تێڕوانینێکی رەخنەگرانە..

لە‌ پە‌راوێزی رۆژی جیهانیی هەوایە‌كی پاك و ئاسمانێكی شیندا

10:06 - 2024-09-15
پ.ی.د. لوقمان سیوه‌یلی
119 خوێندراوەتەوە

ناونیشانی رۆژی جیهانیی هە‌وای پاك ئاسمانی شین کە لە‌ 7 ی ئەیلوولدا یادی دەکرێتەوە، ژیان لە‌ ژینگە‌یە‌كی شایستەدا‌ مافی بنە‌ڕە‌تیی هە‌ر مرۆڤێكە‌، بە‌ پێی هە‌ندێك لە‌ بیرمە‌ندان بێت، پێیانوایە‌‌ زە‌وی شە‌راكە‌تێكە‌ لە‌ نێوان زیندووە‌كان و مردووە‌كان و ئە‌وانە‌ش كە‌ لە‌ ئایندە‌دا دێن. گە‌ر سە‌رنجێك لە‌ كوردستان بدە‌ین لە‌ نزیكە‌ی 20 ساڵی رابردوودا بە‌ تایبە‌ت دوای‌ روخانی رژێمی بە‌عس لە‌ ساڵی 2003 وە و كرانە‌وە‌ی ئابووریی، دە‌توانین بڵێین كوردستان خاكی گە‌وهە‌رە‌، ئاوی كە‌وسە‌رە؟

ژینگە‌یە‌كی بە‌تاڵ
لە‌ كاتێكدا بە‌ردە‌وام سە‌رمایە‌داران لمۆزی شۆفڵە‌كانیان لە‌ خاكی گە‌وهە‌ر گیركردووە‌ و لە‌ بنی دێنن، لە‌ ژێر ناوی (وە‌بە‌رهێنان) لە‌سە‌ر بنە‌مای (پێم بڵێ چە‌ندت هە‌یە‌، پێت دە‌ڵێم تۆ كێیت؟) دە‌كرێت بڵێین سیاسە‌تی وە‌بە‌رهێنان (ئە‌گە‌ر هە‌بووبێت) ئە‌وا دروشمە‌كە‌ی بە‌مجۆرە‌ لێ كردووە‌ 
( گیرفانێكی پڕ و ژینگە‌یە‌كی بە‌تاڵ).
ئە‌مڕۆ ئە‌وە‌ی لە‌ كوردستان دە‌گوزە‌رێت بە‌ دیوە‌ نێگە‌تیڤە‌كە‌یدا پرۆسە‌ی ئە‌نفالكردنی ژینگە ‌و كانی و كانیاوە‌كانە، پڕۆژە‌ی كون كونكردنی ناو جە‌رگی زە‌وییە لە‌ ژێر ناوی بیری ئیرتوازی، پڕۆژە‌ی سووتانی دارستانە‌كان و سنە‌وبە‌رە‌كانە لە‌ پێناوی بینا كارتۆنیی و پڕۆژە‌ ئابوورییە‌ بێكە‌ڵكە‌كاندا، پرۆژە‌ی وشككردنی كانیاوە‌كان و هێنانی (تە‌نكە‌ری ئاوی پاك بۆ خواردنە‌وە‌)، چیدی كوردستان ئاوی كەوسە‌ر نییە‌، كە‌م هاوین هە‌یە‌ ئاوی كۆلێرا نە‌بێت.
نازانم ئە‌م هە‌ستە‌ دوژمنكارییە‌ لە‌ كوێوە‌ سە‌رچاوە‌ی گرتووە‌، كە‌ وای لە‌ بە‌شێك لە‌ سە‌رمایە‌داران كردووە‌ ئەم مامە‌ڵە‌یە لە‌گەڵ ژینگەدا‌ بكە‌ن، بۆ نموونە تە‌نها بۆ خۆشیی چە‌ند هە‌رزە‌كارێك دارستانی بناری گۆیژە‌ گڕی تێ بە‌ردە‌دە‌ن، من دڵنیام ئێوە‌ ناتوانن ژینگە‌ دۆست بن، چونكە‌ لە‌سە‌ر بنە‌مای سە‌ودا و مامە‌ڵە‌ لە‌ تە‌ك ژینگەدا‌ كار دە‌كە‌ن، ئامانجتان كۆنتڕۆڵە‌ نە‌ك پێكە‌وە‌ ژیان، ئاخر لە‌ خۆڕا هیندییە‌ سوورە‌كان نە‌یان دە‌وت بە‌ ئە‌وروپیە‌كان ئێمە‌ چۆن دە‌توانین هاژە‌ی ئاو و سروە‌ی باتان پێ بفرۆشین، قە‌ڵبە‌زە‌ و كانی و كانیاوە‌كان كە‌ی بۆ فرۆشتنن، ئە‌وانە‌ شوناسی ئێمە‌ن، لە‌ تە‌كیاندا گە‌ورە‌ بووین پێیان ژیاوین و بۆیان دەژین، سە‌یرتر لە‌وە‌ بە‌وان دە‌ڵێن هە‌مە‌جی و ئێمە‌ش شارستانیی. 

