ئەوکات هێزمان بەکاردەهێنا، ئێستا دەنگ

10:39 - 2024-10-01
زانا فه‌قێ
140 خوێندراوەتەوە

یه‌كه‌م: ئازاد كردنی سه‌ری ڕه‌ش
دامه‌ز‌راندنی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ به‌رده‌وامی خه‌بات بوو له‌ دژی به‌عس، به‌دیهێنانی ئازادی كۆمه‌ڵگە و دیموكراسی بوو، له‌م پێناوه‌شدا به‌ هه‌زاران چالاكیی چه‌كداری کراوە له‌ ماوه‌ی ساڵانی (1976-1991)، کە گرنگترینیان ئازادكردنی ها‌وینه‌ هه‌واری(سه‌ری ره‌ش) بوو له‌لایه‌ن هێزێكی هاوبه‌شی مه‌ڵبه‌ندی سێوە، به‌ فه‌رمانده‌یی كاك كۆسره‌ت ره‌سوڵ عه‌لی، لێپرسراوی ئه‌و كاته‌ی مه‌ڵبه‌ند. 

ئێستا ده‌رفه‌تێكی زێڕین هاتۆ‌ته‌ پێش بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌ی هه‌ولێر، لەرێگەی خەڵکی رەسەنی هەولێرەوە

