گرفت و رێگەچارە

چی بچێنی هەر ئەوە دەدووریتەوە..

09:56 - 2024-07-29
پ.د. كەریم شەریف قەرەچەتانی
139 خوێندراوەتەوە

پ.د. كەریم شەریف قەرەچەتانی


7

چیرۆکی کچێکی 15 ساڵان

من كچێكم تەمەنم 15 ساڵە و كوڕێكم لە رێگای ئینتەرنێتەوە ناسی كە خوێندكاری زانكۆیە و پەیمانی پێدام بمهێنێ‌، منیش زۆرم خۆشدەویست، بەردەوام داوای ئەوەی لێدەكردم  كە بیبینم و لەگەڵی بچمە دەرەوە بۆ ئەوەی شارەزای یەكتری ببین، لە سەرەتاوە بە هیچ شێوەیەك رازی نەبووم، بەڵام دوای ئەوەی وتی دیارە تۆ منت خۆش ناوێت و متمانەت بە من نییە، كەواتە هەریەكەمان لە رێگای خۆی، ئیتر ترسام وازم لێ‌ بهێنێ‌، بۆیە رازی بووم كە جارێك لە كافتریایەك بیبینم، دوای ئەوە وتی ماڵی پورم لە شوقەكانی گوندی (...) حەز دەكات بت بینێ‌ بۆ ئەوەی قسە لەگەڵ دایكم بكات و پلانی هاوسەرگیری دانێین، منیش لەگەڵی چووم، بەڵام درۆی لەگەڵ كردم و شوقەكە چۆڵ بوو،  دوای ئەوە من زۆر پەشیمانم، هەست بە تاوان دەكەم و ئەویش زوو زوو پەیوەندیم پێوە دەكات و دەڵێت ئەگەر لەگەڵم نەیەیتە دەرەوە وێنە و نامەكانت بۆ دایك و باوك و براكانت دەنێرم، ئینجا ئەوان بزانن دەمكوژن، لەبەر ئەوەی ئێمە عەشایەرین و ئەو شتانە قبوڵ ناكەن، لەگەڵ كچێكی هاوڕێم سەردانی بنكەیەكی پۆلیسم كرد، وتیان لەبەرئەوەی تەمەنت 15 ساڵە دەبێت دایك یان باوكت بێت سكاڵا پێشكەش بكات، منیش ناوێرم بە ئەوان بڵێم دەمكوژن، توخوا رێگا چارەیەكم بۆ بدۆزەرەوە، چی بكەم بۆ ئەوەی لەو كێشەیە رزگارم بێت؟.

 

تەمەنی شووکردن نییە!
باشە كە تۆ تەمەنت (15) ساڵە و هێشتا كاتی شووكردنت نەهاتووە بۆچی پەیوەندی دروست دەكەیت؟ چونكە ئەو تەمەنە تەمەنی شووكردن نییە، لەو تەمەنەدا كوڕ یان كچ دەبێت سەرقاڵی خوێندنەكەی بێت، بەداخەوە ئەمە یەكەم هەڵەی تۆ بووە، هەڵەی دووهەمیش ئەوەیە كە لەگەڵی چوویت بۆ شوقەیەكی چۆڵ، باشە تۆ پرسیارت لە خۆت نەكرد، بە چ یاسا و رێسایەك تۆ لە تەمەنی (15) ساڵیدا و بە بێ‌ پرسی دایك و باوكت لەگەڵ هەرزەكارێك دەچیت بۆ شوقە، باشە پرسیاری ئەوەت نەكرد، ئەگەر یەكێك كەسێكی خۆش بوێت بۆ دەبێت لە پەنجەرەی پشتەوە بە دزییەوە بێتە ژوورەوە لە كاتێكدا دەرگا كراوەیە.
لەلایەكی ترەوە كە ئەو هەڵەیەت كرد و بڕیارتدا لەگەڵی بڕۆیت، ئەی بۆ بەخوشك یان هاوڕێیەكی نزیكت یان كچە پورێكی دڵسۆزی خۆت نەوت بۆ ئەوەی لەگەڵت بێت، ئەوكات كە چوونە شوقەكەوە و بینیتان چۆڵ بوو نەدەچوونە ژوورەوە لەبەرئەوەی دوو كەس بوون نەیدەتوانی  بە زۆر بتان كاتە ژوورەوە و دەست درێژی بكاتە سەرت، ئەی ئەگەر چوویت و زانیت چۆڵە بۆ چوویتە ژوورەوە، هەموو ئەمانە ئاماژەن كە تۆ كەسێكی بیر لە دەرئەنجامی كارەكانت ناكەیتەوە، ئەگەر بیرت بكردایەوە ئەو كارەت نەدەكرد، دوای ئەوە چۆن گەیشتیتە ئەو بڕوایەی ئەگەر لەگەڵی نەچیت وازت لێدەهێنێ‌؟ ئەگەر یەكێك كەسێكی خۆش بوێت قوربانی بۆ دەدات تا پێی دەگات، ئەو ئەگەر تۆی خۆشبویستایە پێی نەدەوتی ئەگەر لەگەڵم نەیەیتە دەرەوە مانای ئەوەیە تۆ منت خۆش ناوێ‌ و تۆلە رێگای خۆت و منیش لە رێگای خۆم، بێگومان ئەو قسە و قسەڵۆكانە هەموویان تەڵەبوون بۆ تۆی ناوەتەوە تا تووشت بكات و ئەوەی دەیەوێت دەستی بكەوێت، لە واقیعیشدا بەتەڵەكەوە بوویت، هیوادارم هیچ كچێكی تر وەك تۆ هەڵنەخەڵەتێ‌ و پەند لە هەڵەكانی كەسانی وەك تۆ وەربگرن.

