30
کاک دکتۆر، ئێمه منداڵێكمان هه‌یه ته‌مه‌نی (6) ساڵه و زۆر درۆمان له‌گه‌ڵ ده‌كات، زۆربه‌ی كات كارتی مه‌كته‌ب له ئێمه ده‌شارێته‌وه و راستییه‌كانمان پێ ناڵێ، كه پرسیارێكی لێ ده‌كه‌ین به راستی وه‌ڵاممان ناداته‌وه، جاری وا هه‌یه درۆی شاخدار ده‌كات، نازانین چی له‌گه‌ڵ بكه‌ین. زۆرجار له‌سه‌ر ئه‌و درۆكردنه‌ی لێشمان داوه، به‌ڵام هه‌ر واز ناهێنێ و دوای ماوه‌یه‌ك ده‌ست به درۆكردن ده‌كاته‌وه، جاری وا هه‌یه میوانمان دێت، ئه‌و پێیان ده‌ڵێت: باوكم له ماڵ نییه و له كاتێكدا باوكی له ماڵه‌وه‌یه، چی له‌گه‌ڵ بكه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی واز له‌و درۆكردنه‌ی بهێنێت؟
به‌ڕێزه‌كه‌م یه‌كه‌مجار ده‌بێت ده‌ستنیشانی جۆری درۆكه‌ی بكرێت، له‌به‌رئه‌وه‌ی چه‌نده‌ها جۆر درۆ هه‌یه و هه‌ر جۆرێك له‌و درۆیانه هۆكاری تایبه‌ت به خۆی هه‌یه، واته یه‌كجۆر هۆكار نییه تا ئێمه یه‌كجۆر مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ بكه‌ین. چاره‌سه‌ری سه‌ركه‌وتوو، په‌یوه‌ندیی راسته‌وخۆی به زانینی جۆری درۆكه‌وه هه‌یه، واته ئه‌گه‌ر توانیمان ده‌ستنیشانی جۆری درۆكه‌ی بكه‌ین، ئه‌وا چاره‌سه‌ركردنی ئاسان ده‌بێت، ئه‌ویش نه‌هێشتنی هۆكاره‌كانی درۆكردنه‌كه‌یه، بۆنموونه جۆرێك له درۆمان هه‌یه پێی ده‌وترێت درۆی خه‌یاڵاوی، جۆرێكی تر له درۆمان هەیه پێی ده‌ڵێن درۆی تێكه‌ڵكردن، هه‌روه‌ها جۆرێكی ترمان له درۆ هه‌یه پێی ده‌ڵێن درۆی لاسایكردنه‌وه، جۆرێكی تر له درۆ هه‌یه پێی ده‌ڵێن درۆی خۆپاراستن، جۆرێكی تریش له درۆ هه‌یه پێی ده‌ڵێن درۆی تۆڵه سه‌ندنه‌وە.
زۆربه‌ی منداڵان ئه‌گه‌ر بۆ جارێكیش بوو بێت په‌نا بۆ درۆكردن ده‌به‌ن، له‌به‌رئه‌وه‌ی كه‌سانێك هه‌ن له چواردەو‌ریان درۆ ده‌كه‌ن، منداڵیش لاساییان ده‌كاته‌وه، پێویسته زانیاریی پێویست كۆ بكه‌یته‌وه تا بزانی له چ كاتێك درۆ ده‌كات، پێش ئه‌وه‌ی درۆكه بكات چی روویداوه
درۆی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه
زۆربه‌ی منداڵان ئه‌گه‌ر بۆ جارێكیش بووبێت، په‌نا بۆ درۆكردن ده‌به‌ن، له‌به‌رئه‌وه‌ی كه‌سانێك هه‌ن له چواردەو‌ریان درۆ ده‌كه‌ن، منداڵیش لاساییان ده‌كاته‌وه، پێویسته زانیاریی پێویست كۆ بكه‌یته‌وه تا بزانی له چ كاتێكدا درۆ ده‌كات، پێش ئه‌وه‌ی درۆكه بكات چی روویداوه، واته ئه‌گه‌ر كاتێك هه‌ڵه‌یه‌ك ده‌كات یان كارێكی نابه‌جێ ده‌كات و دوای ئه‌وه درۆ ده‌كات و راستییه‌كان ده‌شارێته‌وه، ئه‌گه‌ری ئه‌وه هه‌یه ئەمە درۆی خۆپاراستن بێت، له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ر راستییه‌كان بڵێت لێدان ده‌خوات، بۆیه درۆ ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی خۆی له لێدان بپارێزێت. بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م جۆره درۆیه نه‌هێڵین پێویسته به‌ڕێزتان له‌گه‌ڵ منداڵه‌كه‌تان دابنیشن و ئه‌وه‌ی تێبگه‌یه‌نن كه ئه‌گه‌ر راستییه‌كان بڵێت په‌یمان بێت كه‌س لێی نادات، واته ئه‌گه‌ر له وانه‌كان ده‌رنه‌چوویت و كارتت وه‌رگرت كه‌وتبوویت، ئه‌وا كارته‌كه‌مان پیشان بده با بزانین له چ وانه‌یه‌كدا ده‌رنه‌چوویت، تا پلانی بۆ دابنێین تا جارێكی تر له هه‌مان وانەدا نه‌كه‌ویت، ئه‌گه‌ر له هه‌موو وانه‌كانیشدا ده‌رنه‌چووبیت په‌یمان بێت هیچ كه‌س قسه‌ت پێناڵێت، به‌و مه‌رجه‌ی راستییه‌كانمان لێ نه‌شاریته‌وه، پێی بڵێن ئێمه رقمان له تۆ نییه، به‌ڵام رقمان له درۆكردنه‌كه‌ته، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ده‌ركه‌وت له ماڵه‌وه یان له كۆڵان و قوتابخانه منداڵێكی له خۆی گه‌وره‌تر ئازاری ده‌دات و ئه‌م پێی ناوێرێ و دوای ئه‌وه درۆیه‌ك بۆ ئه‌و كه‌سه دروست ده‌كات كه لێی داوه، ئه‌مه مانای ئه‌وه‌یه كه جۆری درۆكه‌ی (درۆی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌یه) واته كاتێك كه‌سێك زوڵم و سته م له كه‌سێكی تر ده‌كات و ئه‌و كه‌سه توانای نییه تۆڵه‌ی خۆی بكاته‌وه یان مافه‌كانی بۆ بگه‌ڕێته‌وه، ئه‌گه‌ری زۆر هه‌یه درۆی بۆ دروست بكات بۆ ئه‌وه‌ی دایك و باوك یان مامۆستا له‌و كه‌سه (سته‌مكار)ه بدات كه ناهه‌قی به‌رانبه‌ر كه‌سی سته‌ملێكرراو كردووه و به شێوه‌یه‌كی ناڕاسته‌وخۆ تۆڵه‌ی لێ بكرێته‌وه، چاره‌سه‌ری ئه‌م درۆیه به‌وه ده‌كرێت كاتێك منداڵێكمان دێت و شكات له براكه‌ی یان هاوڕێكه‌ی ده‌كات، با ئێمه یه‌كسه‌ر له برا یان هاوڕێكه‌ی نه‌ده‌ین و ئه‌و منداڵه سوود له درۆكه‌ی وه‌رنه‌گرێت، به‌ڵكوو ده‌بێت هه‌ردووكیان بانگ بكه‌ین و پرسیاریان لێبكه‌ین و زانیاری ته‌واو كۆبكه‌ینه‌وه بزانین شكاتی ئه‌و منداڵه له براكه‌ی یان هاوڕێكه‌ی راسته، ئه‌گه‌ر راست نه‌بوو درۆ بوو ئه‌وا نابێت له‌برا یان هاوڕێكه‌ی بده‌ین، به‌ڵكو ده‌بێت قسه له‌گه‌ڵ ئه‌و منداڵه بكه‌ین كه شكاتی كردووه و تێیبگه‌یه‌نین كه قسه‌كان راست نیین و له جیاتی ئه‌وه وه‌ره پێمان بڵێ كه ئه‌و برا گه‌وره‌یەم یان ئه‌و هاوڕێیه‌م زوڵمی لێكردووم یان لێی داوم یان پێنووس یان ده‌فته‌ره‌كه‌ی بردووم، ئه‌و كات ئێمه‌ش شته‌كانی لێ ده‌ستێنینه‌وه و ده‌بێت بێت و داوای لێبووردنت لێ بكات و جارێكی تر ئه‌وه دووباره بكاته‌وه ئه‌وا دایك و باوكی بانگ ده‌كه‌ین، واته ده‌بێت منداڵه‌كانمان فێر بكه‌ین له رێگه‌ی گفتوگۆ و رێگای دروسته‌وه مافه‌كانمان وه‌ربگرین نه‌ك له رێگای درۆكردنه‌وه.
