گرفت و رێگەچارە

شازدە ساڵە هاوسەرمە و یەكجار پێم نەوتووە خۆشم دەوێیت

10:24 - 2025-05-13
پ.د. كەریم شەریف قەرەچەتانی
24 خوێندراوەتەوە

26

كاك دكتۆر، من ئافرەتێكی باڵاپۆشم و روو لە خودام، كێشەم لەگەڵ مێردەكەم ئەوەیە ئەو حەز دەكات پێی بڵێم خۆشم دەوێیت و کە لە دەرەوە هاتەوە بەدەمییەوە پێبكەنم و بە گەرم و گوڕی بەخێرهاتنی بكەم، ئەمانە و زۆر شتی تر، كە بەراستی من لە خێزانێك پەروەردە بووم هیچ كات گوێم لێ نەبووە و نەمبینیوە دایكم ئەو شتانەی بە باوكم وتبێ‌، من زۆر شەرم دەكەم و بە عەیبەی دەزانم ئەو قسانە بكەم، بەڵام مێردەكەم وەك من بیر ناكاتەوە و پەیوەندیی نێوانمان گەیشتۆتە ئەوەی كە دەڵێت گۆڕانكاریی لە خۆتدا نەكەیت من ناچارم ژن بهێنم، منیش دەڵێم ئەگەر ژن بهێنی دەبێت یەكەمجار من تەڵاق بدەیت ئینجا ژن بهێنە، ئەویش رازی نابێت من تەڵاق بدات و خاوەنی (4) منداڵین، ئیتر نازانم رای تۆ چییە و چیبكەم؟ منیش هاوسەرەكەی خۆم خۆش دەوێت و ئامۆزاشمە.

 

