کەش؛ بارودۆخی کەشوهەوایە لە ناوچەیەکی دیاریکراو و بۆ ماوەیەکی درێژ، کە مرۆڤ و سروشتی ناوچەکە پێی راهاتوون. گۆڕانی کەش (climate change)، ئاماژەیە بۆ گۆڕانکاریی درێژخایەن لە پلەی گەرمی و کەشوهەوادا بەگشتی. دەکرێت ئەو گۆڕانکارییە سروشتی بێت بەهۆی گۆڕانکارییەکان لە چالاکیی خۆردا، یاخود تەقینەوەی گڕکانە گەورەکان، بەڵام لە سەدەی نۆزدەیەمەوە چالاکییەکانی مرۆڤ بزووێنەری سەرەکین بۆ گۆڕانکاریی لە کەشوهەوادا، بە شێوەیەکی سەرەکیش، بەهۆی سووتاندنی سووتەمەنییەکانی ژێر خاک (سووتەمەنی بەردینی، یان سووتەمەنی فۆسیلی، وەک: خەڵووزی بەردین و نەوت و گاز) و بەکارهێنانیان لە بوارە جیاوازەکانی ژیاندا، کە دەبنە هۆی گۆڕانکاری لە کەشوهەوادا، وەک: دروستبوونی وشکەساڵیی سەخت، کەمیی ئاو، ئاگرکەوتنەوەی زۆر و بەرفراوان، بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی زەریا و دەریاکان، لافاوی گەورە، هەڵچوونی دەریاکان، توانەوەی سەهۆڵی جەمسەرەکان، زریانی کارەساتبار و چەندین دیاردەی تر، ئەم گۆڕانکارییانەش مەترسین لەسەر مرۆڤ و ئاژەڵ و زیندەوەرەکان و لەناوچوونی شوێنی نیشتەجێبوونی سروشتی.
کاریگەرییە نەرێنیی و ئەرێنییەکانی
لەگەڵ ئەوەی کاریگەرییە نەرێنییەکانی ئەو گۆڕانکارییانە ئێکجار زۆرن، هەندێکجار ئەگەری ئەوەی هەیە لە لایەکی تر و ناوچەیەکی تر کاریگەریی ئەرێنیشی هەبێت، بۆ نموونە، بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی و بارانبارینی زۆر، کە پەیوەندییان هەیە بە گۆڕانکاری لە کەشوهەوادا، لە کاتێکدا کاریگەریی نەرێنی لەسەر ناوچەیەک دروست دەکەن، بەپێچەوانەوە لە ناوچەیەکی تر کاریگەریی ئەرێنی دروست دەکەن. دیارترین سوودیشی بریتییە لە: زیادبوونی رووپۆشی رووەکیی لە هێڵە پانەکانی باکووری گۆی زەوی، لە بەشێک لە زەریاکان رێژەی رووەکە هەڵواسراوەکان (بایۆپلانگتۆن) زۆر دەبن، واش مەزەندە دەکرێت کاریگەریی ئەرێنی لەسەر ناوچەی ئەمازۆن هەبێت و رێژەی دارستانە باراناوییەکان زیاد ببن، ئەم ناوچەیە بە سییەکانی گۆی زەوی دادەنرێت و چەند سەوزایی زۆر بێت، بۆ مرۆڤ و زەوی بەسوودترە، بووژاندنەوەی کشتوکاڵ لە هەندێک ناوچە، بەهار زوو دەست پێ دەکات و وەزری کشتوکاڵ درێژ دەبێتەوە و رێژەی چاندنی بەروبووم بەرز دەبێتەوە، لە هەمانکاتدا بە زیادبوونی رێژەی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن، کە بەهۆی گۆڕانکاری لە کەشوهەوادا روودەدات و ئێستا رێژەکەی 0.04 %ی هەوایە، رووەک و بەرهەمەکانی کشتوکاڵ زیاتر بەرگەی وشکەساڵی دەگرن و یارمەتیان دەدات باشتر گەشە بکەن. لەگەڵ ئەوەش، توێژینەوەکان دەریانخستووە لایەنی خراپیشی هەیە، چونکە لە هەمانکاتدا گژوگیای زیانبەخشیش زۆر دەبن.
بەها خۆراکییەکان کەمدەبێتەوە
هەروەها بەرهەمی بەروبوومەکانی میوە، سەوزە، تۆو و دانەوێڵە زیاد دەبن و کێشی تۆوەکان بە رێژەی لە سەدا بیست و پێنج، ژمارەی تۆوەکان لە سەدا شازدە و ژمارەی گوڵەکانیش بە رێژەی لە سەدا نۆزدە زیاد دەکەن، بەڵام رێژەی نایترۆجین کەم دەکات و بەها خۆراکییەکەیان کەمدەبێتەوە، وەک کەمبوونەوەی پرۆتین و کانزاکان، هەربۆیە زۆربەیجار خۆزگە بە تامی جاران دەخوازین.
یەکێکی تر لە سوودەکان، کەمبوونەوەی رێژەی کۆچی باڵندەکانە بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما لە وەرزی بەهاردا، ئەمەش رەنگە ببێتە هۆی کەمبوونەوەی مەترسییەکانی لەناوچوونیان لە کاتی رەوکردندا، بەڵام لەلایەکی ترەوە رەنگە ببێتە هۆی زیادبوونی رێژەی مردنیان لە زستانی ساردی ناوچەکانیان.
کەمبوونەوەی رێژەی مردن بەهۆی سەرماوە لە ناوچە ساردەکان، یەکێکی ترە لە سوودەکانی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما، بەڵام رەنگە لە ناوچە گەرمەکان بەپێچەوانەوە بێت، وەک ئەمساڵ لە کاتی حەجدا بینیمان.