 

ئە‌مڕۆ شار بۆنی بوخرد و خواردنی ئێوارانی نە‌ماوە‌، ئە‌مڕۆ شار زبڵدانێكی گە‌ورە‌یە‌ بۆ خۆڵ و خاشاك‌، بۆیە‌ سە‌د مە‌خابن لە‌م هە‌رێمە‌ی لە‌مە‌ڕ ئێمە‌ نە ‌هە‌وامان پاكە، نە ‌ئاسمانمان شینە

 

دارستانە‌كانمان لە‌دە‌ستداوە
دە‌زانم لای كە‌سێكی پوولە‌كیی، درێژیی بینایە‌ك سە‌د هێندە‌ی باڵای درە‌ختێكی بە‌تە‌مە‌ن نرخی هە‌یە‌، چونكە‌ لە‌مێژە‌ لە‌م مە‌ملكە‌تە‌ ژینگە‌ لە‌ بە‌ها كە‌تووە ‌و بۆتە‌ (نرخ)، حە‌ز دە‌كە‌م بێن لە‌گە‌ڵم گوزە‌رێك بە‌ (70) ساڵی رابردووی ئە‌م هە‌رێمە‌دا بكە‌ین بزانین لایەنی كە‌م سێیە‌كی دارستانە‌كانمان لە‌دە‌ستداوە‌، سنە‌وبە‌رە‌كان دە‌سوتێنین و لە‌ جێیاندا چە‌ند ئینجانە‌یە‌ك دادە‌نێین، ئاو نە‌ك لە‌ سە‌ر زە‌وی لە‌ ژێر زە‌ویش وە‌ختە‌ نە‌مێنێت، دۆزینە‌وە‌ی نە‌وت ئاسانتر‌ بووە‌ لە‌ ژێر زە‌وی تا دۆزینە‌وە‌ی ئاو. بڕوانە‌ هە‌ولێر و سلێمانی و گە‌رمیان...هتد، لە‌ڕووی كۆمە‌ڵایە‌تییە‌وە‌ و چاولێكە‌ری و جگە‌رە‌و ڤە‌یپ و دونیا دوكە‌ڵاوییە‌كان وای كردووە‌ بە‌ نزیكە‌یی لە‌ (20) خوێندكاردا ڤەیب بە‌كاربهێنن بە‌ پێی هە‌ندێك لە‌ خە‌مڵاندنە‌كان بێت، سە‌یرێكی دوكە‌ڵی دە‌ستی دوو بكە‌ن لە‌و شوێنانە‌ی‌ داخراون و جگە‌رەی تێدا دە‌كێشرێت، بزانن وە‌زعمان چۆنە‌ و ئە‌وانە‌ش كە‌ نایكێشن چۆن دە‌بێت دوكە‌ڵی دە‌ستی دوو هە‌ڵمژنە‌وە‌.

 

لە ماوەی‌ 70 ساڵی رابردووی ئە‌م هە‌رێمە‌دا، لایەنی كە‌م سێیە‌كی دارستانە‌كانمان لە‌دە‌ستداوە‌

 

دو‌كە‌ڵ لە‌ گە‌رووی شار ئاڵاوە‌
لە‌ ئێوارە‌یە‌كی درە‌نگدا سە‌یرێكی شارە‌كانی هە‌ولێر و سلێمانی بكە‌، بزانە‌ چۆن دو‌كە‌ڵ لە‌ گە‌رووی شار ئاڵاوە‌، پڕۆژە ‌و سیاسە‌‌تی بە‌رە‌نگاربوونە‌وە‌ی دوكە‌ڵ لە‌ كوێن، مە‌گە‌ر چاوە‌ڕوانی رە‌حمی خودا و بارانێكی پایزە‌ بكە‌ین ئە‌م دوكە‌ڵە‌مان لە‌سە‌ر كە‌مبكە‌نە‌وە‌، بزانە‌ شار بۆتە‌ مە‌نجە‌ڵێك لە‌ دوكە‌ڵ و سە‌رقاپە‌كە‌ی لابە‌رە‌، هە‌ر لێرە‌وە‌ سە‌رنجێكی میلۆنە‌ها ئۆتۆمبێل‌ بدە‌ن لە‌م هە‌رێمەی خۆمان چۆن قافڵە‌یان بە‌ستووە‌، سە‌یرێكی كوالیتی بە‌نزین و ئە‌و ماددانەی تێی دە‌كرێت بكە‌، ئە‌مڕۆ سییە‌كانی شار پڕن لە‌ دوكە‌ڵ كە‌ لە‌ دوكە‌ڵی خە‌ردە‌ل كە‌متر نین، پڕن لە‌ دوكە‌ڵی ماشێنە‌ دوو تە‌نییە‌كان و ماتۆڕە‌ دە‌نگ زلە‌كان، ئە‌وڕۆ شار هێمنیی جوانیی و ئیستاتیكی خۆی لە‌دە‌ستداوە‌، هاتووە‌ گە‌مە‌ لە‌سە‌ر قە‌بارە‌ی بیناكان و بە‌رزیی ئاپارتما‌نە‌كان و جە‌نجاڵیی شار دە‌كات.
ئە‌مڕۆ شار بۆنی بوخرد و خواردنی ئێوارانی نە‌ماوە‌، ئە‌وڕۆ شار زبڵدانێكی گە‌ورە‌یە‌ بۆ خۆڵ و خاشاك‌، بۆیە‌ سە‌د مە‌خابن لە‌م هە‌رێمە‌ی لە‌مە‌ڕ ئێمە‌ نە ‌هە‌وامان پاك و نە‌ ئاسمانمان شینە‌، چیتر ناتوانین نە‌ ئە‌و شیعرە‌ی گۆران و نە‌ ئە‌و ئاوازە‌ی ئیبراهیم خە‌یات  بچڕینە‌وە‌ كە‌ دە‌ڵێ ..(لە‌ ژێر ئاسمانی شینا، لە‌ پا‌ڵ لوتكە‌ی بە‌فرینا)ئە‌مێستا گۆرانی شاعیر زیندوو بێتە‌وە‌، ناتوانێ چیدی بە‌ باڵای ئە‌م وڵاتە‌دا هە‌ڵبدات.

وتارەکانی نوسەر