گرفت و رێگەچارە

هەر بیری لێدەكەمەوە و ناتوانم لە بیری بكەم

10:09 - 2024-08-05
پ.د. كەریم شەریف قەرەچەتانی
144 خوێندراوەتەوە

پ.د. كەریم شەریف قەرەچەتانی

8

 

كاك دكتۆر من كوڕێكم تەمەنم (27) ساڵە و لە فەرمانگەكەمان كچێكی باش هەبوو زۆر بە دڵم بوو، زۆربەی ئەو سیفاتانەی كە من دەمەوێ‌ لە هاوسەرەكەمدا هەبێت لە ئەو كچەدا هەبوو، پەیوەندیش لە نێوانمان هەبوو، پێكەوە قسەمان دەكرد و تا كارگەیشتە ئەوەی بیرم كردەوە بچمە داوای، بەڵام لەو كاتەدا كچێكی ترم ناسی، دوای ماوەیەك تێكەڵاوی و هات و چۆ زۆر هۆگری بووم و بەردەوام پەیوەندیی هەبوو لە نێوانماندا، ئەویش تا رادەیەك هۆگری من ببوو، لەو ماوەیەدا کە پەیوەندییمان هەبوو، چەندین دیاری گرانبەهاشم بۆ كڕیوە، یەك دووجاریش بە یارمەتی من سەفەری دەرەوەی وڵاتی كردووە، لەبەرئەوەی لە خودا بەزیاد بێت، من لەلایەنی داراییەوە زۆر باشم و بەردەوام هاوكاریم كردووە. كاتێك ئەو كچەی یەكەمجار كە بەنیاز بووم بیهێنم بە پەیوەندیی نێوان من و ئەو كچەی زانی زۆر پێی ناخۆش بوو، چەندجاریش هەوڵیدا كە هەندێك شتم پێ‌ بڵێ‌ دەربارەی ئەو كچەی كە تازە ناسیوومە، بەڵام من رێگام پێنەدا، بۆ ئەوەی نەوەك لە بەرچاوم بخات و لەبەر خۆی پەشیمانم بكاتەوە، ئیتر كە رێگام پێ‌ نەدا وتی من بۆ تۆم بوو كە نەتەوێت منیش نامەوێت قسە بكەم، بەڵام دوایی زۆر پەشیمان دەبیتەوە.
من گوێم بە قسەكانی ئەو كچە نەدا و هەر لە پەیوەندیی لەگەڵ ئەم كچە تازەیە بەردەوام بووم تا رۆژێك  وتی ماڵمان دەچێت بۆ شارێكی تر، ئیتر رۆیشت و پەیوەندیی راستەوخۆمان نەما، ئێستا ئەو لە شارێكی ترەو جار جارێك قسە بەیەكەوە دەكەین، بەڵام یەكێك لە شەوەكان كە قسەم لەگەڵ دەكرد، وتی هیوادارم ئیتر لێرە بە دواوە تەلەفۆنم كەم بۆ بكە، لەبەرئەوەی كەسێك هاتۆتە داوام و كەس و كارم و خۆشم رازی بووین كە شووی پێبكەم و هەفتەی داهاتوو مارەم دەكەن، ئیتر لەو كاتەوە من هەموو شتێكم لەبەرچاو كەوتووە و وا ئەزانم هیچ كەس لەم دونیایە نییە تەنها ئەو كچە نەبێت، هەرچەندە ئەو ئێستا شووی كردووە، بەڵام هەر پەیوەندییمان ماوە و پێكەوە قسە دەكەین، بەڵام كەمتر، زۆرجاریش دیاری و شتی بۆ دەنێرم، ئیتر نازانم من چی بكەم بۆ ئەوەی ئەو كچەم لەبیر بچێتەوە كە زەحمەتیشە لەبیرم بچێتەوە، تەنانەت بە هۆی ئەم كچەوە من ئێستا ئەو كچەی یەكەمجاریش كە بە نیازبووم بچمە داوای لەبەرچاوم كەوتووە و هچ هەست و سۆزی جارانیشم بۆی نەماوە، تكایە رێگاچارەیەكم پێ‌ بڵێ‌، چونكە تووشی خەمۆكێ‌ و بێزارییەكی زۆر بووم و تاقەتی ئیشكردنیشم نەماوە و بەردەوام هەر بیردەكەمەوە.