هێزێكی زۆر له‌ پێشمه‌رگه‌كانی تیپه‌كانی (85)ی به‌ڕانه‌تی، 86ی ده‌شتی هه‌ولێر، 87ی قه‌ره‌چووغ، 91ی سه‌فین و مه‌فره‌زه‌یه‌كی باره‌گای مه‌ڵبه‌ندی سێ، مه‌فره‌زه‌یه‌كی رێكخراوی یه‌ک و مه‌فره‌زه‌یه‌كی مه‌كته‌بی رێكخستنی مه‌ڵبه‌ندی سێ كۆكرانه‌وه‌. سه‌باره‌‌ت به‌مە، مامه‌ غه‌فه له‌ بیره‌وه‌رییه‌كانیدا‌ ده‌ڵێت:» كۆتایی مانگی یەکی ساڵی 1988 (كاک كۆسره‌ت) بروسكه‌یه‌كی بۆ كردین و داوایكرد به‌ مه‌به‌ستی كۆبوونه‌وه‌ بچینه‌ سماقوڵی سه‌روچاوه‌. ئه‌و كات با‌ره‌گا و ماڵی كاک كۆسره‌ت لەوێ بوو، له‌و ساڵه‌دا من فه‌رمانده‌ی تیپی 87ی قه‌ره‌چووغ)بووم، هه‌ر ئه‌و رۆژه‌ خۆم و هێزه‌كه‌م به‌ڕێكه‌وتین بۆ ئەوێ. شایه‌نی باسه‌ مانگی یەکی ئه‌و ساڵه‌ زۆر ساردوسڕ بوو، به‌فرێكی زۆر باریبوو. 
کاتێک گه‌یشتین، كۆبوونه‌وه‌مان كرد نزیک سێ رۆژ له‌وێ ماینه‌وه‌.له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا لێدانی(سه‌ری ره‌ش) كه‌ ماڵی سه‌دام له‌وێ بوو تاوتوێكرا، ئه‌وێ به‌ لیوا و فه‌وج و سه‌رباز و ده‌بابه ده‌ور درابوو. ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدا بوو پێشتر به‌رنامه‌ی گرتنی سه‌ری ره‌ش له‌لایه‌ن مه‌ڵبه‌ندی سێ بڕیاری لێدرابوو. 
دوای كۆكردنه‌وه‌ی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ له‌ شه‌وی 27/28ی كانوونی دووه‌می 1988 به‌ پێی پلانێک له‌ چه‌ند قۆڵێكه‌وه‌ هێرش كرایه‌ سه‌ری، قۆڵه‌كانیش بریتیبوون له‌:
یه‌كه‌م: پێشمه‌رگه‌كانی تیپی (85)ی به‌ڕانه‌تی و دوو كه‌رتی تیپی (87)ی قه‌ره‌چووغ دانران بۆ گرتنی قه‌سری مه‌لیک و مه‌شجه‌به‌كان.
دووه‌م: پێشمه‌رگه‌كانی تییپ (86)ی ده‌شتی هه‌ولێر بۆ گرتنی قه‌سری سه‌دام و عه‌دنان خه‌یڕوڵڵا و باره‌گای سریه‌ی هێزی تایبه‌ت دانران.
سێیه‌م: تیپی (91)ی سه‌فین، بۆ گرتنی باره‌گای فه‌وجی جاشه‌كان.
چواره‌م: به‌شێک له‌ كه‌رته‌كانی تیپی (85)ی به‌ڕانه‌تی تایبه‌تكران به‌ گرتنی ره‌بییه‌كانی ده‌ووروپشتی كابینه‌كانی هێزه‌كانی سوپا.
پێنجه‌م: به‌شێک له‌ پێشمه‌رگه‌كانی تیپی (87)ی قه‌ره‌چووغ، دانران بۆ دانانی بۆسه‌ له‌ نێوان مه‌سیف سه‌ڵاحه‌ددین _ سه‌ری ره‌ش. 
شه‌شه‌م:  ژماره‌یه‌ک پێشمه‌رگه‌ هێرشیانكرده‌ سه‌ر رادا‌ری پاراستنی شوێنه‌كان.
دوای ئه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌كان پلانه‌كه‌یان جێبه‌جێكرد، توانییان ده‌ست به‌سه‌ر ته‌واوی شوێنه‌كاندا بگرن و زیانێكی زۆر به‌ سوپا بگه‌یه‌نن وێڕای ئه‌وه‌ی ده‌ستكه‌وتێكی زۆریان هه‌بوو، ئه‌وانیش:
1_ ته‌قاندنه‌وه‌ی كابینه‌ی تایبه‌تی سه‌دام.
2_ ته‌قاندنه‌وه‌ی ئیستگه‌ی رادار.
3_ ته‌قاندنه‌وه‌ی ئێستگه‌ی ته‌شویش.
4_ ته‌قاندنه‌وه‌ی مه‌رسه‌دێكی فه‌له‌كی.
5_ ته‌قاندنه‌وه‌ی (150) كابینه‌ی  گه‌شتیاری.
6_سووتاندنی چوار زرێپۆش، تانكێک و 30 ئۆتۆمبیل.
7_گرتنی ره‌شاشێكی دۆشكا، یه‌ک هاوه‌نی (82ملم)، چوار گرینۆف، دوو بیكه‌یسی، سێ ئامێر بێ سیم، یه‌ک راكاڵ.
8_ ده‌ست به‌سه‌رداگراتنی هه‌زاران پارچه‌ چه‌كی جۆراوجۆر.
9_ كوژران و به‌ دیل گرتنی ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ سه‌رباز.
له‌م چالاكییه‌دا له‌ هێزی پێشمه‌رگه‌ (13) پێشمه‌رگه‌ بوونە قوربانی، به‌ جۆرێک شه‌ش پێشمه‌رگه‌ له‌ ناو به‌فردا ره‌قبوونه‌وه‌، حه‌وت پێشمه‌رگه‌ی دیكه‌یش شه‌هید بوون، ئه‌وانیش (هاشم ره‌شید نادر، جه‌مال حه‌مه‌د پیرداوود، ره‌مزی جه‌بار،  عه‌دنان سه‌مه‌د تۆفیق، كه‌مال عه‌زیز ئه‌حمه‌د، هێرش سوار ئه‌حمه‌د شه‌وگێڕی، سۆران ئیسماعیل شه‌وگێڕی، شێرزان عه‌بدولسه‌مه‌د، عوسمان مامه‌ند عومه‌ر،  عه‌زیز مه‌ولود ره‌سوڵ،  فه‌خره‌دین ساڵح ئه‌حمه‌د گۆمه‌شینی، نوعمان زرار حه‌مه‌شین و عه‌لی ئه‌حمه‌د كه‌ریم)، ئەم چالاکییە بۆ ئه‌و‌كاته‌ گه‌وره‌ترین ده‌ستكه‌وت بوو، وێرای ئه‌وه‌ی شوێنی حه‌وانه‌وه‌ی سه‌دام بوو، ناوه‌ندی بڕیاردان بوو له‌ دژی پێشمه‌رگه‌ و گه‌لی كورد.