لە لایەکی ترەوە، بووەتە هۆی زیادبوونی ناوچەکانی سەوزایی لە کەناراوی ئەفریقا، کە ئەو ناوچەیە وشکە و دەکەوێتە رۆژئاوا و باکووری ناوەڕاستی ئەفریقا، لە سەنیگال، مۆریتانیا، مالی، بۆرکینا فاسۆ، نەیجیریا، نەیجەر، چاد، سودان و ئەریتریا پێکهاتووە، بەو هۆیەشەوە دەتوانرێت خۆراکی ئاژەڵ دابینبکرێت و برسێتی کەم بێتەوە.
گۆڕانکاری لە کەشوهەوادا، دەبێتە هۆی تواندنەوەی سەهۆڵی زەریای جەمسەری باکوور و پێشبینی دەکرێت کەشتییە بارزگانییەکان بۆ ماوەیەکی درێژخایەن بۆ هاتوچۆ سوودی لێ ببینن، بەو پێیەی رێڕەوی باکووری رۆژئاوا بۆ ماوەیەکی درێژ لە ساڵەکەدا بەکراوەیی دەمێنێتەوە. ئەم رێڕەوە رێڕەوێکی کەشتیوانییە، زەریای هێمن و زەریای ئەتڵەسی بەیەکەوە دەبەستێتەوە و بایەخەکەی لەوەدایە ماوە و تێچووی هاتوچۆی کۆمپانیا کەشتیوانییەکان کەمدەکاتەوە، لە ئاسیاوە بۆ ئەمەریکای باکوور دەڕۆن. لە هەمان کاتدا، رێڕەوە دەریاییەکانی تر، یاخود گواستنەوەی وشکانی زیانیان بەر دەکەوێت. ئەمانە و چەندین لایەنی نەرێنی و ئەرێنی هەن، بەڵام سوودەکان بەراورد بە زیانەکان هیچ نین.
رێکەوتنە نێودەوڵەتییەکانی ژینگە
لەبەر رۆشنایی ئەم مشتومڕەی زیانەکانی قەتیسبوونی گەرمیی و گۆڕانکاری کەشوهەوا و بەرپرسیارێتیی گشتیی وڵاتانی جیهان، دەیان رێککەوتن و پرۆتۆکۆڵ و بەرنامە داڕێژراون بە مەبەستی کەمکردنەوەی رێژەی دەرچەی گازەکان. لە ساڵی 1988ەوە دەوڵەتان لە هەموو دنیادا لیژنەیەکی حکومیی نێودەوڵەتییان پێکهێنا لەپێناو گۆڕانکاریی کەشوهەوادا، سەدان و هەزاران زانایان تێدا بوو، بە ئامانجی ئەوەی بگەنە بەڵگەیەکی یەکلاکەرەوە و پێشکەشکردنی ئامۆژگاری لەسەر باشترین کار و بەرنامە بتوانرێت جێبەجێ بکرێت.
وێرت، زانای بواری ژینگە، لەو بارەیەوە دەڵێت: تا ساڵی 2001، IPCC (لیژنەی حکومیی نێودەوڵەتی بۆ گۆڕانی کەشوهەوا) گەیشتبووە کۆدەنگییەکی ورد و داڕێژراو ئەستەمە هیچ پسپۆڕێک لەگەڵیدا ناکۆک بێت.
لە هەمان کاتدا، نەتەوە یەکگرتووەکان لە پێشەنگی هەوڵەکاندایە بۆ رزگارکردنی هەسارەکەمان. لە ساڵی 1992 لە رێگەی کۆنگرەی (لووتکەی زەوی)ییەوە رێککەوتننامەی (چوارچێوەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ گۆڕانی کەشوهەوا) وەک هەنگاوی یەکەم بۆ چارەسەرکردنی کێشەی گۆڕانی کەشوهەوا هاتە ئاراوە و تا ئەمڕۆ 197 وڵات رێککەوتننامەکەیان پەسەند کردووە.
لە ساڵی 1997 پرۆتۆکۆڵی کیۆتۆ پەسەند کرا، ئێستا 192 لایەن لە پرۆتۆکۆڵی کیۆتۆدا هەن.
هەروەها لە چوارچێوەی هەوڵەکانی نەتەوە یەکگرتووەکاندا، لە ساڵی 2015 رێککەوتننامەی پاریس بەئەنجام گەیشت. ئامانجی سەرەکی رێککەوتننامەی پاریس؛ بەهێزکردنی بەدەنگەوەچوونی جیهانییە بۆ مەترسییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا و لە ساڵی 2016 دا 175 سەرکردەی جیهان لە بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک رێککەوتننامەی پاریسیان واژۆ کرد و تا ئێستا 194 وڵات ئەندامن لەو رێککەوتننامەیەدا.
ئەمانە و دەیان کۆنگرە و ساڵانە کۆنگرەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر گۆڕانی کەشوهەوا دەبەسترێت لە میانەی UNFccc (رێککەوتننامەی چوارچێوەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ گۆڕانی کەشوهەوا)، وەک کۆبوونەوەی فەرمیی لایەنەکان، کە پێی دەوترێت (کۆنگرەکانی لایەنەکان - کوب) و لە ناوەڕاستی نەوەدەکانەوە دەستیپێکردووە، تەنانەت ئەوانەی ئەندامیش نین، وەک چاودێر بەشدار دەبن و یەکەم کۆنگرە لە ساڵی 1995 لە بەرلین دەستیپێکرد و عیراق بەشدار و ئەندامە لە هەموو کۆنگرەکان و رێککەوتنەکانیدا.