عه‌بدولڕه‌حمان ئه‌لڕاشد*
به‌ریتانیا پێویستی به‌وه‌یه پێداچوونه‌وه به سیاسه‌ته كۆنه‌كه‌یدا بكات، چونكه ئێستا ئه‌و ئیمپراتۆرییه نه‌ماوه كه خۆری لێ ئاوا نه‌ده‌بوو، به‌رپرسیش نییه له كاروباری نیوه‌ی جیهان، زلهێزێكی سه‌ربازیش نییه
(ئۆفكۆم)، كه ده‌سته‌ی رێكخستنی میدیای به‌ریتانیایه، یان وردتر بڵێین، ئه‌و ده‌سته‌یه‌یه كه به‌رپرسه له چاودێریی و لێپێچینه‌وه، بڕیاریدا ژماره‌ی چاودێره‌كانی له 460 كه‌سه‌وه زیاد بكات بۆ 550 كه‌س، ئه‌ویش دوای راپه‌ڕینه‌كه‌ی سه‌ره‌تای ئه‌م مانگه‌ی ره‌گه‌زپه‌رسته‌كان، كه بووه هه‌ڕه‌شه بۆ سه‌ر ئاسایشی كۆمه‌ڵایه‌تی.
راپه‌ڕینێك له‌سه‌ر بنه‌مای چیرۆكێكی درۆ بنیات نرابوو، گوایه بكوژی سێ منداڵه‌كه‌ی ساوزپۆرت موسوڵمان و په‌نابه‌ر بووه، دواتر پۆلیس رایگه‌یاند، كه ئه‌و زانیارییانه راست نین. دوای پشكنین ده‌ركه‌وت سه‌رچاوه‌ی پڕوپاگه‌نده‌كه ماڵپه‌ڕێكی بیانی بووه و دواتر داخراوه. هه‌ندێك ئه‌كاونت له (ئێكس)یش بابه‌ته‌كه‌یان گه‌وره كرد و خاوه‌نی پێگه‌كه‌ش به بیانووی پاراستنی سپیپێسته‌كانه‌وه هاته ناو بابه‌ته‌كه‌وه و ده‌ستیكرد به جۆشدانی خه‌ڵك.
ئه‌گه‌ری زۆره ئه‌م جۆره رووبه‌ڕووبوونه‌وانه دووباره ببنه‌وه، ئه‌ویش له ئه‌نجامی هاندانی په‌ڕگیرانه‌وه، ئه‌و كات ئه‌گه‌ر شه‌ڕی ناوخۆش هه‌ڵنه‌گیرسێت، وه‌ك خاوه‌نی (ئێكس) بۆی چووه، ئه‌وا زیان به ئاشتی ناوخۆیی و ئابووریش ده‌گات و وڵاتیش دابه‌ش ده‌بێت به‌سه‌ر گروپی جیاجیای دژبه‌یه‌كدا.
بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كه، ده‌سه‌ڵاتدارانی به‌ریتانیا ده‌ستیان كرد به توندكردنی چاودێری له‌سه‌ر ئامرازه‌كانی راگه‌یاندنی كۆمه‌ڵایه‌تی و نزیكه‌ی هه‌زار كه‌سیشیان ده‌ستگیر كرد، كه به‌شدارییان له خۆپیشاندانه پڕ له توندوتیژییه‌كاندا كردبوو، ده‌ستبه‌جێش دادگایی كران.
ئێستا با بزانین خاڵی هاوبه‌ش چییه له نێوان به‌ریتانیا و وڵاتانی ناوچه‌كه‌دا؟ به‌ریتانیا دادوبێدادیه‌تی له‌ده‌ست هاندانی ده‌ره‌كی و زۆربه‌ی وڵاتانی ناوچه‌كه‌ش هه‌مان كێشه‌یان هه‌یه!
به‌ریتانیا له قۆناغێكی نوێ‌دا ده‌ژی... گۆڕانكاریی كۆمه‌ڵایه‌تی وه‌ك زیادبوونی ژماره‌ی په‌نابه‌ران و پاشه‌كشه‌ی توانای ئابووری و ده‌رچوونی ته‌كنه‌لۆجیا له كۆنترۆڵی سیاسی، هه‌موو ئه‌مانه‌ش به‌ره‌نگاری چه‌مكه‌كانی ئازادی و مافه مه‌ده‌نییه‌كان ده‌بنه‌وه.