خوشكی من، ئەوەی پیاوەكەت داوای دەكات مافێكی ئاسایی هەموو ژن و پیاوێكە و ژیان بە بێ‌ خۆشەویستی و قسەی خۆش دەبێت بە دۆزەخ، ئەگەر تۆ كەسێكی ئیمانداری، ئەو داواكارییەی مێردەكەت دژی ئایین و بیروباوەڕەكەت نییە، چونكە پێغەمبەر (د.خ) لەسەر بێت، فەرموویەتی (الكلمة الطیبة صدقة) واتە قسەی خۆش وەك كاری خێر و چاكە وایە، خودای گەورە پاداشتی ئەو كەسانە دەكات كە كاری چاك و باش دەكەن، كەواتە كاتێك تۆ قسەی خۆش بۆ هاوسەرەكەت دەكەیت و رێزی دەگریت و بەدەمییەوە پێدەكەنیت و بە روویەكی خۆشەوە بەخێرهاتنەوەی دەكەیت، ئەوا پێش ئەوەی هاوسەرەكەت دڵخۆش بێت، خودای گەورە چاكەت بۆ دەنووسێت، ئایا ئەمە كارێكی خراپە كە لەلایەك چاكەت بۆ بنووسرێت و لەلایەكی تریشەوە دڵی مێردەكەت رازی بكەیت؟ بێگومان نەخێر، ئەی بۆچی خوشكی من تۆ هاوسەرەكەت لە قسەی خۆش و رووی گەشی خۆت بێبەش دەكەیت؟ هەروەها لە كوردەواریی خۆماندا دەڵێین: (مار بە قسەی خۆش لە كون دێتە دەر)، لەلایەكی تریشەوە قسەی خۆش (1500) یەكە ژمارەی خرۆكە سپییەكانی لەشمان زیاد دەكات، واتە كاتێك مرۆڤ نەخۆشە و قسەی خۆشی بۆ دەكرێت ئەوا زووتر چاك دەبێتەوە لەبەرئەوەی ئەو قسە خۆشانە دەبنە هۆی زۆربوونی ژمارەی خرۆكە سپییەكانی نەخۆش و زوو چاك دەبێتەوە لەبەرئەوەی خرۆكە سپییەكان كۆئەندامی بەرگری لەشن و قسەی خۆش بەهێزتری دەكات، ئەی تۆ لەسەرچی قسەی خۆشی لەگەڵ ناكەیت.
لاسایی کارە باشەکانی دایک و باوکت بکەوە
ئیتر نازانم بۆچی ئەگەر قسەی خۆش بكەیت و بە روویەكی گەشەوە پێشوازیی لە مێردەكەت بكەیت عەیبە یان بۆ شەرم دەكەیت؟ خۆ تۆ شتێكی خراپ ناكەیت، بە پێچەوانەوە كارێكی باش دەكەیت، ئیتر نازانم ئەم عەیبەیەت لە كوێوە هێناوە؟ خوشكی بەڕێزم، مرۆڤ دەبێت شەرم لە كاری خراپ و بەدرەوشتی بكات نەك كاری خێر و چاكە، هەروەها ئەگەر دایكت هیچ كات قسەی خۆشی بۆ باوكت نەكردبێت مانای ئەوە نییە كە دەبێت تۆش لاسایی دایكت بكەیتەوە و وەك ئەو رەفتار بكەیت، زۆرجار دایك و باوك هەڵە بوون و هەندێكجار كاری باشیان نەكردووە، ئەمە مانای ئەوە نییە كە نابێت ئێمەش بیكەین، خوشكی بەڕێزم، نابێت لە كارە هەڵەكان لاسایی دایك و باوكمان بكەینەوە.
لەبەرئەوە پێویستە لێرە بەدواوە بیركردنەوە و رەفتار و هەڵسوكەوتت بگۆڕیت و چاو لە رەفتارە باشەكانی دایك و باوكت و كەسانی تر بكەیت نەك كارە هەڵەكانیان، وەك دەردەكەوێت تۆ كەمدو و سارد و سڕی، بۆیە هاوسەرەكەت گەیشۆتە ئەو بڕوایەی كە ناچارە ژن  بهێنێت، باشە وەك خۆت دەڵێیت هاوسەرەكەت خۆش دەوێت، بۆچی كە دێتەوە پێی ناڵێیت پیاوەكە كە تۆ لە ماڵ نەبیت من بیرت دەكەم، هیوادارم زوو بگەڕێیتەوە بۆ ماڵەوە، بزانە ئەو قسانەت چەند كاریگەریی لەسەر دڵ و دەروونی هاوسەرەكەت دەبێت، لە راستیشدا وایە و تۆ خۆ درۆ ناكەیت و شتی هەڵە ناكەیت، چونكە تۆ خۆت دەڵێیت خۆشم ئەوێت، ئینجا كەسێك كەسێكی خۆش بوێت لێی نزیك دەبێتەوە و قسەی خۆشی بۆ دەكات و گرنگی پێدەدات و پەیوەندییەكانی بەهێزتر دەكات، واتە كاتێك ژنێك هاوسەرەكەی خۆش دەوێت و گرنگی پێدەدات و بە گەرم و گوڕی مامەڵەی لەگەڵ دەكات، ئەو كات هیچ پیاوێك نییە بیر لە ژنهێنان بكاتەوە.

