بەرەو پەرلەمانێکی کاراتر

09:57 - 2024-09-30
نیعمەت عەبدوڵڵا
56 خوێندراوەتەوە

نیعمەت عەبدوڵڵا

 دیارە پرۆسەی هەڵبژاردن لووتکەی دیموکراسییە، بەتایبەتی کە ئەم پرۆسەیەی لە20/10/2024 ئەنجام دەدرێت، لە ئاستی ناوخۆ و دەرەوە چاوی زۆری لەسەهەژمار دەکرێت و سەرنجی لەسەرە، بۆیە هاووڵاتی پێویستە ئەم مافەی خۆی بەکاربهینێت بۆ ئەوەی دەنگ بە کەسانی شایستە و پەرێز پاکژ بدات، کە لە بری ئەو لە پەرلەمان ببێت بە بەرگریکار و بەرپرسیارێتی بگرێتە ئەستۆ.

 

پێویستە حزبە سیاسییەکان، لە ئاستی بەرزی بەرپرسیاریی مێژووییدا بن و رەچاوی ئەم قۆناغە ناسکەی هەرێم بکەن

 

 لە کاتی بانگەشەدا
پێویستە لە کاتی بانگەشەدا بە رەفتاری رێک و گفتاری شیرین و کرداری جوان کاندید پڕۆژەی خۆی بۆ خزمەتی خەڵک بخاتەڕوو، دوورکەوێتەوە لە دروستکردنی دڕدۆنگی و رق لە نێو کۆمەڵگەدا. 
لەبەر ئەوە، ئەگەر تۆی کاندید ئەهلی (شیاو)ی پەرلەمانتاری بیت، بە نیازی چ هەوڵێک بۆ خەڵک بدەی، لە بوارە جیاجیاکانی ژیانی کۆمەڵگەدا، واتا پڕۆژەو بەرنامە و رەخنەی بنیاتنەرت چییە سەبارەت، بە کێبڕکێ بۆ مسۆگەرکردنی بژێوی ژیان و ئاو و کارەبا و پەروەردە و تەندروستی و سەروەری یاسا و مافی ژنان و گەنج و لاوان، جوتیاران، کارمەندان، کرێنشینان، دەرچووانی زانکۆ، کەم دەرامەتان، خاوەن پێداویستیی تایبەت، خانەنشینان، کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان، دەرفەتی زیاتری کار و ئازادییەکان، زمان و کەلتور و رۆژنامەنووسان، پێکەوەژیان، رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و لێپێچینەوە لە گەڵیان و بەدیهێنانی دادپەروەری و دەرکردنی تەشریعاتی بە سوود و چاودێریی دەسەڵاتی جێبەجێکردن و بە دام و دەزگاکردنی دامەزراوەکان.

ئەرکی قورس
پێویستە بزانرێت پەرمانتار ئەرکی قورسی لە پێشە، پابەندبوونیشی پێویستە بۆئەوەی متمانە لە دەست نەدات، دواجار پەرلەمانتار نوێنەری گەلە نەک تەنها نوێنەری ئەوانەی دەنگیان پێداوە، کێبڕکێ لەسەر هەوڵدان بۆ سەقامگیریی و خزمەتکردنی خەڵک و خاکی هەرێمی کوردستان، بەهەموو پێکهاتەکانییەوە، نەک کێبڕکێ لەسەر ناوزڕاندن بکات و ببێت بە مایەی بێزاریی هاووڵاتیان و پشێوی دروست بکات.

 رەچاوی بارودۆخی هەرێم بکەن

لە کۆتاییدا هیوادارین پارتە سیاسییەکانی کوردستان، لە ئاستی بەرزی بەرپرسیاری مێژووییدا بن، وەک ئەرکێکی نیشتمانی و نەتەوەییش رەچاوی ئەم قۆناغە ناسکەی هەرێم بکەن.

وتارەکانی نوسەر