کێشە ژینگەییەکان: بەو کێشانە دەوترێت کە پەیوەستن بە پێکهاتەکانی ژینگەی هەسارەی گۆی زەوی، وەک: هەوا، ئاو، خاک... هتد، کە لە ئەنجامی دەستتێوەردانی مرۆڤ، یاخود خراپ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو پێکهاتانە و زیادبوونی مادە نەخوازراوەکان، گۆڕانکاری لە چەندایەتی و چۆنایەتی کوالێتیی پێکهاتەکاندا روو دەدات و کاریگەریی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی لەسەر زەوی و پێکهاتەکان دەبێت.
کێشەکانی ژینگە زۆرن، بەڵام مەترسیدارترینیان: بارانی ترش، پیسبوونی هەوا، ترشبوونی ئاوی دەریا و زەریاکان، گەرمبوونی گۆی زەوی، زیادبوونی دەرهاویشتە مەترسیدارەکان بەهۆی خراپ هەڵسوکەوتکردن لەگەڵ پاشماوەکان، تەنکبوونی چینی ئۆزۆن، تەمە دووکەڵییەکان، پیسوونی ئاو، لەدەستدانی دارستانەکان، بەبیابانبوون، کەمبوونەوەی رێژەی ئاو...هتد ئەمانە لە کێشە گەورە و مەترسیدارەکانی جیهانن، لە ئێستادا پەیوەندی و کاریگەریی لەسەر هەموو تاکێک هەیە، هەروەها کاریگەریی نەرێنی لەسەر ئاژەڵ و رووەک و زیندەوەرەکان بەگشتی هەیە.
لێرەدا باسی هەندێک لەو کێشانە دەکەین:
*ترشبوونی زەریا و دەریاکان: زەریا و دەریاکان رۆڵێکی گرنگ دەگێڕن لە باڵانسکردنی هەوای سەر زەوی و بەشێکی زۆر لە ئۆکسجین دابین دەکەن. هەروەها زیاتر لە سێ ملیار کەس بۆ بژێوی، پشت بە سامانی زەریا و دەریاکان دەبەستن، بەڵام چالاکییە نادروستەکانی مرۆڤ وای کردووە گۆڕانکاری لە پێکهاتەی زەریاکاندا روو بدات، بۆ نموونە: ترشبوونی زەریاکان. ئاوی زەریاکان دووەم ئۆکسیدی کاربۆن لە هەوادا دەمژن و ترشی کاربۆنیک دروست دەکەن و دەبێتە هۆی دابەزینی (PH) کاتێک رێژەی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن زۆر بێت، ئەوا زیاتر لەناو ئاودا دەتوێتەوە و ترشبوونی زەریاکان دروست دەکات. ئێستا لە هەوادا (CO2) بە رێژەی لە سەدا پەنجا زیاترە بەراورد بە پێش شۆڕشی پیشەسازی، ئەم پرۆسەیەش دەبێتە هۆی نەمانی کۆراڵەکان (مەرجان)، بەمەش زنجیرە خۆراکییەکان تێک دەچن و زیندەوەرە ئاوییەکان کەم دەبنەوە و هەندێکیان لەناودەچن.
*بارانی ترش: نیشتنی هەر جۆرە توخمێک کە مادەی ترشی تێدا بێت بۆ سەر زەوی، وەک: ترشی کبریت، نایتریک...هتد کە لە بەرگەهەوادا هەن و بە شێوەی تەڕ، یاخود وشک دەکەونە سەر زەوی، بە بارانی ترش یاخود نیشتنی ترش ناودەبرێن. ئەم پرۆسەیە لە رێگەی: باران، بەفر، تەم، خۆڵبارین، تەپوتۆزەوە روو دەدات و کاریگەریی نەرێنی لەسەر رووەک و ژیانی ئاویی دەبێت.
*تەنکبوونی چینی ئۆزۆن: چینی ئۆزۆن، قەڵغانێکی ناسکی گازێکی رەنگ شینی سەوزباوە، ژەهراوییە و لە سێ ئەتۆمی ئۆکسجین (O3) پێکهاتووە کە زەوی لە بەشە زیانبەخشەکەی تیشکی خۆر دەپارێزێت، بەتایبەتییش تیشکی سەروو وەنەوشەیی و یارمەتیدەرە بۆ بەردەوامبوونی ژیان لەسەر هەسارەی زەوی.