ئەگەری زۆر هەیە بترسێت
خوشكی بەڕێز هەڕەشەی دونیات لێبكات جارێكی تر هەڵە نەكەیت و لەگەڵی نەچیتە دەرەوە، هەوڵبدە لە رێگای كەسە نزیكەكانییەوە داوای  وێنە و ڤیدیۆكانی لێبكە و ئەگەر وتی نایدەمەوە بڵێ‌ دەچم لە لایەنی پەیوەندیدار سكاڵا تۆمار دەكەم چونكە من لە (18) ساڵ كەمترم و وەك پێویست گەشەم نەكردووە تاوانباری سەرەكی تۆی كە منت هەڵخەڵەتاندووە، ئەگەر هەر شتەكانی نەدایتەوە دەبێت كەسە زۆر نزیكە دڵسۆزەكانت كە متمانەت پێیان هەیە و دڵنیایت كە ناوت نازڕێنن ئاگادار بكەرەوە با ئەوان پەیوەندیی پێوە بكەن و پێی بڵێن ئەو كچە ئێستا لە بارێكی دەروونی ئاڵۆزدایە و دەبێت بێیت داوای بكەیت و هەڵەكەت راست بكەیتەوە، بەپێچەوانەوە هەر شتێكی نەخوازراو رووبدات تۆ بەرپرسی و ئەوە ئێمە شاهیدین و هەموو شتەكانی تۆمار كردووە و كاسێتەكەی لای ئێمە داناوە، ئەگەری زۆر هەیە بترسێت و وێنە و ڤیدیۆكان بگەڕێنێتەوە و قسەكانی تەنیا هەڕەشە بێت و جورئەتی ئەوە نەكات بچێت بڵاویان بكاتەوە، چونكە ئەوكات دەستەكەی كەشف دەبێت و دەگیرێت و تاوانباری یەكەمیش دەردەچێت لەبەرئەوەی ئەو تەمەنی لە (18) ساڵ زیاترە.
ئەگەر ئەوەش سەری نەگرت با ئەو كەسە نزیكانەت قسە لەگەڵ دایكت بكەن و بابەتەكەی تێبگەیەنن، با ئەویش جارێكی تر لەگەڵ ئەو خزمە نزیكانەت پەیوەندیی بەو كەسەوە بكەن و داوای شتەكانی لێبكەن و پێی بڵێن ئێمە ئەوە دایك و پوور و كەسە نزیكەكانی ئەو كچەین و ئەگەر هەموو  شتەكانی نەگێڕیتەوە ئەوا لە بەیانی زووتر نییە سكاڵای یاسایت لەسەر تۆمار دەكەین چونكە تۆ كچەكەی ئێمەت هەڵخەڵەتاندووە و تاوانیشت كردووە لەبەرئەوەی ئەو تەمەنی نەبووە بە (18) ساڵ و (قاصر)ەیەو تۆ گەورەیت، ئەو كات بە هیچ شێوەیەك لێت خۆش نابین، من دڵنیام كە زانی دایكیشت زانیوێتی ئەوكات هەموو شتەكانیش دەگەڕێنێتەوە چونكە ئەو بە حسابی خۆی، تۆ ناوێریت بە دایك و باوكت بڵێیت، مادام ئێستا دایكیشت زانیتی ئیتر ئەو هیچ هیوایەكی نامێنێ‌ كە تۆ جارێكی تر لە ترسان لەگەڵی بچیتە دەرەوە، ئەگەر هەر نەیگەڕاندنەوە ئەوا دەبێت لەگەڵ دایكت بچن سكاڵای یاسایی لەسەرتۆمار بكەن.
  