له رێگای لاساییكردنه‌وه‌وه فێری ئه‌و جۆره درۆیه ده‌بێت
جاری واش هه‌یه جۆری درۆكردنی منداڵ له جۆری لاساییكردنه‌وه‌یه، واته یه‌كێك یان زیاتر له كه‌سه‌كانی چواردەو‌ری درۆ ده‌كه‌ن و راستییه‌كان ده‌شارنه‌وه و دوای ماوه‌یه‌ك منداڵیش له رێگای لاساییكردنه‌وه‌وه فێری ئه‌و جۆره درۆیه ده‌بێت، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌شه كه په‌روه‌ردەکاران پێمان ده‌ڵێن تۆ به منداڵ مه‌ڵێ درۆ مه‌كه و درۆ خراپه و خودا كه‌سی درۆزنی خۆش ناوێت، هه‌ركه‌س درۆ بكات خه‌ڵكی خۆشیان ناوێت و دواتر بڕوا به هیچ قسه‌یه‌كی ناكه‌ن و ده‌توانیت چیرۆكی شوانه درۆزنه‌كه‌ی بۆ بگێڕیته‌وه و كه‌سی درۆزن به‌رده‌وام هه‌ست به كه‌می و شه‌رمه‌زاری ده‌كات...هتد، ده‌ڵێن له جیاتی ئه‌و قسه و ئامۆژگارییانه، ته‌نها له‌به‌رچاوی درۆ مه‌كه، چونكه كاتێك منداڵ دێته ژیانه‌وه درۆ نازانێت و درۆكردن بۆماوه‌یی نییه، به‌ڵام هه‌زار ئامۆژگاری بكه‌ین و نموونه‌ی بۆ بهێنینه‌وه ئه‌گه‌ر له به‌رچاوی درۆ بكه‌ین، ئه‌وا قسه‌كانمان هیچ سوودی نابێت و منداڵ فێری درۆ ده‌بێت، له‌به‌رئه‌وه‌ی له په‌روه‌رده‌ی نوێ‌دا ئه‌وه ده‌ركه‌وتووه كه منداڵ لاسایی ره‌فتاره‌كانمان ده‌كاته‌وه نه‌ك گوێ له قسه‌كانمان بگرێت.
له‌به‌رچاوی منداڵه‌كه‌مان درۆ نه‌كه‌ین
هه‌ندێكجار گه‌وره‌كان بۆ خۆ رزگاركردن له بارودۆخێكی ناله‌بار په‌نا بۆ قسه‌ی ناڕاست ده‌به‌ن، بۆ نموونه جاری واهه‌یه باوك له ماڵه‌وه‌یه و مووچه‌ی وه‌رنه‌گرتووه و گیرفانی به‌تاڵه، له‌ناكاو كابرای موه‌لیده یان خاوه‌ن خانووه‌كه دێت و له ده‌رگا ده‌دات و داوای پاره ده‌كات، پیاوه‌كه‌ش به ژنه‌كه‌ی ده‌ڵێت پێی بڵێ باوكی مناڵه‌كان له ماڵ نییه بۆ ئه‌وه‌ی بڕۆن و كاتێكی تر بێنه‌وه، كاتێك منداڵ گوێی له‌م قسه‌ی دایك و باوكی ده‌بێت، ئه‌گه‌ری ئه‌وه زۆره كه دوای ماوه‌یه‌كی تر ئه‌گه‌ر میوان یان هاوڕێیه‌كی باوكی هات بۆ ماڵیان له ده‌رگای دا و به رێكه‌وت منداڵه‌كه ده‌رگای لێ كرده‌وه و میوانه‌كه به منداڵه‌كه‌ی وت باوكت له ماڵه، ئه‌گه‌ری ئه‌وه زۆره قسه‌كه‌ی دایكی بیر بكه‌وێته‌وه و بڵێت: نه‌خێر له ماڵ نییه، لێره‌دا منداڵ له‌و هۆكار و پاساوانه تێناگات كه ئێمه‌ی گه‌وره بۆ درۆكانمان ده‌یهێنینه‌وه، واته دایكه‌كه بۆیه به خاوه‌ن ماڵ یان موه‌لیده‌كه‌ی وت باوكی منداڵه‌كان له ماڵ نییه بۆ ئه‌وه‌ی تووشی رووگیری و شه‌رمه‌زاری نه‌بن، واته پاساو و هۆكاری خۆی هه‌یه، به‌ڵام منداڵی (6) ساڵ ئه‌وه نازانێت و لێشی تێ ناگات و جیاوای له نێون كابرای موه‌لیده و هاوڕێكه‌ی باوكی ناكات، بۆیه وه‌ك دایكی ده‌ڵێت: نه‌وه‌ڵا له ماڵ نییه، كه‌واته ئه‌گه‌ری زۆر هه‌یه ئه‌و منداڵه‌تان له رێگای لاساییكردنه‌وه‌ی دایكی یان كه‌سانی تر فێری ئه‌و جۆره درۆیه بووبێت. چاره‌سه‌ری ئه‌م جۆره درۆیه ئه‌ویه ئێمه‌ی گه‌وره له‌به‌رچاوی منداڵه‌كه‌مان درۆ نه‌كه‌ین و ئاگامان له قسه و ره‌فتارمان بێت بۆ ئه‌وه‌ی ئێمه ببین به پێشه‌نگ و نموونه‌یه‌كی جوان بۆ منداڵه‌كانمان.