دووه‌م: وه‌رگرتنه‌وه‌ی هه‌ولێر
به‌ تێگه‌یشتن له‌ چه‌مكی (وه‌رگرتنه‌وه‌) تێده‌گه‌یت به‌و راستییه‌ی خاوه‌نی هه‌ولێر (ی.ن.ك)ه، ئه‌مه‌ش به‌ پاڵپشتی ده‌رخستنی ئه‌و راستییه‌ هێزی پێشمه‌رگه‌ی (ی.ن.ك) به‌ فه‌رمانده‌ی (كاك كۆسره‌ت ره‌سوڵ عه‌لی) له‌ 11ی ئازاری 1991 به‌پێی نه‌خشه‌یه‌كی داڕیژراو، كه‌ له‌لایه‌ن سه‌ركردایه‌تی (ی.ن.ك)وە دارێژرابوو، به‌ هاوكاریی خه‌ڵكه‌كه‌ی، توانرا هه‌ولێر له‌ ده‌ستی رژێمی به‌عس ئازاد بكه‌ن، دوای چوار ساڵ له‌ ئازادكردنی له‌ 31ی ئابی 1996 جارێكی تر به‌عس به‌ هاوكاریی پارتی دیموكراتی كوردستان، هه‌ولێری داگیركرده‌وه‌، (پ.د.ك)ی كرد به‌ ده‌سه‌ڵاتدار له‌ شاره‌كه‌دا، ئه‌م جۆره‌ له‌ په‌یڕه‌وكردنی ده‌سه‌ڵاتدارییه له‌ فه‌رهه‌نگی سیاسییدا به‌ (ده‌سه‌ڵاتی خۆسه‌پێن) ناوزه‌ند ده‌كرێت، هه‌تا ئێستا به‌رده‌وامیی به‌ حكومڕانی ده‌ده‌ن، هه‌رچه‌نده‌ له‌ رابردوودا چه‌ندین جار هه‌ڵبژاردن كراوه‌، به‌ڵام بۆ تەزویر براوە‌.  
ئێستا ده‌رفه‌تێكی زێڕین هاتۆ‌ته‌ پێش بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌ی هه‌ولێر، لەرێگەی خەڵکی رەسەنی هەولێرەوە، وێرای ئه‌وه‌ی شێوازی هه‌ڵبژاردنی ئه‌م جاره‌ جیاوازتره‌، سه‌ركردایه‌تی (ی.ن.ك) و خودی سه‌رۆك بافڵ جه‌لال تاڵه‌بانی، هه‌وڵه‌كانیان چڕكردوه‌ته‌وه‌ بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی هه‌ولێر لۆ هه‌ولێرییه‌كان، گه‌ڕانه‌وه‌ی ئازادی و ماف بۆیان، ئه‌مه‌ش له‌ رێگای كاندیدكردنی چه‌ندین كاسایه‌تی دیاری خاوه‌ن بڕوانامه لە كچ و كوڕی شه‌هیدان‌ هەروەها کەسایەتیی وەک شاڵاو كۆسره‌ت ره‌سوڵ كه‌ خاوه‌نی ره‌سه‌نی شاره‌كه‌ن، هه‌ڵگری دروشمی (وه‌ریده‌گرینه‌وه‌)ن و لە رێگەی هه‌ڵبژاردنەوە‌، كار بۆ گێڕانه‌وه‌ی هه‌ولێر بۆ هه‌ولێرییه‌كان دەکەن.

وتارەکانی نوسەر