عەربەت کۆکەرەوەی رەنگ و دەنگە جیاوازەکان

10:24 - 2024-07-16
پشتیوان مەحمود
192 خوێندراوەتەوە

عەربەت کۆکەرەوەی رەنگ و دەنگە جیاوازەکان






پرسی ئاوارەبوون و بەجێهێشتنی شوێن و پێگەی نیشتەجێبوون، یەکێک بووە لەو پرسانەی کورد وەک میللەتێکی زیندوو لە مێژوودا بەشێکی دانەبڕاو بووە لە چارەنووسی، رۆحیەتی گیانی هاوکاری و مرۆڤ دۆستی و میوان دۆستی بەشێک بووە لە کەلتووری جوانی و رەنگیداوەتەوە .بەردەوام دڵ و دەستەکانی پڕبوون لە سۆز و هاوکاری بۆ کەسانەی هەمان چارەنووسی ئەوانیان چەشتووە .
لە سەروبەندی هاتنی داعش و بەرپابوونی ململانێی ناخۆیی لە عیراق، ئاسایش و ئارامی کۆمەڵایەتی و سیاسی و مەزهەبی  کەوتە ژێر چەپۆکی ترس و راڕایی بۆ دانیشتوانی هەندێک لە ناوچە و پارێزگاکانی عیراق بە گشتی و پارێزگای سەڵاحەدین بەتایبەت ئاوارەی شارەکانی هەرێمی کوردستان بوون بە هۆکاری بوونی ئارامی و سەقامگیریی سیاسی.
کەمپەکانی عەربەت بوون بە پێگە و مەنزڵگەیان بۆ ماوەی (10) ساڵ، بە هاوکاری UNHCR   و پارێزگای سلێمانی.
پێکەوەژیان دوور لە گیانی نەتەوە پەرستی و رەگەزپەرستی داینەمۆی نووسینەوەی دەیان چیرۆکی جوانی پێکەوەژیان بوو لەم ناوچەیەدا بۆ دانیشتوانی عەربەت لە ئەنجامی کارلێکی کۆمەڵایەتی.
بەرکەوتن و هەڵسوکەوتی دانیشتوانی عەربەت لەناو بازاڕ و دام و دەزگاکانی ناحیەکە، گەرم و گوڕی بە ژیانی ئابووری، کۆمەڵایەتی و سەقامگیریی سیاسی بەخشی، ئەمە بۆ دانیشتوانی عەربەت جێگەی خۆشحاڵییە لە لایەکەوە، لەلایەکی ترەوە دەستخۆشی بۆ سەرجەم دام و دەزگا ئیدارییەکانی ئەم ناوچەیە.
دەکرێت مێژوو پڕ بکەین لە وێنە و سیمای جوان و پێکەوەژیان بە سەرجەم جیاوازییەکانەوە دوور لەگیانی رق و کینە و خۆپەرستی، ئەوەی لە ئەرشیفدا دەمێنێتەوە و دەنووسرێتەوە ئەو گیانی هاوکاری و پێکەوە ژیانەیە.

دەکرێت بەشێک لە هەیکەلیەتی کەمپی ئاشتی، وەک سیمبولێکی پێکەوە ژیان لە خانەخوێدا بمێنێتەوە

پێشنیاز دەکەم ئەگەر وەک رەمزێکیش بێت لەڕووی مێژووییەوە دەروازە و بەشێک لە هەیکەلیەتی کەمپی ئاشتی لە عەربەت بمێنێتەوە وەک سیمبولێکی پێکەوە ژیان لە خانە خوێدا.
رۆژی پێنج شەممە 12-7-2024 بە یەکجاری کەمپی ئاشتی لە عەربەت داخرا و تەواوی ئاوارەکان گەڕانەوە بۆ زێدی خۆیان لە پارێزگاکانی خۆیان.
بەپێی دوایین ئاماری وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عیراق، 23 کەمپ لە هەرێمی کوردستاندا بۆ ئاوارەکان هەن، ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق رۆژی 30ی تەمموزی ئەمساڵی وەک دوا کات بۆ داخستنی کەمپی ئاوارەکان لە هەرێمی کوردستان داناوە.

*ماستەر لە کۆمەڵناسی

وتارەکانی نوسەر