چالاکییەکانی مرۆڤ بەگشتی، دەردانی گازە زیانبەخشەکان زیاد دەکەن، کە کلۆرۆفلورکاربۆن باوترین مادەی کیماوییە، چینی ئۆزۆن تەنک دەکاتەوە
کەمبوونەوە و تەنکبوونی چینی ئۆزۆن لە بەرگەهەوادا، لە ئەنجامی کارلێکی مۆلیکولەکانی ئۆزۆن لەگەڵ ئەتۆمەکانی توخمی کلۆر و برۆم روو دەدات. ئەم گازانەش بەهۆی زیادبوونی چالاکییە پیشەسازییەکان، چالاکییەکانی مرۆڤ بەگشتی، مادەکانی پاککردنەوە و ساردکردنەوە و دەردانی گازە زیانبەخشەکانەوە زیاد دەکەن. کلۆرۆفلورکاربۆن باوترین مادەی کیماوییە کە چینی ئۆزۆن تەنک دەکاتەوە.
*پیسبوونی هەوا: پیسبوونی هەوا، مەترسیدارترین جۆری پیسبوونە و زیانی زۆرە، چونکە بڵاوبوونەوەی مادە و گازە زیانبەخشەکان لە رێگەی هەواوە ئاسانە و هەوا دەتوانێت ئەو مادانە هەڵبگرێت و بەئاسانی لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر بیانگوێزێتەوە. ئەو مادانە زۆربەیان دەرهاویشتەی کارگەکان، ئامرازەکانی گواستنەوە، ئەو تۆزانەی لە ئەنجامی بیناسازی و پرد و رێگەوبان و سووتاندنی خاشاکەوە بەرز دەبنەوە، ئەمە جگە لە دەرهاویشتەکانی وێستگەکانی نەوت و پاڵاوگەکان.
*پیسبوونی ئاو: بەزۆری لە ئەنجامی هەڵسوکەوتی هەڵەی مرۆڤەکانەوە پەیدا دەبێت، زۆرێک لە کارگەکان و شوێنە پیشەسازییەکان پاشماوە و پاشەڕۆیان بەبێ چارەسەر فڕێ دەدەنە ناو ئاوەکانەوە، یاخود ئاو و پاشەڕۆی زێرابەکان بەبێ چارەکردن دەچنە ناو رووبارەکانەوە، ئەمانە و زۆر هەڵەی تر وا دەکەن کوالێتیی ئاو تێکبچێت و کاریگەریی نەرێنی لەسەر بوونەوەرە ئاوییەکان و مرۆڤ و خاک دروست دەکات. هەندێکجاریش پیسبوونی ئاو سروشتییە، ئەویش بەهۆی هەڵمبوونەوە رێژەی خوێ تێیدا بەرز دەبێتەوە.
*پیسبوونی خاک: ئەم جۆرە پیسبوونەش، بەرەنجامی هەڵسوکەوتە خراپەکانی مرۆڤە لە فڕێدانی پاشماوەدا. فڕێدانی خاشاک و پاشماوەی چالاکییە جۆراوجۆرەکانی مرۆڤ، خاک لاواز دەکات و کاریگەریی لەسەر کەمکردنەوەی بەپیتیی خاک دەبێت و ئەنجامی بەرەو بیابانبوونە.
*لەناوچوونی دارستانەکان: یەکێکە لە هۆکارەکانی گۆڕانکاریی کەشوهەوا کە چەندین شێوازی هەیە: سووتاندنی دارستانەکان، لەناوبردنی درەختەکان بە مەبەستی فراوانکردنی زەویی کشتوکاڵی و بەخێوکردنی ئاژەڵ، یاخود بڕینەوە بە مەبەستی سوود لێوەرگرتنی لە پیشەسازیی تەختە و بینادا، ئەمەش دەبێتە هۆی دروستبوونی گازە گەرمکەرەکانی بەرگەهەوا و لەناوچوونی جۆرەکانی بایۆلۆژی و کەمبوونەوەی رێژەی
ئۆکسجین و باران.