ستونی کراوە

سەری دز، نەك سەگی دز

10:10 - 2024-07-31
جەواد حەیدەری
550 خوێندراوەتەوە

جەواد حەیدەری 

 

زۆر جار لێرە و لەوێ لە زاری سیاسییەك، مامۆستایەكی زانكۆ، پیرە پیاوێك، پێشنوێژێكی مزگەوت، دوكاندارێك، پێشكەشكارێكی تەلەفزیۆن، گوێمان لە پەندێكی پێشینان بە ناوی» دار هەڵبڕە سەگی دز دیارە» دەبێت كە بە داخەوە ئەو پەندە بە هەڵە رۆیشتووە و بووە بە هەڵەیەكی باو كە ئەگەر بمانەوێت وەك هەندێك لەپەندی پێشینان و قسەی نەستەق راستی بكەینەوە زۆری پێدەچێت و كاتی دەوێت.
پەندی( دار هەڵبڕە سەگی دز دیارە) لە راستیدا هەڵەیە و راستەكەی ئەوەیە كە (دار هەڵبڕە سەری دز دیارە) ئەمەش خۆی چیرۆكێكی هەیە كە بەمشێوەیە. 
دەگێڕنەوە كاتی خۆی لە گوندێك دزێك هەر شەوێك لە شوێنێك و لە ماڵێك و لە مەزرایەك دزی دەكات و كەسیش پێی نازانێت، ئەو دزی كردنەوە وا تەشەنە دەكات كە تەنگ بە هەموو دانیشتوانی گوندەكە هەڵدەچنێت بە شێوەیەك كە ناچار دەبن پەنا ببنە بەر كوێخای ئاوایی و سكاڵا و گلەیی و گازندەی خۆیان هەڵڕێژن. كوێخاش هەرچی هەوڵدەدات بۆی چارەسەر نابێت و بە ناچاری پەنا بۆ ئاغای ئاوایی دەبات و داوای هاوكاری و یارمەتی لێدەكات. 
ئاغاش كە پیاوێكی دنیادیدە و گەرمی و ساردی رۆژگاری زۆر چەشتووە، پاش بیركردنەوەیەكی زۆر داوا لە كوێخا دەكات كە سەرجەم دانیشتوانی ئاوایی لەبەردەم مزگەوتی ئاوایی كۆبكاتەوە. كوێخاش بە ئاواییدا وەردەبێت و هەموویان كۆدەكاتەوە. ئاغا ئاگادار دەكاتەوە كە خەڵكی ئاوایی چاوەڕێی دەكەن، ئاغاش دارێك بە دەستەوە دەگرێت و دەچێتە ناو ئاپۆرەی خەڵكەكە. دەڵێت: بیستوومە هەموو شەوێك دزی دەكرێت، هەر كەسێك ئەو دزیانەی كردووە ئەگەر ئێستا دان بە دزییەكەی دا بنێت لێی خۆش دەبن، ئەگەر وا نەكات بەو دارە شل و كوتی دەكەم، كەس متەقی لێوە نایەت، ئاغاش دارەكەی دەستی هەڵدەبڕێ، لەوكاتەوە دزەكە رادەچەنێ و سەری دەچەمێنێتەوە، بەو شێوەیە ئاغا دزەكە دەدۆزێتەوە و لەو كاتەوە دەوترێت دار هەڵبڕی سەری دز دیارە، نەك سەگی دز، چونكە ئەگەر سەگ لە شوێنێك بێت، كەس ناتوانێت دزی بكات و لێرەدا دەردەكەوێت كە راستی پەندەكە بەو شێوەیەیە. ئەگینا هیچ پەیوەندییەكی بە سەگەوە نییە.

وتارەکانی نوسەر