قه‌یرانی وڵات به ته‌نیا له‌گه‌ڵ ره‌گه‌زپه‌رسته‌كاندا نییه، به ته‌نیا له‌گه‌ڵ كه‌سه بێزراوه‌كانیشدا نییه، وه‌ك تۆمی رۆبنسۆن دامه‌زرێنه‌ری به‌رگریی ئینگلیزی راستڕه‌وی په‌ڕگیر، كه له فڕۆكه‌خانه‌وه گێڕایانه‌وه، له‌به‌رئه‌وه‌ی سكاڵای له‌سه‌ر هه‌بوو، هه‌رچه‌نده دواتر هه‌ر سه‌فه‌ری كرد، به‌ڵكو حكومه‌تی له‌نده‌ن به‌ره‌نگاری هه‌ندێك هێزی ناوخۆیی و ده‌ره‌كیش ده‌بێته‌وه، كه هه‌ژموونی گه‌وره‌یان هه‌یه له ئه‌مریكا، وه‌ك كۆمپانیاكانی ته‌كنه‌لۆجیا كه رێگه ده‌ده‌ن به په‌ڕگیره‌كان به‌كاریان بهێنن و هانیشیان ده‌ده‌ن.
بابه‌ته‌كه دوو به‌شه، یه‌كه‌میان: به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ره‌گه‌زپه‌رسته‌كان، كه هیچ ناكۆكییه‌كی له‌سه‌ر نییه و به‌ریتانیا بۆ هه‌یه په‌ڕگیره ئیسلاممییه‌كان و هیندۆسه‌كانیش راوه‌دوو بنێت، له گرتنه‌به‌ری هه‌موو رێوشوێنه‌كاندا بۆ پاراستنی ئاشتیی مه‌ده‌نیش له‌سه‌ر هه‌قه.
دوومیان: پێشوازیكردن له‌و گروپه ئۆپۆزسیۆنانه‌ی دژی وڵاتانی دیكه‌ن و ده‌ستكراوه كردنیان تا چۆن بیانه‌وێت خه‌ڵكی وڵاتی خۆیان به‌ره‌و شۆڕش هانبده‌ن.
ئه‌وه‌ی له چه‌ند هه‌فته‌ی رابردوودا روویدا و ده‌سه‌ڵاتدارانی به‌ریتانیای شڵه‌ژاند و ناچاری كردن رێوشوێنی ئه‌وتۆ بگرنه‌به‌ر كه پێشتر نه‌گیراوه‌ته‌به‌ر، تا رێگه له هه‌ڵخلیسكان به‌ره‌و ئاژاوه بگرن، ئه‌وه‌یه كه وڵاتانی دیكه‌ش لێی ده‌ترسن، ئه‌وه‌ی ماسك و كه‌سانی دی كردیان بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ی بیروڕا و درۆ و ده‌له‌سه و كۆدی تایبه‌ت، هه‌ر ئه‌وه‌یه كه گروپه په‌ڕگیره‌كانیش ده‌یكه‌ن، جا ئیسلامی بن یان هه‌ر لایه‌نێكی دیكه، كه له‌سه‌ر خاكی به‌ریتیانیان. ناڕه‌زایی حكومه‌ته‌كه‌ی ستارمه‌ر هاوشێوه‌ی هه‌مان ئه‌و ناڕه‌زاییانه‌یه كه حكومه‌ته عه‌ره‌بییه‌كان به‌رامبه‌ر به له‌نده‌ن هه‌یانه، چونكه ئه‌ویش رێگه ده‌دات كه‌سانی پڕ له رق و كینه و ئاژاوه دژیان هانبدرێن.
ئه‌و حكومه‌تانه‌ش وه‌ك به‌ریتانیا تووڕه‌ن له هاندان دژی تێكدانی ئاشتیی مه‌ده‌نی و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كانیان، ئێستا له‌نده‌ن بۆته یه‌كه‌م پایته‌ختی گروپه په‌ڕگیره‌كان، كه دوژمنی حكومه‌ته‌كانی خۆیانن و هه‌ڵاتوون، وه‌ك پاكسان، به‌نگلادیش، میسر، وڵاتانی كه‌نداو و ئیدیكه‌ش.
له‌به‌رئه‌وه به‌ریتانیا پێویستی به‌وه‌یه پێداچوونه‌وه به سیاسه‌ته كۆنه‌كه‌یدا بكات، چونكه ئێستا ئه‌و ئیمپراتۆرییه نه‌ماوه كه خۆری لێ ئاوا نه‌ده‌بوو، به‌رپرسیش نییه له كاروباری نیوه‌ی جیهان، زلهێزێكی سه‌ربازیش نییه. كه‌واته ئایا به راستی حه‌ز ده‌كات تێچوونی ئه‌م گروپانه له رووی سیاسی و ئابوورییه‌وه بگرێته ئه‌ستۆ؟ ته‌نانه‌ت بیانووی به‌ها سیاسی و مرۆییه‌كانیش له‌گه‌ڵ خواستی ئه‌م گروپ و په‌نابه‌رانه‌دا یه‌ك ناگرێته‌وه، رێگه‌پێدان به هاندان و جۆشدانیش به ناوی ئازادیی راده‌ربڕینه‌وه بۆ ئه‌م گروپانه باوه‌ڕی پێناكرێت، له كاتێكدا كه حكومه‌ته‌كه‌ی ستارمه‌ر هه‌زار كه‌س ده‌خاته زیندانه‌وه له‌به‌رئه‌وه‌ی به‌شداریی خۆپیشاندانیان كردووه و چاودێریش له‌سه‌ر نه‌یار و ئۆپۆزسیۆنه‌كانی خۆی توند ده‌كات.
