ئەگەر بۆ خۆمان بین زۆری بلیمەتمان لێهەڵدەکەوێ

09:33 - 2022-05-28
جەمیل مەلاقەرە
470 خوێندراوەتەوە

لەسەروبەندی کۆماری کوردستان پارچە نووسینێکی جوانی رەوانشاد حەسەنی قزلچی پیشانی پێشەوا قازی محەمەد دەدەن و ئەویش بزەی دێتێ و پارچە شیعرێکی شێخی سەعدی بۆ دەخوێنێتەوە کە ئەو شیعرە پاشان هەژار وا کردوویەتی بە کوردی :
بیستوومە کە لە رۆژهەڵاتا
بە چل ساڵ دەیکەن کاسەچینی
لە مەڕدەشت دەکەن سەدی بە ڕۆژێ
بۆیە قیمەتی وایە دەیبینی

و پاشان دەڵێ : ( ئەگەر بۆخۆمان بین زۆری وامان لێ هەڵدەکەون ) بەڵێ لێرەوە منیش دەڵێم : ئەو کوردە رووتە بەد بەختە کە هەمیشە بۆ خۆی نەبووە ئەو هەموو مەزنەپیاوەی تیا هەڵکەوتووە، خۆ ئەگەر بۆخۆی بوایە ئاخۆ چەندانی وای تیا هەڵدەکەوت و مێژووەکەمانی دەڕازاندەوە !! 
سەمەندی عەلی سیابەندۆڤ
سەمەندی عەلی سیابەندۆڤ قارەمانی جەنگی جیهانی دووەم لە سوپای سووری سۆڤییەت ( ساڵی 1909 ی زایینی لە قارس لە بنەماڵەیەکی کوردی ئێزدی لە دایکبووە ، لە ساڵی 1989 ی زایینی لە یەریڤان وەفاتی کردووە )
سیابەندوڤ سەرەتا لەناو سوپای سۆڤییەتدا جێگری فەرمانداری 217 بووە لە بەلاڕووسیادا، خوێندنی بەرزی لە زانستگای لینینگراد لە ئەنستیتۆی رۆژهەڵاتناسی تەواو کردووە، لە ساڵی 1931 زایینی دەبێتە ئەندامی پارتی کۆمۆنیستی یەکێتی سۆڤییەت و لە ساڵی 1946 دا دەبێتە پەرلەمانتاری بڵندی سۆڤییەت و لە ساڵی 1950 ی زایینی دەبێتە سکرتێری کۆمیتەی ناوچەی ئالاڤەردی پارتی کۆمۆنیستی ئەرمەنستان، دیارە لە حوزیرانی 1941 دا لە لەشکری سووری سۆڤییەتدا ئەو جێگری فەرماندار بووە و چەندین لێپرسراویەتی سەربازی وەردەگرێ و ئازایانە لە جەنگەکاندا بەشدار دەبێ و دوو جاریش بریندار بووە و لە رزگارکردنی گەلێک باژێڕو باژێرۆکەی سۆڤییەت لە بەردەستی لەشکری نازی دەوری باڵا دەبینێ و لە شەڕەکانی ناوچەکانی تۆڵا، پڕوسیای رۆژهەڵات و کالۆگاو پۆڵۆنیا ئازایەتیەکی بێوینە دەنوێنی و لە 24/ئادار/1945 خەڵاتی قارەمانیەتی یەکێتی سۆڤییەت و خەڵاتی لینین و میدالیای ئەستێرەی زێڕینی پێ دەدرێ و زیاتر لە دوانزە خەڵات و نیشان و میدالیای جۆراوجۆری پێدراوە، سەمەند ماوەیەک جێگری وەزیری چاندنی کۆماری سۆسیالیستی سۆڤییەت بوو لە ئەرمەنستان و هەروەها دەبێ بە سکرتێری یەکەمی کۆمیتەی هەرێمی ئەلەگەزی کوردنشین لە ئەرمەنستان و ئەندامی کۆمیتەی چاودێری پارتی کۆمۆنیستی ئەرمەنستان، سەمەندی سیابەندۆڤ لەکاری دەوڵەتیشدا مژۆڵی نووسین و بواری ئەدەبیات بووە و داستانی خەج و سیابەند یەکێکە لە شاکارە نایابەکانی، لە 14/11/1989 ماڵئاوایی یەکجارەکی لە ژیاندا دەکات لە یەریڤانی پایتەختی ئەرمەنستان بە خاک ئەسپاردە کراوە، ناوی سیابەند بە پیتی زێڕین لە ساڵۆنی مۆزەخانەی جەنگی جیهانی دووەم لە مۆسکۆ نووسراوە و نیشاندراوە وەکو قارەمانێکی ئازاو نەبەزی سۆڤییەت لە جەنگی دووەمی جیهانیدا، دیارە ئەمساڵیش لە 9 مایس لە مەراسیم و یادی سەرکەوتنی سۆڤییەت بەسەر نازییەتـدا لە مۆسکۆ ناو و وێنەی سیابەندۆڤ لە ریزی پێشەوەدا بەرزکرایەوە.
بەرهەمە چاپکراوەکانی بە زمانی کوردی بە پیتی لاتینی کوردی
1- خەجێ و سیامەند ـ 1959 داستان
2- ژیانا بەختەوەر ـ 1966 رۆمان
3- فەرهەنگی ئەرمەنی ـ کوردی 
ناوی ئەو خەڵات و فەرمان و نیشان و میدالیایانەی پێی دراوە:
* هەرۆیا یەکێتی سۆڤییەت (24 ی ئاداری 1945)
* فەرمانا لینین ( 24ی ئاداری 1945)
* میدالیای ئەستێرەی زێڕین لە 24 ی ئاداری 1945
* خەڵاتی پەرچەمی سوور لە 1 ی تەباخی 1934ی زایینی
* خەڵاتی پەرچەمی سوور لە 27 ی تیرمەهی 1944ی زایینی
* فەرمانا سۆڤۆرۆڤ لە سنفی دووەم لە ساڵی 1944 ی زایینی
*  میدالیای شەڕی وڵاتپارێز لە سنفی یەک لە 19ی رەشەمەی ساڵی 1945 ی زایینی
* میدالیای شەڕی وڵاتپارێز سنفی یەکەمین لە 6 ی ئەپڕیلی 1985 ی زایینی
* میدالیای شەڕی وڵاتپارێز ـ سنفی دوو لە 30 مژداری ساڵی 1934 ی زایینی
* فەرمانا ئەستێرەی سوور لە 9ی تیرمەهی 1942ی زایینی
*  فەرمانا نیشانا ڕوومەتێ ـ دوو جاران
* میدالیای لەهەنگیا لەشکری لە 22 ی چلە ساڵی 1942ی زایینی
تێبینی :
 زانیاریەکانم هەمووی لە پیتی لاتینیەوە دەستەکەوتووە و هەڵمگێراوەتەوە سەر کرمانجی باشوور.

 

وتارەکانی نوسەر