كورد لە نێوان دادگا و دیدگای سیاسیدا

10:12 - 2024-06-12
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
226 خوێندراوەتەوە

بە وردبوونەوە لە تێڕوانینی لێپرسراوانی هەرێم و حكومەتی فیدراڵیش بۆ رێكەوتنی نێوان هەردوولا لەسەر چەند پرسێك، نزیكبوونەوەی ئەمجارە لە یەكتر، جیاوازە و تا ئەندازەیەكیش گومانەكانی نێوانیان بەرەو رەوینەوە رۆیشتووە. 
دڵنیایی لە نێوان هەردوولادا تەنها بە یەکلایەنە نایەتەدی، ئەوەی وایكردووە بڵێم رێكەوتنەكانی ئێستا جیاوازن لە رێككەوتنەكانی چەند ساڵی پێشووتر و تا ئەندازەیەكیش كراون بە ئیجباری، بوونی هێزی دادگای فیدراڵییە لە نێوان هەردوولادا كە تا ئێستا بە باشی هەنگاوە یاساییەكانی ناوە.
بۆئەوەی لە دەرەوەی دادگا هەرێم و بەغدا رێکەون، دەبێت هەرێم بەغدا بە ناوەندی چارەسەری كێشەكانی خۆی بزانێت و بەغداش كورد وەک نەتەوە و پێكهێنەری سیاسەت و دەسەڵات بزانێت و مافەكانی كورد تێكەڵ بە هەر تێڕوانینێكی سیاسی و نەتەوەیی و ململانێكان نەكات و لەهەركوێیەكدا كێشەكان سەریانهەڵدایەوە، لەلایەن بەغداوە مافەكانی كورد پێشێل نەكرێت و داواكارییەكانی هاووڵاتیانی كوردستان بەلاوەنەنێت.

 

 

بۆ ئەوەی لە دەرەوەی دادگا هەرێم و بەغدا رێکەون، دەبێت هەرێم بەغدا بە ناوەندی چارەسەری كێشەكانی خۆی بزانێت و بەغداش كورد وەک نەتەوە و پێكهێنەری سیاسەت و دەسەڵات بزانێت

 

 

لە گریمانەیەكیشدا ئەگەر دادگای فیدراڵی بڕیاری لەسەر بابەتێكی وەك ماف و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم نەدایە و هەردوولای پەیوەستنەكردایە بە مامەڵەكردنەوە لەگەڵ یەكتردا، ئەوا هەڵەتێگەشتنەكە لەو جێگەدایە كە خۆ نەدەكرا  ئیدی بەغدا مووچە وەك كارتی گوشار و وەك پەستان بۆسەر فەرمانبەران و دەسەڵاتدارانی كوردستان بەكاربهێنایە، لە بەرامبەریشدا ئەگەر دادگای پاریسیش بڕیاری بۆ راگرتنی نەوتی هەرێم نەدایە، ئیدی بەو مانایە نەبوو كە كورد هەرگیز بیری لە گەڕانەوە بۆ بەغدا نەكردایەتەوە و بەدەستكراوەیی بمایەتەوە لە هەر مامەڵە و هەڵسوكەوتێكی ئازاد لەگەڵ بەغدا و پشتی لە بەغدا بوایە و رووی لە وڵاتانی دراوسێ.
رێكەوتنی ئەمجارەی كورد لەگەڵ بەغدا جێگەی پرسیارە، ئایا كورد لەژێر رۆشنایی جێبەجێكردنی بڕیارەكانی دادگای فیدراڵیدا لەگەڵ بەغدا مامەڵە دەكات و گەڕاوەتەوە بەغدا، یان نەخێر ئەگەر دادگاش نەبووایە حکومەتی فیدراڵ بایی ئەوەندە دیدگایان بەرامبەر مافەكانی كورد گۆڕاوە كە ئیدی ئەو دڵنیاییەیان لەلای هەرێم دروستكردبێت كە كوردیش وەك هەر هاووڵاتییەكی عیراقی مافی هەیە و پشكی لە عیراقدا هەیە، دەبێت جێبەجێبكرێت و بۆیان بگەڕێنرێتەوە؟
هەم بەغدا بۆ كورد و هەم كوردیش بۆ بەغدا دوو پاڵنەری ئەرێنین ئەگەر رێكەوتنەكان بەهەرجۆرێك بێت بەردەوامییان هەبێت و دڵنیایی هەبێت بەرامبەر یەكتر. 
تا كورد لەناوەند دوور بخرێتەوە و ئاڵۆزییەكانی نێوان هەردوولا زیاتر ببێت، بۆ كورد خراپە و لە رابردووشدا ئەو راستییەمان بینیووە و كورد سوودی نەبینی لە هەر دابڕانێك لەگەڵ بەغدا، هاوكات تا بەغداش دژایەتی كورد بكات و ئاوتی بكات و مافەكانی دەستەبەرنەكات، خراپ دەکەوێت لەسەریان لە هەموو رووەكانی وەك ئاسایشی وڵات و دیموكراسی و تێڕوانینی وڵاتانی دەرەوە و بۆ ناكۆكی نێوان هەرێم و بەغداش كاریگەریی لەسەر پرۆسەی سیاسی دەبێت.

وتارەکانی نوسەر