج)ەکانی خەبات و ماندووبوونی من و هەزارانی وەکو من، لەگەڵ (ئەنجام)ەکانی شۆڕش و قوربانیدانی میللەتەکەمان زۆر جیاوازن.
راستە ئەوەی ئەو هەزاران گەشمەرگ و بریندار و کەمئەندام و پێشمەرگە و زیندانیی و ماڵکاول و رێکخستن و خەباتکارانە، قوربانییان بۆ دا، ئەمە نییە کە ئێستا لە کوردستان دەگوزەرێت، بەڵام بە ویژدانەوە دەتوانم بڵێم؛ دەگمەنن ئەوانەی کە لەوەی بە دڵسۆزیی کردوویانە پەشیمان بن.
زۆریشن ئەوانەی قسە دەکەن و رابردوو دەشێوێنن و هەوڵی ناشیرینکردنی دەدەن، چونکە خۆیان رابردووەکەیان جوان نییە و گەرەکیانە بە شێواندنی مێژووی سەربەرزانەی ئەو هەزارانەی تر، میکیاژی رووی خۆیان بکەن.
ئەمە رای دوێنێ و ئێستای منە و دڵنیاشم هەزاران پێشمەرگە و کادر و ماندووی خەبات و شۆڕش، بە قسەی دڵی خۆیانی دەزانن.
بێگومان ئەم وتانە بەرگریی نییە لە هەر ناشیرینی و تاوان و هەڵە و پەڵە و گەندەڵیی و دزییەک، کە بەناوی شۆڕش و لە سایەی شۆڕش و راپەڕین و حوکمداریی کوردیدا کراوە و دەکرێت.
لەوانەیە زۆر کەس بێئاگابن لەوەی، کە هەموو یان زۆربەی ئەو پێشمەرگە دێرینانە، لەکاتی سەرهەڵدانی داعشدا و دروستبوونی مەترسیی لەسەر کوردستان، بە چەک و فیشەکی خۆیانەوە روویانکردە سەنگەرەکان و دەیانیشیان گیانیان بەخشی!
من تەنیا بەرگریی لەو مرۆڤە جوانانە دەکەم کە بە کوردی و بۆ کوردایەتیی ماندوو بوون و ئارەقە و خوێن و گیانیان بەخشی و ئێستاش لە تەمەنی ماندووییدا سەربەرزانە و گیرفان بەتاڵ وەک خەڵکی ئاسایی دەژین.
وێنەکە ساڵی 1987 ٥ لە شاناخسێ، دەستەیەک پێشمەرگەی تەمەن 18 تا بیستەکان، تیپی 37 ی شارباژێڕن. یەکەمی لای چەپ گەشمەرگ کاکە حەمەی حاجی سەعیدی چوارتاییە و یەکەمی 
لای راستیش منم.

پۆلێک پێشمەرگەی تیپی 37ی شارباژێڕ

وتارەکانی نوسەر