 


بەڕێزەكەم ئەو رێگای خۆی هەڵبژاردووە و ژیانی خۆی دیاری كردووە و شووی كردووە، یەكەم بە هیچ شێوەیەك تەلەفۆنی بۆ مەكە و وەڵامی تەلەفۆنیشی مەدەرەوە، لەبەرئەوەی هیچ بەرهەمێكی نابێت چونكە ئەو شووی كردووە، واتە تۆ دوای كڵاوی باربردوو كەوتوویت، ئەویش هەڵەیە كە دوای ئەوەی شووی كردووە تەلەفۆن بۆ تۆ دەكات، ئەوە دەچێتە خانەی ناپاكیکردن لە هاوسەرەکەی و ئەگەر دەزگیرانەكەی پێی بزانێت كێشەی گەورەی بۆ دروست دەبێت، براكەم ئەو كچە هیچ كات تۆی خۆش نەویستووە و مەبەستی هاوسەرگیری نەبووە، ئەگەر مەبەستی بوایە داوای لێدەكردیت كە بچیتە خوازبێنی، نەك بچێت شوو بكات، كەواتە خۆت هەڵمەخەڵەتێنە، ئەو ماوەیە كاتی زۆری بێکاریی هەبووە و هەندێك پێداویستی ماددی هەبووە بە تۆی پڕكردۆتەوە، چونكە خۆشەویستی مانای قوربانیدان و خۆڕاگرییە نەوەك لەیەكەم داواكاریدا رازی ببێت شوو بكات.

ئەم سێ خاڵە بە خۆت بڵێ
 بەڕێزەكەم ماوەیەك بدە بە خۆت و بیربكەرەوە و عەقڵت بەكاربهێنە و هیچ پەیوەندیی پێوە مەكە تا مێشكت ساف دەبێت و دانیشە لەگەڵ خۆت قسە بكە و بڵێ‌، یەکەم: ئەو ژیانی تایبەتی خۆی هەڵبژاردووە و شووی كردووە، كەواتە ئەو كۆتایی بە هەموو شتێك هێناوە. دووەم: ئەگەر كەسێك منی نەوێت ئەوا پەنجا بەردی لە دوا هەڵدەدەم و منیش ئەوم ناوێ‌، كێ‌ دەڵێ‌ بۆ تۆ خێری تێدا نییە كە شووی كردووە .سێیەم: بڵێ‌ سوپاس بۆ خودا ئێستا رووی راستەقینەی ئەو ئافرەتە دەركەوت، باشە ئەگەر بم هێنایە و دوای یەك دوو منداڵ بۆم دەربكەوتایە كە ئەو ئافرەتە منی خۆش ناوێت یان ناپاكیم لێدەكات، ئەو كاتە چیم بكردایە؟ خودای گەورە پێمان دەڵێت (لەوانەیە تۆ رقت لە شتێك بێت، بەڵام خێری تۆی  تێدایە) .

