لەپاش نسكۆی شۆڕشی 14ساڵەی ئەیلول، بۆشاییەکی گەورەی سیاسیی و سەربازی لە باشووری کوردستان دروستبوو، دەرفەتێکی لەباری بۆ حکومەتی عیراق رەخساند، کار بۆ لە ناوبردنی کورد بکات لە چوارچێوەی سیاسەتی ره‌گەزپەرستانەی بەعسدا. لە ماوەیەکی کەمدا زۆرێک لە ناوچەکانی کوردستانی کرد بە سەربازگە، بەجۆرێک زۆربەی ناوچە گرنگ و شاخەکانی کوردستانی گرتەوە، لەپێناو جڵەوکردنی خەڵک و دەست بە سەراگرتنی خاکی باشووری کوردستان بەهەزاران سەربازی بڵاوە پێ‌کرد، وێڕای ئەوەی بەهاوبەشی لەگەڵ حکومەتی ئێران‌دا، وازی لە بنەماڵە و پێشمەرگەکان نەدەهێنا، کە وەک پەنابەر روویان لە ئێران کردبوو، حکومەتی عیراق سوور بوو لە سەر ئەوەی نابێت کورد بەشداریی لە دەسەڵاتدا بکات، هاووڵاتیبوونی لە سەر بنەمای یەکسانی و یاسایی رەت دەکردەوە.
لە ئەنجامی سیاسەتی توند و رەگەزپەرستانەی حکومەتی عیراق دژ بە گەلی کورد لە باشووری کوردستان و هەوڵدان بۆ ریشەکێشکردنی نەتەوەی کورد، لە دوای نسكۆی شۆڕشی ئەیلول بە ماوەیەک، گەلی کورد شۆڕشێکی تری لە باشووری کوردستان به‌ڕابه‌رایه‌تی (ی.ن.ک) دەستپێکرد، کە بە شۆڕشی نوێ ناسرا. دامەزراندنی (ی.ن.ک)، لە پێناو ئەوەدا بوو، دووبارە دەست بە خەباتی چەکداری بکاتەوە لە دژی حکومەتی عیراقی، سەنگەرەکان دووبارە ئامادەبکرێنەوە، یەک لەشکری رزگاریی نیشتیمانی پێکبهێنرێت، خەباتی سیاسیی ببوژێتەوە و چەکدار بکرێنەوە.
لەپێناو دەستپێکردنەوەى خەباتى چەکدارى (مام جه‌لال) چەندینجار لە رێگای ناردنى نامەوە
پەیوەندیی بە رێکخستنەکانى کۆمەڵەوه كرد
بە مەبەستی دەستپێکردنەوەی خەباتی چەکداریی، مام جەلال چەندین کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەندامانی دەستەی
دامەزێنەر و ئەفسەره‌كان و کادرەکانی تردا کردبوو
هه‌رچه‌نده لە سەرەتادا بۆچوونی جیاواز هەبوو، له‌ناو سه‌ركردایه‌تی (ی.ن.ک)دا، لە سەر ئەوەی ئایا یەکێتیی وەک رێکخراوێکی سیاسیی کار بکات یان بێێتە رێکخراوێکی سیاسیی- چەکدار؟، به‌ڵام به‌هۆی ئاماده‌كارییه‌كانی (مام جه‌لال) بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی خه‌باتی چه‌كداری به‌تایبه‌ت لەكاتی بڕیاری سه‌ركردایه‌تی (پ.د. ک) به سه‌رۆكایه‌تی (مه‌لا مسته‌فا بارزانی) بۆ راگه‌یاندنی وه‌ستانی شۆڕش هه‌ر له‌وكاته‌دا مام جه‌لال له27ی ئازاری1975، لە شامەوە بانگەوازی بەردەوامیی شۆڕشی دەکرد، ئه‌مه‌ش کاریگەریی خۆی هەبوو بۆ دەستپێکردنەوەی خەباتی چەکداریی، هه‌ربۆیه دوای دامه‌زراندنی (ی.ن.ک) به رابه‌ریه‌تی (مام جه‌لال)، بڕیار ده‌ده‌ن، 1ی حوزیرانی 1976 بكرێتە رۆژی دەستبێکردنەوە به خەباتی چەکداریی. لەم پێناوه‌شدا له 17ی کانوونی یەکەمی 1975 له یەکەمین کۆبوونەوەی دەستەی دامەزرێنەر بە سەرۆکایەتی (مام جه‌لال) لە سوریا، له یەکێک لە بڕیارەکانیان ده‌ستپێكردنی خەباتی پارتیزانی بوو.
