بیابان و بەبیابانبوون

10:21 - 2024-07-28
نەرمین عوسمان
282 خوێندراوەتەوە

بیابان سیستمێکی ئیکۆلۆژی (ژینگەیی)ی تایبەت و جیاوازە، ناوچەیەکی جوگرافیی کەمئاو و کەمبارانە و رێژەی بە هەڵمبوون تێیدا بەرزە، رووپۆشی رووەکیی کەمە، بەڵام لە هەمان کاتدا پڕە لە گیانلەبەر و رووەکی هەمەجۆر کە گرنگن بۆ سووڕی ژیان. توانای بەردەوامیی و تازەبوونەوەی هەیە هاوشێوەی جۆرەکانی تری ژینگە، وەک: زەوی شێدار، زۆنگاوەکان، کەنار دەریا و دەریاچە و رووبارەکان، دوورگە مەرجانییەکان، دارستانەکانی ناوچە گەرمەکان و هتد... ئەمانە هەموویان وابەستەی یەکن و پێویستیان بە یەکترە، بەیەکەوە سووڕی ژیان پێکدەهێنن و دەپارێزن. 
بیابانەکان یەک لەسەر چواری رووبەری وشکانیی زەوی پێکدەهێنن و بەسەر کیشوەرەکاندا دابەش بوون. بیابان بایەخێکی گەورەی ژینگەیی، ئابووری، بایۆلۆژی و کەلتوریی هەیە، بەمەرجێک بە شێوەیەکی تەندروست بەڕێوەببرێت بە مەبەستی بەردەوامبوونی سەرچاوەکان و پاراستنی زیندەوەرەکانی.
بیابان، هۆکارێکی بنەڕەتییە بۆ پاراستنی هاوسەنگیی بەرگەهەوا، بەڵام بەبیابانبوون، پرۆسەی گۆڕینی زەوییە بەپیت و لەوەڕگەکانە لە ناوچە وشکەکان بۆ بیابان، کە دەرەنجامی چالاکییە ناتەندروستەکانی مرۆڤ، یاخود گۆڕانکاریی کەشوهەوایە. لە هەردوو حاڵەتەکەشدا سروشتی خاکەکە تێکدەچێت و توانای بەرهەمی رووەکیی کەم دەبێتەوە و ژیانی بایۆلۆژیی ناوچەکە گۆڕانکاریی دراماتیکیی بەسەردا دێت، بەمەش لەو سووڕەی ژیان ئەڵقەیەکی دەپچڕێت. بە واتایەکی تر، ئیکۆسیستمەکان دەگۆڕێن، دانیشتوانی ناوچەکانیش بەناچاری لە شوێنە رەسەنەکانیانەوە بۆ شوێنێکی تر کۆچ دەکەن. ئەمەش نەک تەنیا کاریگەریی لەسەر ئابوورییان دەبێت، بەڵکو کەلتور و شیرازەی کۆمەڵایەتیشیان بەرەو نەمان دەچێت. 
پێگەی جوگرافیای عیراق
پێگەی جوگرافیایی عیراق لە رووی کەشوهەواوە لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی تر جیاوازە، بیابانی وشک و گەرم لە باشووری رۆژئاوا، چیا و شاخە بەرزەکانی شێدار و سارد لە باکوور و رۆژهەڵات، رووباری دیجلە و فورات ئەو دوو جوگرافیایە جیا دەکەنەوە و لە نێوانیان و لە کەنارەکانی رۆژهەڵات و رۆژئاوای رووبارەکان زەوی بەپیت، کێڵگەی فراوان، دەریاچە و رووبەری ئاویی و زۆنگاوەکان هەن، کە بوونەتە هۆی دروستبوونی یەکەم شارستانیەتی مرۆڤ. هەرچەندە عیراق بە سەرچاوە ئاوییەکانی ناسراوە، بەڵام بیابان و ناوچە وشکانییەکان رووبەرێکی فراوانی پێکدەهێنن. ئامارەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن رووبەری عیراق 444 هەزار کیلۆمەتر دووجایە و لە سەدا چل و هەشتی ناوچەی دۆڵ و بیابان و نیمچە بیابانە، ئەوی تریشی شاخ و گرد و گردۆڵکە و دەشتایی و زۆنگاوەکانە. لەکاتێکدا دیاردەی بەبیابانبوون سێیەکی تریشی گەمارۆ داوە و خەریکە بەپیتیی خاکەکەی لەناو دەبات و بەرهەمهێنان کەم دەکاتەوە و بەخێرایی بەرەو هێڵی رۆژئاوای فوراتی بەپیت دەڕوات. بەداخەوە، عیراق یەکێکە لەو پێنج وڵاتەی سەر گۆی زەوی کە بەهۆی گۆڕانکاری کەشوهەواوە مەترسیی بەرەو بیابانبوونی لەسەرە.
چارەسەرەکان
بۆ ئەوەی مەترسییەکان کەم بکەینەوە، هەندێک لەو ئەرک و هەنگاوانەی دەبێت لەبەر چاو بگیرێن، ئەمانەن:

*تا بکرێت دووربکەوینەوە لە کێڵانی زەوییە پەراوێزەکان لەو ناوچانەی باران تیایدا لەژێر (300 ملم) دایە و کارکردن لەسەر زیادکردنی بەرگی رووەکی سروشتی.
*چاندنی نەمامەکانی دارستان لەو شوێنانەی ئاویان تێدایە و لەو خاکەی کاریگەریی راماڵین و خاک و خۆڵی بایان بەسەرەوەیە.
*قەدەغەکردنی لەوەڕاندنی ئاژەڵ لەسەر ئەو زەوییانەی، بەهۆی باهۆزەوە زیانیان بەر کەوتووە، بۆ ئەوەی دەرفەت بۆ تۆو و رووەکی ناوچەکە هەبێت گەشە بکەن و زەوی توندتر بکەنەوە.
*دروستکردنی رێگریی یەک بەدوای یەک بە ئاراستەی با، بۆ ئەوەی رێگری لە راماڵینی خاک بکرێت.
*داپۆشینی تەپۆڵکەکان بە چینێک خاکی گڵین.
*دروستکردنی پەرژین لە قەدی درەختی وشک لەو شوێنانەی ئەگەری راماڵینی خاکیان هەیە.
*شۆرین و چاککردنی خاکە شۆراوگەکان.
*بڵاوکردنەوەی رۆشنبیری و زانیاریی سەبارەت رێگری لە بەبیابانبوون.
*ئیدارەدانی تەندروست بۆ بەکارهێنانی خاک و ئاو.
*بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای گونجاو کە بەردەوامیی بە بەکارهێنانی خاک دەدات بۆ کشتوکاڵ.
*بەکارهێنانی زبڵی کیمیاوی و سروشتی بۆ بەهێزکردنی خاک.
*بەکارهێنانی شێوازی سەردەمییانە بۆ بارانبارین لەو ناوچانەی بەرەو بیابانبوون دەچن.
ئەمانە و چەندین رێگەی تر هەن کە دەکرێت مرۆڤ هاوکار بێت لە کەمکردنەوە و رێگریی لە بەبیابانبوون.

بەبیابانبوون، پرۆسەی گۆڕینی زەوییە بەپیت و لەوەڕگەکانە لە ناوچە وشکەکان بۆ بیابان

وتارەکانی نوسەر