تۆ كوڕێكی هەرزەكار نیت
لەبەرئەوە دەبێت تۆش ئاگاداری كەرامەت و كەسێتی خۆت بیت و تۆ كوڕێكی هەرزەكار نیت كە تەنها دوای سۆز و عاتیفە بكەویت، ئەوانە لە فیلمە هندی و میسریە كۆنەكاندا زۆر بوون، براكەم چۆن ئەو كچەت بە رێكەوت ناسی ئەگەری ئەوەش هەیە كە چەندەها كچی تری لەو باشتریش بناسیت، ئەو كاتە كامەیان ئەو تایبەتمەندی و مەرجانەی تێدا بوو كە تۆ بۆ هاوسەری ژیانت داتناوە، ئەو كات ناوی خودای لێ بێنە و داوای بكە و ئێمەش پیرۆزبایت لێدەكەین، بەڵام وەك هەرزەكارێك هەر بیر لەو ئافرەتە بكەیتەوە ئەوكات دەیان كێشەی دەروونی و كۆمەڵایەتیت بۆ دروست دەبێت، بەڵام بڕوا ناكەم تۆ دابەزیتە ئاستی هەرزەكارێكی عاتیفی و هەر خەریكی خەو و خەیاڵ بیت و بیر لەو ئافرەتە بكەیتەوە كە بەوەش زۆر لە كاتەكانی ژیانت بە شتێكەوە سەرقاڵ دەكەیت، كە چۆتە خانەی مەحاڵ و بووە بە رابردوو، ئەو كچە خۆشی داوای ئەوەی لێكردووی كە كەمتر پەیوەندیی پێوە بكە كە ئەو داواكارییە هەڵەیە و نابێت تۆ پەیوەندیی بكەیت نەك لەبەر ئەو بەڵكوو لەبەر خۆت ، چونكە ئەگەری زۆر هەیە دەزگیرانەكەی پێی بزانێت و ئەو كات هەركێشەیەك دروست ببێت تۆش تیایدا هاوبەش دەبیت، بۆ بە دەستی خۆت كێشە بۆ خۆت دروست دەكەیت .
ئەو كات بۆت دەردەكەوێت
هیچ نەبێت بۆ ماوەیەكی كەم خۆت بخەرە شوێنی ئەو دەزگیرانەی ئێستای، واتە ئەگەر تۆ دەزگیرانی ئەو كچە بوویتایە رازی دەبوویت بە دزییەوە و لە پشتی تۆوە پەیوەندیی بە كوڕێكی ترەوە بكات؟ هەوڵیش بدە پەیوەندیی بەو كچەی یەكەمجارەوە بكە كە بەنیاز بوویت بیهێنیت، نەك بە مەبەستی داواكردن، بەڵكوو تەنها بۆ هەواڵپرسین لە بارەی ئەو شتەی كە دەیویست دەربارەی ئەو كچەی ئێستا شووی كردووە پێت بڵێت، بەڵام تۆ كاتی خۆی گوێت لێنەگرتبوو، كێ‌ دەڵێ‌ ئەو كچە هەندێك نهێنی دەربارەی ئەو كچەی شووی كردووە نەزانێت، ئەو كات بۆت دەردەكەوێت كە ئەو كچەی شووی كردووە ئەو كەسە نییە كە تۆ بەنیاز بوویت بیكەیت بە هاوسەرت، بەمەش زۆر لە خەمەكانت دەڕەوێنەوە، لەلایەكی تریشەوە دڵسۆزی و خۆشەویستی ئەو كچەی كە یەكەمجار ناسیت بۆت دەردەكەوێت، ئەگەر دەركەوت ئەو كەسەی ئێستا شووی كردووە پەرێزی پاك نەبووە و چەندەها بەڵگە هەن كە پێش تۆ چەند كوڕی تری ناسیووە و هەندێكیشیانی هەڵخەڵەتاندووە، كێ‌ دەڵی تۆی بۆ پارە نەویستووە؟ كێ‌ دەڵێ‌ لەبەر ئەوە داوای نەكردووە كە ئێستاش پەیوەندیی لە نێوانتان بمێنێت بۆ ئەوەی هەر پارەت بەناوی دیاری و گەشت و گوزارەوە لێ بكێشێتەوە، چونكە كەسێك شووی كردبێت لەبەر شەرەف و حورمەت و كەرامەتی خۆی و دەزگیرانەكەی وكەس و كاری نابێت لە پشتەوە پەیوەندیی لەگەڵ كەسێكی وەك بەڕێزتان دابنێت، تۆ بیر لەوە ناكەیتەوە كە ئەوە كارێكی هەڵەیە و داهاتووی باش نابێت، براكەم بگەڕێوە بۆلای ئەو كچەی یەكەمجار كە بەنیاز بوویت داوای بكەیت و وەك خۆشت دەڵێت كچێكی زۆر باشە و زۆربەی ئەو سیفاتانەی كە من دەمەوێ‌ لە هاوسەرەكەمدا هەبێت لەو كچەدا هەیە، كێ‌ دەڵێت ئەوە خێری تێدا نییە؟ بیر بكەرەوە و بە تەنیا دوای دڵت مەكەوە.

 

تۆ كاتی خۆی گوێت لێنەگرتبوو، كێ‌ دەڵێ‌ ئەو كچە هەندێك نهێنی دەربارەی ئەو كچەی شووی كردووە نەزانێت، ئەو كات بۆت دەردەكەوێت كە ئەو كچەی شووی كردووە ئەو كەسە نییە كە تۆ بەنیاز بوویت بیكەیت بە هاوسەرت

 

وتارەکانی نوسەر