کاری ناپەسەند و کارەساتی سروشتی

12:37 - 2024-07-07
ژوان باقی
120 خوێندراوەتەوە

وەرزی وشكبوونی گژوگیا و سەوزاییەکان دەست پێ دەکات هەر رۆژ لە شاخێك و لە دەشتاییەکدا ئاگر دەکەوێتەوە، زۆرجار خەلە و خەرمانی جووتیارانیش بەر ئەم مەترسییە دەکەوێت، ئەمە جیالەوەی چەندین دارستانی سروشتی لەناودەچن، ئاشکرایە لای هەمووان پوش و پەڵاشی وشك زوو ئاگر دەگرێت و بڵاودەبێتەوە، هۆکار زۆر باسکراوە لە کاتی سوتانی شاخ و دارستانە سروشتییەکان و دەشتاییەکان، بەڵام هۆکارێكی دیکە هەیە کە رەنگە زۆرجار بیرمان لێ کردبێتەوە، بەڵام باس نەکرابێت یاخود زۆر گرنگی پێ نەدرابێت. ئەویش (فڕێدانی جگەرەیە لە پەنجەرەی ئۆتۆمبێلەکانەوە بۆ دەرەوە) کە کارەستێکی گەورە دروست دەکات، بەداخەوە لەکاتی شۆفێریکردن بێ گوێدانە سروشت و ژینگە و یاسا و بنەماکانی شۆفێریی لەکاتی لێخوڕیندا سەرقاڵی جگەرە کێشانین، دواتر پاشماوەکەی دەکەینە گەردنی ژینگە و ئاگرکەوتنەوە دروست دەبێت، گرنگە لایەنی پەیوەندیدار زانیاری و رێنمایی دروست و بەرچاوڕوونی بۆ شۆفێران زیاتر بخاتەڕوو، هەروەها لە هێماکانی هاتووچۆدا وەك چۆن دەچینە شوێنێکی داخراو بە هێما ئاماژەی پێ دەدرێت، جگەرەکێشان رێگە پێنەدراوە، لە تابلۆی سەر شەقامەکان و ئەو ناوچانەی مەترسی ئاگرکەوتنەوەی هەیە هێمای جگەرەکێشان رێگە پێنەدراوە لە پشتەوەی وێنەی دارستانێکی سوتاو بێت، کە ئەم هێمایە لە وڵاتانی پێشکەوتوو یەکێکە لە هێماکانی هاتووچۆ لە کوردستانیش دانانی ئەم هێمایە جێبەجێ بکرێت کە گرنگی و بایەخی خۆی هەیە لە پێناو زیاتر هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە بۆ ژینگەیەکی تەندروست و خاوێن. 

وتارەکانی نوسەر