تەنها تۆ زەرەرمەند نابیت
ئەمە هەمووی باجی نەزانی خۆتە، تۆ كچێكی (15) ساڵ چۆن لە ئەو تەمەنە بچووكە جورئەتی ئەوە دەكەیت كە لەگەڵ كەسێك بچیتە دەرەوە و خۆت تووشی بەڵا بكەیت، چونكە ئەوە پەیوەندە بەشەرەف و ئەخلاق و سمعەی خێزانەكەت و خزم و كەستانەوە هەیە و تەنها تۆ زەرەرمەند نابیت، بەڵكوو هەموو كەسە نزیكەكانت دەگرێتەوە، باشە تۆ بیرت لە باوك و خوشك و برا و مام و خاڵ و كەسە نزیكەكانت نەكردەوە، نەت وت من بۆ سەری ئەوان شۆڕ بكەم و تووشی ئەو ئابروو چوونەیان بكەم، ئەوان منیان بۆ ئەوە پەروەردە كرد كە ئابڕوویان بەرم یان خوێندن تەواو بكەم و سەریان بەرز بكەمەوە، بەداخەوە بۆ كەسانی وەك تۆ كە ئاوا بە ئاسانی ئابڕوی خۆیان و كەس و كاریان دەبەن و هەموولایەك شەرمەزار دەكەن.

 

لێرەدا روو دەكەمە هەموو دایك و باوكێك كە دەبێت زۆر ئاگاداری منداڵەكانتان بن و كاتیان بۆ تەرخان بكەن و بزانن چی دەكەن و چی ناكەن، داوا لە هەموو كوڕ و كچانی وڵاتەكەشم دەكەم پێش ئەوەی هیچ كارێك بكەن بیر لە دەرئەنجامەكەی بكەنەوە

 

بەڕێزەكەم دوای ئەوەی وێنە و ڤیدیۆكانت وەردەگریتەوە ئەوا كێشەیەكی تر دەمێنێت ئەویش دەرئەنجامی ئەو چوونەتە بۆ شوقە و تووشی چی كردوویت، ئەوە تەنها خوداو خۆت و ئەو كوڕە دەزانن، ئەگەر پەردەی كچێنیت لەدەست داوە ئەوەش كێشەیەكی تری گەورەیە، ئیتر نازانم چۆن چارەسەری دەكەیت و من دڵنیام هەتا مردن وەك مۆتەكە و سێبەرت لەكۆڵت نابنەوە و لە داهاتوودا دەیان كێشەی دەروونی و كۆمەڵایەتیت بۆ دروست دەكات، واتە ئەوەی تۆ كردووتە پێی دەڵێن هەڵەی تەمەن، واتە ئەو هەڵە گەورانەن كە بەئاسانی لە دەستی رزگارت نابێت، بێگومان ئازاری ویژدانیشت لەولاوە بوەستێت و خەم و خەفەتی دایك و باوك و خزمەكانیشت هەر كۆتایی نایەت، بۆیە لەرێگەی ئەم كێشەی تۆوە روو دەكەمە هەموو دایك و باوكێك كە دەبێت زۆر ئاگاداری منداڵەكانتان بن و كاتیان بۆ تەرخان بكەن و بزانن چی دەكەن و چی ناكەن، بۆ ئەوەی وەك دایك و باوكی ئەم كچەتان لێ‌ نەیەیت و لەهەمان كاتیشدا داوا لە هەموو كوڕ و كچانی وڵاتەكم دەكەم پێش ئەوەی هیچ كارێك بكەن بیر لە دەرئەنجامەكەی بكەنەوە بۆ ئەوەی وەك ئەم كچە نەبن بەقوربانی.

وتارەکانی نوسەر