قوربانییەکانی کۆچی نایاسایی و بەرپرسیارێتیی حکومەت لە چارەسەرکردنیدا

10:26 - 2024-06-26
پ.ی.د.هه‌رێم بابان
151 خوێندراوەتەوە

پ.ی.د.هه‌رێم بابان *

 

زۆرێک لەوانەی کۆچ دەکەن زانیارییان لەسەر ئەوروپا نییە و دۆخی ژیانیان لە کوردستان زۆر باشترە لە ئەوروپا، بەڵام کەس نەبووە راستییەکانیان پێ بڵێت

 

هەر لە سەرەتای نەوەدەکانەوە دیاردەی کۆچی نایاسایی دانیشوانی کوردستان بۆ ئەوروپا هەبووە و قوربانیشی لێکەوتۆتەوە، بەڵام لەدوای 2014وە رێژەی کۆچکردن و قوربانییەکانیش زیادیکردووە، بە تایبەتیش دانیشتوانی ئیدارەی راپەڕین لە هەردووکی پشکی شێریان بەرکەوتووە. 
  دەربارەی کۆچی نایاسایی لە هەر وڵات و ناوچەیەک، چەندین هۆکاری ئابووری، سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئاینی و کەلتوری لە پشتە و زۆریش قسەیان لەبارەوە کراوە. ئەوەی جێی سه‌رنجه‌ ساڵانە، ئەم قوربانییانە دووبارە دەبنەوە، تەنها چەند رۆژێک خەڵکی پۆستی سۆزدارییانە دەکەن و دواتر لە بیردەکرێن، هیچ لایەنێک بەتەواوی بە ئەرکی خۆی لە چارەسەرکردنی ئەو کێشانە هەڵناستێت. 
 لێرەوە بە تێڕوانینی خۆم ئەم چارەسەرانە دەخەمەڕوو.
1- حکومەت هیچ پلانێکی کورتخایەن و درێژخایەن و ستڕاتیژی بۆ چارەسەرکردنی ئەو دیاردەیە نییە، ئەمەش جگە لە زیانی گیانی و مادی بەر خەڵکی کوردستان دەکەوێت، ناوبانگی خەڵک و حکومەتی هەرێمیش لە دەرەوە هێندەی تر ناشیرین دەبێت کە هاووڵاتیانی بەمجۆرە لە شوێنی خۆیان رادەکەن، لە کاتێکدا میسری و روسی دۆخی ژیانیان زۆر لە هاووڵاتیانی کوردستان خراپترە هەرگیز بەمجۆرە کۆچ ناکەن.
2- دەبێت وڵاتانی ئەوروپا و یوئێن ئەو ملیۆنان دۆلار و یۆرۆیەی ساڵانە لەڕێگەی رێکخراوەکان بۆ عیراق و کوردستانی دەنێرن، چیتر بە ناشەفافی خەرجنەکرێت، لە بری سازدانی کەمپەین و کۆڕ و قسەی زلی بێمانای ناو هۆتێلەکان بە کردەیی بۆ پڕۆژەی ئابووری و پەرەپێدان و کارسازی و کەرتی کشتوکاڵ و پیشەسازی بەکاری بهێنن، چونکە وڵاتانی ئەوروپا خۆشیان لەبەر کۆچبەر بڕستیان لێبڕاوە.
3- وڵاتانی ئەوروپا ڤیزای کار، خوێندن، گەشتیاری ئاسان بکەن و راستگۆبن لەوەی کە لە وێبسایتەکانیان نووسیویانە کە ڤیزا نرخێکی رەمزییە، نەک بە یەک بۆ دوو دەفتەر لە بازاڕی رەش بازرگانیی پێوەبکرێت و خەڵکیش پێی نەکڕدرێت و پەنا بۆ قاچخچییەکان بەرێت.
4- پێویستە نوسینگەکانی گەشتیاری بەتایبەتی ئەوانەی سلێمانی و هەولێر، ویژدانیان هەبێت و وەزارەتی کار چاودێرییان بکات، بۆ پڕکردنەوەی چەند فۆڕمێک داوای دوو دەفتەر دۆلار نەکەن و گەنجی سادە ئیستغلال نەکەن و قۆڵی ببڕن، حکومەت ئەو نووسینگانە لەهەر سەرپێچیی و گرانفرۆشییەک دابخات، چونکە گرانیی ئەوانەیە گەنجان پەنا بۆ ژێگای قاچاخ دەبەن.
5- ئەرکی حکومەتە چارەسەری کورتخایەن و درێژخایەن بۆ بێکاری بدۆزێتەوە و بەرنامەی پێدانی پارەی مانگانەی سۆشیال بۆ کەسانی بێکار، بێ بڕوانامە و دەرچوانی زانکۆ جێبەجێ بکات، هاوکات بە یاسا رێگری لە فرە ئیشی بگرێت و ئەوانەی دوو ئیش و سێ ئیش دەکەن باجێکی قورسیان بەسەردا بسەپێنێت.