لەم بارەیەوە نەوشیروان مستەفا له په‌رتووكی (له كه‌ناری دانوبه‌وه بۆ خڕی ناو زه‌نگ) له لاپه‌ڕه (87)دا دەڵێت:
« بە مەبەستی دەستپێکردنەوەی خەباتی چەکداریی، مام جەلال چەندین کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەندامانی دەستەی دامەزێنەر و ئەفسەره‌كان و کادرەکانی تر کرد بوو، رۆژی 19ی ئایاری 76 منیش بەیەکجاری ڤییەننام بەجێهێشت و بە فڕۆکە چوومە شام، بوئەوەی لەو کارەدا بەشداربم، لە زنجیرەی ئەو کۆبوونەوانەدا، رۆژی 23-24ی ئایاری 1976،کۆبوونەوەیەکی ترمان لە شام کرد، عەلی سنجاری و مونذیر نەقشبەندییش ئامادەبوون. مام جەلال پڕۆژەیەکی ئامادەکردبوو، لەم کۆبوونەوەیەدا باسکرا و دوای زیادکردنی هەندێک بابەت پەسەندکرا، هەروەها بڕیاردرا یەکەمین وەجبەی پێشمەرگە ره‌وانەی کوردستان بکرێنەوە و نامە بۆ هەموو رێکخستنەکانی ناو وڵات بنێردرێ کە ئیتر دەستبکەن بە ناردنی مەفرەزەکان بو شاخ»، ئەو پڕۆژەیەی لە 17ی کانوونی یەکەمی 1975، مام جەلال ئامادەی کردبوو ناوی لێنابوو (نەخشەی رزگاری).
نەخشەی رزگاری، نەخشەیەک بوو بۆ دەستپێکردنەوەی خەباتی چەکداریی لە کوردستان، مام جەلال لە دیمه‌شق لە23ی ئایاری1976، پێشکەشی دەستەی دامەزرێنەرانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی کردووە. مام جەلال زۆر بەچڕی تێڕوانینەکانی خۆی لە نەخشەکەدا خستبووەڕوو، خوازیار بوو گوزارشت لەو بیرۆکە بنچینه‌ییە بکات، کە دەستپێکردنەوەی خەباتی چەکداریی دەكرێت دەستپێکی پڕۆسەی بە عیراقیکردنی شۆڕش بێت، لە نەخشەکەدا بەوردی چەندین پرسی گرنگ خراوەتەڕوو، بۆ چۆنێتی دەستپێکردنەوەی خەباتی چەکداریی لەوکاتەدا، لە گرنگترینیان بریتبووە لە:
یەکەم: پێکهێنانی یەکەی چەکداری بچووک، کە ئەرکیان هۆشیارکردنەوەی خەڵک بێت بۆ دژایەتییکردنی حکومەتی عیراق، خۆلادان لە رووبەڕووبونەوەی شەڕی چەکدرایی لەگەڵ سوپا.
دووەم: داواکردن لە سەرکردایەتی ناوەوەی وڵات، بۆ ناردنە دەرەوەی مەفرەزەی چەکدار لەکاتی خۆیدا.
سێیەم: دابینکردنی چەک، کارێکی هەنوکەیی بوو، بە جۆرێک سەرکردایەتیی دەرەوە ئەرکیان پەیداکردنی چەک بوو، ناردنەوەی بۆ ناوەوەی وڵات، پێویستبوو سەرکردایەتی ناوەوە حەشارگە ئامادەبکەن، بۆ هەڵگرتنی چەک.
چوارەم: پێکهێنانی فەرماندەییەکی ناوەندیی بۆ بەڕێوەبردنی چالاکیی پێشمەرگە لە هەموو ناوچەکان، دروستکردنی پەیوەندی لە نێوان پێشمەرگە و فەرماندەکانیاندا.
پێنجەم: بەگەڕخستنی ئێزگە بۆ بڵاوکردنەوەی دەنگ و باسی شۆڕش.
ئەم پرۆژەیە، یەکەمین پرۆژەی نوسراو بوو، بۆ دەستپێکردنەوەی خەباتی چەکداری لە دوای نسكۆی شۆڕشی ئەیلول، لەلایەن مام جه‌لالەوە ئامادە کرابوو، کرایه بناغەیەک بۆ چۆنێتی خەباتی چەکداریی لەوکاتەدا.
لەپێناو دەستپێکردنەوەی خەباتی چەکداری (مام جه‌لال) چەندینجار لە رێگای ناردنی نامەوە پەیوەندیی بە رێکخستنەکانی کۆمەڵەوه كرد، بە مەبەستی چۆنێتی دەستپێکردنەوەی خەباتی چەکداریی. نامەکەکانی لە ژێر ناوی خوازراوی(جوتیار و پیرۆت)، بۆ رێکخستنەکانی (کۆمەڵە و بزوتنەوە)ناردووه. ئه‌م نه‌خشه‌یه، بوو به سه‌ره‌تایه‌ک بۆ رزگاری كورد له باشووری كوردستان، چونكه ئه‌م پڕۆژه‌یه یه‌كه‌مین هه‌نگاو بوو له مێژووی كورددا، كه پڕۆژه‌یه‌ک بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی خه‌باتی چه‌كداری دابنرێت و ببێته رێبه‌رێک، ئه‌مه‌ش به پێچه‌وانه‌ی سه‌رجه‌م جووڵانه‌وه و راپه‌رینی و شۆڕشه‌كانی كورد بووه. هه‌ربۆیه دوای ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی خه‌باتی چه‌كداری له ساڵی 1976 هه‌تا راپه‌ڕینی هێزی پێشمه‌رگه‌ی (ی.ن.ک) به هه‌زاران چالاكییان له دژی هێزه‌كانی حكومه‌تی عیراق له باشووری كوردستان ئه‌نجامداوه له شێوه‌ی شه‌ڕی (پارتیزانی، شه‌ڕی ناو گوند، شه‌ڕی به‌ره‌یی).