پ.ی.د. لوقمان سیوه‌یلی
یه‌ك له سیفه‌ته‌كانی مادده‌ی هۆشبه‌ر ئه‌وه‌یه كه فریوده‌رن، به‌ڵێنی شتێكت پێده‌ده‌ن و ئه‌نجامێكی دیت پێده‌ده‌ن، له‌م سه‌ره‌وه به حساب دڵخۆشت ده‌كه‌ن، لەو‌سه‌ره‌وه به خه‌مۆكیی و گۆشه‌گیرییه‌وه لێی دێیته ده‌رێ. له‌م سه‌ره‌وه به‌ڵێن و چاوه‌ڕوانی زۆر ده‌داتێ، له‌و سه‌ره‌وه ژیانت به بیابان ده‌كات و هیوا و مانا و گه‌شبینی به ژیان له بنج و بنا‌وان دێنێت. مادده هۆشبه‌ره‌كان گه‌ر له‌م سه‌ره‌وه ده‌نكێك مێوژت پێبده‌ن، له‌و سه‌ره‌وه داوای په‌رداخێك شه‌ربه‌تت لێ ده‌كه‌ن. له‌رووی ته‌ندروستییه‌وه ئالوده‌بووان دووچاری چه‌ندین نه‌خۆشی ده‌بنه‌وه، هه‌روه‌ها به‌كارهێنانی ده‌رزی یه‌كتری دووچاری زۆرێك له نه‌خۆشییه‌كانی خوێن تا ده‌گاته ئایدز ده‌كاته‌وه.
له رووی خێزانییه‌وه
له رووی خێزانییه‌وه ئه‌زموونی ئالوده‌بووانی مادده‌ی هۆشبه‌ر نیشانیداوه، متمانه به خۆیان له ده‌ست ده‌ده‌ن، ناتوانن ژیانی هاوسه‌رگیریی پێك‌بێنن، ئه‌وانه‌شی كه پێكیانهێناوه لێی راده‌كه‌نه ده‌ره‌وه‌و ماڵ و ژیان و منداڵ و هاوسه‌ریان به فه‌رامۆشی ده‌سپێرن، ئیدی به لایانه‌وه گرنگ نابێت كه (كه‌ر له كوێ كه‌وتووه‌و كونده له كوێ دڕاوه) سه‌رئه‌نجام ماڵیان له به‌ریه‌ك هه‌ڵده‌وه‌شێت. هاوكات ئه‌و خێزانانه‌ی كه یه‌ك له ئه‌ندامه‌كانیان ئالوده‌بوون، ده‌بنه نموونه‌ی سه‌رمه‌شقی خراپ و ئه‌گه‌ری هه‌یه منداڵه‌كانیشیان پێ له‌و ئاوه بخشێنن كه باوكیان بۆی رشتوون. توێژینه‌وه‌كان ئه‌و راستییه ده‌سه‌لمێنن، له ده‌رئه‌نجامی تێكچوونی هاوسه‌نگی ماڵ، منداڵەکا‌نیان رووده‌كه‌نه شوێنه‌كانی تر‌و گروپی هاوڕێیان، لێره‌شه‌وه به ئه‌گه‌ری زۆره‌وه دووچاری گرفتی تر دێنه‌وه، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی كه به‌كاربەری مادده‌ی هۆشبه‌ر بۆ ده‌ستكه‌وتنی ئه‌و ماددانه، چه‌ندین رێگای نه‌شیاو ده‌گرنه‌به‌ر بۆ ده‌ستخستنی و دوور نییه له گروپیی تاوانكارییه‌وه نه‌گلێن، ئه‌مه له رووی خێزانی كه هه‌ر مشتێكی نموونه‌ی خه‌روارێكه.
لەڕووی ئابووریی و كۆمه‌ڵایه‌تییەوە
ئه‌گه‌ر بێینه سه‌ر لایه‌نه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كه‌ی، هه‌رزوو ده‌بێ باسی ئه‌وه بكه‌ین كه ئالوده‌بووان پێگەو رێزی كۆمه‌ڵایه‌تی له ده‌ست ده‌ده‌ن، نموونه‌كان نیشانی ده‌ده‌ن كه هیچ كه‌س ئاماده نییه كچ به كه‌سێكی ئالوده‌بوو بدات، هاوكات هیچ كچێكیش هاوسه‌رگیریی له‌گه‌ڵ ئالوده‌بوویه‌كدا بكات كه نه‌زانێت به‌رپه‌رسیاریه‌تی ژیانی خێزانی چییه و چۆنه. خۆ له رووی ئابووریشه‌وه گه‌ر سه‌رنجێك له ئالوده‌بووان بده‌ین له ته‌واوی دونیادا خراپترین وه‌زعی ئابورریی و ئاستی بژێویان هه‌یه، ئه‌وه‌شی كه ده‌ستیان ده‌كه‌وێت ده‌یده‌نه كڕینی مادده هۆشبه‌ره‌كان، ته‌نانه‌ت كه‌لوپه‌لی به نرخی ناو ماڵه‌كانیان ده‌فرۆشن، ئاڵتوونی ژنه‌كانیان ده‌به‌ن، تا ده‌گاته ئه‌وه‌ی په‌نا بۆ كاری نه‌شیاو و له‌شفرۆشی و دزی و ... هتد ده‌به‌ن، له به‌رامبه‌ر پێدانی بڕه پاره‌یه‌ك. به كورتی و كوردی، له هه‌ر گۆشه‌یه‌كه‌وه بڕوانیته ئالوده‌بووان ژیانیان وێرانەیە، وێڵگه‌ردو سه‌رگه‌ردان له كوچه و كۆڵانه‌كانی شار، له‌رزۆك و سه‌رما برده‌ڵه و برسی و ته‌نیا، بێ شوێن و و بێ هیواو ده‌ست له دونیا شۆراو ته‌نها خه‌ونی ده‌بێته ده‌ستكه‌وتنی چه‌ند گرامێك له‌و مادده ژه‌هراویانه.
به‌ڵام هه‌ر لێره‌وه ده‌توانم ئه‌وه بڵێم كه كه‌سانێك هه‌بوون به ئیراده‌یه‌كی بوێرانه و به هاوكاریی و كۆمه‌كی لایه‌نی ته‌ندروستی و توێژه‌رانی ده‌روونی و كۆمه‌ڵایه‌تی، توانیویانه له‌م دۆزه‌خه بێنه ده‌رێ، لاپه‌ڕه‌یەكی سپی هه‌ڵبده‌نه‌وه و چیرۆك و سه‌رگوشته‌ی خۆیان بۆمان بگێڕنه‌وه، لێره‌وه ده‌توانین كه بڵێین، راسته وازهێنان له مادده هۆشبه‌ره‌كان ئاسان نییه، به‌ڵام موسته‌حیلیش نییه، باشتره ئێمه له بازنه‌ی پارێزراویی و سه‌لامه‌تی مادده هۆشبه‌ره‌كاندان بین و خۆپاراستن له چاره‌سه‌ركردن باشتره.