6- گرنگە پڕۆگرامەکانی خوێندنی وەزارەتی پەروەردە و زانکۆکان گۆڕانکارییان تێدا بکرێت، هەر لەدوای قۆناغی ناوەندییەوە وەکو قۆناغی خوێندنی پیشەیی و بازرگانی و ئامادەییە کشتوکاڵییەکان کارا بکرێنەوە و گەنجان زوو فێری پیشەیەک بکرێن، خوێندکار نمرەیەکی بەرزی نەبێت بۆی نەبێت بچێتە ئامادەیی و لە ئامادەییش تەنها کەسانی شایستە بچنە زانکۆ، چونکە خوێندنی ئێکسپایەری زانکۆکان و بێهیوایی لە دەستکەوتنی کار هۆکارێکی گرنگە بۆ کۆچ.
7- ئەگەر حکومەت جدییە لە بنبڕکردن یان کەمکردنەوەی کۆچی نایاسایی، گرنگە وەزارەتی ناوخۆ وەکو ساڵانی نەوەدەکان لە بازاڕ و ماڵەکان قاچاخچییەکان دەستگیربکات و هاوکات بە قانونی بازرگانیکردن بە مرۆڤ دادگایی بکرێن.
8- گەنجانی بێکار و دەرچووی زانکۆکانی کوردستان لەبری بردنی پارەی ماڵ بۆ دەستی قاچاخچی و هەڵبژاردنی رێگەی کۆچی نایاسایی، گرنگە خۆیان فێری زمان بکەن و چەندین خول ببینن تا پیشەیەک فێربن و بە ڤیزای خوێندن و کار و گەشتیاری هاوشێوەی ئێرانی و تورک و چینی و هیندی بگەنە تاراوگە.
10- ئەرکی نیشمانیی خاوەن بزنس و کوردانی خاوەن ئەزموونی تاراوگەیە، ئەوانەی ئیشەکەیان سپییە و رەش نییە، هاوشێوەی پاکستانی و هیندی و عەرەب و ئێرانییەکان، رێگە بۆ گەنجانی بێکاری کوردستان خۆشبکەن بە ڤیزای کارکردن بچنە ئەوروپا.
11- زۆر گرنگە رێکخراوە کەلتوری و پەروەردەیی و رۆشنبیرییەکانی کوردانی تاراوگە لەڕێگەی کەسانی خاوەن بڕوانامە و پسپۆڕ، کۆڕی زانستی و ئۆنلاین مانگانە لەبارەی مەترسییەکانی کۆچی نایاسایی و رێگاکانی، قەیرانە ئابووریی و کۆمەڵایەتییەکانی ئەوروپا بە روونی بگەیەنن، چونکە زۆرێک لەوانەی کۆچ دەکەن زانیارییان لەسەر ئەوروپا نییە و دۆخی ژیانیان لە کوردستان زۆر باشترە لە ئەوروپا، بەڵام کەس نەبووە راستییەکانیان پێ بڵێت، پێیانوایە ئەوروپا هەموو شتێکی ئاسانەو وەکو ساڵانی نەوەدەکان دەتوانن هەموو شتێک بەدەستبهێنن.
12- پێویستە زانکۆکان چەندین توێژینەوە لە بارەی هۆکار و لێکەوتە دەرونی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی کۆچ و زیانەکانی بکەن، هاوکات چەندین رێکەوتن و فەند بۆ بواری کۆچ لەگەڵ زانکۆ و دامەزراوەکانی ئەوروپا بەدەستبهێنن، حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانیش کار بە ئەنجامی توێژینەوەکان بکەن.
13- ئەرکی خێزانەکانیشە لە کوردستان ئەوانەی دۆخی مادیان باشە، فریونەخۆن و ئەوەی هەیانە بۆ شتێکی نادیار لەدەستی بدەن، بەتایبەتی ئەوانەی کارێکی مسۆگەر، داهاتێکی باشیان هەیە و گەنجانی خوار هەژدە، منداڵی ساوا تووشی نەهامەتییەکانی رێگا نەکەن.

* زانكۆی راپه‌ڕین

 

 

مەرج نییە گرتنەبەری رێگەی قاچاخ دەسەتەبەری ژیانێکی باشترت بۆ بکات

وتارەکانی نوسەر