ناكۆكی و دژبه‌یه‌كی له‌وه‌دایه، كه به‌ریتانیا پێشتر كه‌سانی هه‌ڵاتووی ئه‌و وڵاتانه‌ی داڵده ده‌دا، كه دوژمنی بوون، وه‌ك یه‌كێتی سۆڤێت، به‌ڵام ئێستا پێشوازی له نه‌یاری هاوپه‌یمان و دۆسته‌كانی ده‌كات، وه‌ك پاكستان و كه‌نداو و میسر، له كاتێكدا هیچ خاڵێكی هاوبه‌ش نییه له نێوان به‌ریتانیا و ئه‌و ئۆپۆزسیۆنه‌دا له رووی كه‌لتووری و سیاسییه‌وه. ئه‌وه‌شمان بیر نه‌چێت فه‌ره‌نسا پێشوازی له ئایه‌توڵڵا خومه‌ینی كرد، كاتێكیش گه‌یشته تاران، هه‌رچی له ده‌ستی هات كردی دژی بنه‌ما و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی فه‌ره‌نسا، ئه‌نجامه‌كه‌شی 40 ساڵی تاریك بوو.
مه‌ترسییه‌كی دیكه ئه‌وه‌یه، ئه‌م گروپه په‌ڕگیرانه زۆر چالاكن له بڵاوكردنه‌وه‌ی په‌یامه‌كانیاندا به نێو چه‌ندین ملیۆن په‌نابه‌ری هاوشێوه‌یان له‌سه‌ر خاكی به‌ریتانیا، ئه‌نجامه‌كه‌شی ئه‌وه‌یه ژماره‌ی په‌ڕگیره‌كانی به‌ریتانیا له موسوڵمان و هیندۆس له زیادبووندایه و ئه‌و تیرۆریستانه‌یان لێكه‌وتۆته‌وه كه لێكۆڵینه‌وه‌یان له‌باره‌ی ئه‌فكاری په‌ڕگیره‌كانه‌وه كردووه و به‌رشدارییان له ئه‌لقاعیده و داعش و میلیشیاكانی ئێران له سوریا و عیراق و ئه‌فغانستان و شوێنه‌كانی دیكه‌دا كردووه. كه‌واته كوا به‌رژه‌وه‌ندی باڵای به‌ریتانیا و ئه‌و به‌هایانه‌ی به‌رگرییان لێ ده‌كات، تا بیانكاته بیانوو بۆ ئه‌م ئاژاوه مه‌ترسیداره و به ئامانجگرتنی وڵاتانی دیكه؟
ئه‌و حكومه‌تانه‌ی دادوبێدادیانه له‌ده‌ست سیاسه‌تی پێشوازی له په‌ڕگیره‌كان، پێیان وایه به‌ریتانیا له هه‌موو وڵاتێك زیاتر، ته‌نانه‌ت له ئه‌مریكا و فه‌ره‌نساش زیاتر پێشوازی له گروپه ئۆپۆزسیۆنه په‌ڕگیره‌كان ده‌كات، له كاتێكدا حكومه‌تی به‌ریتانیاش له ئایلۆن ماسك و ئه‌وانه‌ی هانده‌ربوون دژی ئاسایش و سه‌قامگیرییه‌كه‌ی تووڕه‌یه.
*راگه‌یاندنكار و رۆشنبیری سعودیه و سه‌رنووسه‌ری پێشووتری رۆژنامه‌ی ئه‌لشه‌رق ئه‌لئه‌وسه‌ت و گۆڤاری ئه‌لمه‌جه‌له و به‌ڕێوه‌به‌ری پێشووی كه‌ناڵی ئه‌لعه‌ره‌بییه‌یه، ده‌رچووی به‌شی راگه‌یاندنی زانكۆی ئه‌مریكایه له واشنتۆن و یه‌كێكه له نووسه‌ره به‌رده‌وامه‌كانی رۆژنامه‌ی ئه‌لشه‌رق ئه‌لئه‌وسه‌ت.
وه‌رگێڕانی له عه‌ره‌بییه‌وه: كورده‌وان محه‌مه‌د سه‌عید
سه‌رچاوه: ئه‌لشه‌رق ئه‌لئه‌وسه‌ت
خۆپیشاندان لە دژی رەگەزپەرستی و فاشیزم