مێردەکەت تۆی خۆش دەوێت
 ئەوەش بزانە مێردەكەت تۆی خۆش دەوێت، بەڵگەش ئەوەیە كە دەڵێت من تۆ تەڵاق نادەم، ئەو ئەگەر تۆی خۆش نەویستایە دەچوو ژنی دەهێنا و تۆشی تەڵاق دەدا، بۆ ئەوەی لە كۆڵی ببیتەوە، بەڵام كە تەڵاقت نادات و لەهەمان كاتیشدا پێت دەڵێت گۆڕانكاریی لە خۆتدا بكە، ئەمەش بەڵگەیەكی ترە كە تۆی خۆش دەوێت، واتە مێردەت دڵسۆزی تۆیە، بۆیە داواشت لێ دەكات گۆڕانكاریی لە خۆتدا بكەیت، ئەو ئەگەر تۆی خۆش نەویستایە ئەو سارد و سڕیەی تۆی دەكرد بە بیانوو، دەچوو ژنی دەهێنا و تۆشی تەڵاق دەدا، لە كاتێكدا تۆ رازیت بە ژن هێنانەكەی.
كەواتە خوشكی بەڕێزم، پێویستە گۆڕانكاریی لە ژیانی خۆتدا بكەیت و كاتێك مێردەكەت دێتەوە بە گەرم و گوڕی پێشوازیی لێ بكە و كاتێك بۆ گفتوگۆ و قسە لەگەڵ یەكتركردن تەرخان بكەن و جارجارێك پێكەوە بچنە دەرەوە و لە بۆنە و جەژنەكاندا دیاریەكی بچكۆلە پێشكەش بە یەكتری بكەن و بەڕێزەوە قسە لەگەڵ یەكتری بكەن و سەردانی كەسوكار و خزمی یەكتری بكەن، بزانە چۆن رۆژ لە دوای رۆژ پەیوەندییەكانتان بەهێزتر دەبێت و بە دڵنیایشەوە ئەویش واز لە بیرۆكەی ژنهێنان دەهێنێت، ئەمانە شتی سادە و ئاسانن و زەحمەت نیین، نازانم بۆ تۆ لە كەلی شەیتان نایەیتە خوارەوە، ئەگەر لەسەر ئەو بیركردنەوە و رەفتارە وشك و سارد و سڕییەت بەردەوام بیت، ئەگەری زۆر هەیە پیاوەكەت ژنێكی تر بهێنێ‌، ئەو كات تەڵاقیشت نەدات هەر رووبەڕووی كێشە دەبنەوە، خوانەخواستە ئەگەر تۆش ماڵەوەی بۆ بەجێ‌ بهێڵیت یان داوای تەڵاقی لێبكەیت، دڵنیابە منداڵەكانتان دەبن بە قوربانی یەكەمی بیركردنەوەی هەڵەی بەڕێزتان، لەبەرئەوەی بەهەموو پێوەر و یاسا و رێسایەك داواكارییەكانی مێردەكەت هەقە و تۆ لەو لایەنەوە كەمتەرخەمی، باشە بۆ دەهێڵیت ژیانی هاوسەریت بگاتە ئەو حاڵەتە، لەكاتێكدا تۆ دەتوانیت بە ئاسانی گۆرانكاریی لە ژیانی خۆتدا بكەیت ئەو سارد و سڕییەی نێوانتان  بۆ گەرم و گوڕی بگۆڕیت خۆشەویستی و رێزگرتن و بكەوێتە نێوانتان، تۆ بەحساب كەسێكی ئیمانداری، كەچی بڕوات وایە كە قسەی خۆش و پێكەنین و پێدانی خۆشەویستی بە هاوسەرەكەت عەیبە، دەزانی ئەم بیركردنەوە و بۆچوونەت پێچەوانەی قورئانی پیرۆزە، فەرموو ئەگەر كەسێكی باوەڕداری كار بەم  دوو ئایەتە پیرۆزە بكە كە دەفەرموێت (ومنْ آياته أنْ خلق لكُمْ منْ أنْفُسكُمْ أزْواجًا لتسْكُنُوا إليْها وجعل بيْنكُمْ مودَّةً ورحْمةً إنَّ في ذلك لآياتٍ لقوْمٍ يتفكَّرُون) واتە خودای گەورە لە نفسی خۆمان هەردوو توخمی نێر و مێی دروستكردووە و خۆشەویستی و بەزەیی خستۆتە نێوانمان. هەروەها لە ئایەتێكی تردا دەفەرموێت (وقُل لِّعبادي يقُولُوا الَّتي هي أحْسنُ)، واتە بە باشترین شێوە قسە لەگەڵ یەكتری بكەن، كەچی بەڕێزتانیش دەڵێیت من ئافرەتێكی باڵاپۆشم و روو لە خودام و كێشەم لەگەڵ مێردەكەم ئەوەیە كە ئەو حەز دەكات پێی بڵێم خۆشم ئەوێیت و كە لە دەرەوە هاتەوە بەدەمییەوە پێبكەنم و بەگەرم و گوڕی بەخێرهاتنی بكەم، ئەمانە و زۆر شتی تر ... من زۆر شەرم دەكەم و بە عەیبەی دەزانم ئەو قسانە بكەم، خوشكی بەڕێزم، هیچ عەیبەی تێدا نییە و زۆر گرنگە قسەت خۆش بێت و رێزی هاوسەرەكەت بگریت بۆ ئەوەی شیرازەی خێزانەكەت تێك نەچێت و دووبارە و دەبارە دەڵێم پیاوەكەت لەسەر هەقە.

هاوسەرەکان دەبێت هەستی خۆشەویستی بۆ یەکتری دەرببڕن

وتارەکانی نوسەر