هەوێن

نەتەوە چۆن وا دروست دەکرێت؟

10:08 - 2024-06-12
نەرمین عوسمان
350 خوێندراوەتەوە

نایف خەڵەف سیدۆ، پەرلەمانتاری ئێزدی لە پشکی نەینەوا، پاڵپشت بە نووسراوێک کە ئیمزای 182 پەرلەمانتاری عیراقی هاوپێچکراوە، داوایکردووە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق پرۆژەیاسای نەتەوەی ئێزدی بخاتە بەرنامەی کار و دواتریش هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت بەمەبەستی پەسندکردنی، بە ئامانجی ئەوەی ئێزدییەکان وەکو نەتەوەیەکی سەربەخۆ بناسرێن.
روونە کە ئەوە هەوڵێکی سیاسیی دەست لەپشت دراوە و سەرەتای دروستبوونی مەترسیی دیکەیە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی کورد و جارێکی دیکە دابەشکردنەوەی خاکەکەیەتی، بەڵام بەشێوەیەکی جیاوازتر.
ئێزدی کوردی رەسەنن، بەڵکو لە کۆنیشدا کورد خاوەن ئایینێکی رەسەنی وەکو ئایینی ئێزدی بووە و دواتر بەپێی کات و گوشاری زۆری ئایینی، بەشێکی کورد گۆڕانکاریی بەسەردا هێنراوە، بەڵکو ئەوە نەبۆتە هۆکاری ئەوەی ئەو بەشەی دیکەی ئێزدییەکان بانگەشەی ئەوە بکەن کورد نین و نەتەوەیەکی دیکەن.
نەتەوە بنەما و هاوبەشێتیی زۆری هەیە، مێژووکردە و کۆکراوەی تاکە هاوبەشەکانن لەسەر رووبەرە خاکێکی دیاریکراو، زەبری زەمانە و داگیرکاریی و ستەمی زۆر دەبێتە هۆی بڵاوەپێکردن و کۆچکردن بە بەشێکی زۆر لە نەتەوەیەک، بەڵام هەرگیز نابێتە هۆکاری کۆتاییپێهاتنی یان نەمانی، هۆکارەکەی ئەوەیە کە نەتەوە هاوبەشێتییەکەیان هێندە زۆر و بەهێزە ئاسان ریشاڵەکانی ناپچڕێت.

 

ئێزیدییەکان ئەویان نەکردۆتە نوێنەری خۆیان بۆ ئەوەی بیانکاتە نەتەوەیەکی جیاواز

 

بڕیارەکان چەند قورس و کاریگەر بن، نەتەوە لەناو نابەن، دەیپسێنن و ئازاری رۆحی و ویژدانی و جەستەیی دەدەن، بەڵام ناگاتە دوا پلەی چێژی ستەمکاریی کەوا لەناوبردنی نەتەوەیەکە، ئێستا هاوکێشەکە روونە بەم شێوەیە: مادام بڕیارە قورسەکان نەتەوە لەناو نابەن، کەواتە نەتەوەش بە بڕیار دروست ناکرێت.
لێرەدا سێ خاڵ دەخەمەڕوو:
یەکەم: 182 پەرلەمانتاری عیراقی ئیمزایان بۆ دروستکردنی نەتەوەیەکی نوێ لە عیراق کردووە، ئەوە نیشانەی لاوازیی گەشەی سیاسی و بێ سەروبەرەیی یاسایی و رشتنی کینەیە، بۆ ئەوەی کورد پەرتەوازە و کوردستانیش لاوازبکەن.
دووەم: ئەو داوایە پیلانی لەپشتەوەیە، خودی نایف خەڵەف سیدۆی پەرلەمانتار ناتوانێت بانگەشەی ئەوە بکات کە زۆرینەی ئێزدی لەگەڵ داواکەیدان، لایەنی دیکەش ئەوەیە ئێزدییەکان ئەویان نەکردۆتە نوێنەری خۆیان بۆ ئەوەی بیانکاتە نەتەوەیەکی جیاواز، چونکە ئەوە ئیشی پەرلەمان و پەرلەمانتار نییە دەست بۆ کاری مەترسیداری لەو شێوەیە ببات.
سێیەم: مامەڵەی سەرکردایەتیی سیاسیی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئێزدییەکان دەبێت زۆر وریایانە بێت ئەویش لە دوو رووەوە:
یەکەم: لەسەر ئاستی ماف، دەستوور، بەشدارییان، گرنگیی تەواوەتی بدرێت بە ئیزدییەکان بۆ ئەوەی دەرفەت نەدرێ ئەو بابەتە بوروژێنرێتەوە.
دووەم: بەتوندی دژی هەر هەوڵێک بووەستنەوە کە شەرعیەت بدات بە دابەشکردنەوەی کورد و کوردستان.

وتارەکانی نوسەر