ئالان لیختمان، پێشبینیکەری بەناوبانگی هەڵبژاردنەکان، بە دڵنیاییەوە دەڵێت» کامالا هاریس دەبێتە 47هەمین سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، پشتبەستن بە جۆرێک هەڵسەنگاندن لە ساڵی 1981بەدواوە لەگەڵ بیرکار ڤلادیمێر کیلیس-بۆرۆک پەرەی پێدراوە و توانیویەتی مۆدێلێک بە 13 فاکتەرەوە دابڕێژێت ئەنجامەکەشی تەواو بێتە دی.
پێشبینیکردنی سەرکەوتنەکە لەسەر ئەو بیرۆکە بنەڕەتییە دامەزراندووە کە هەڵمەتی هەڵبژاردنەکان چۆن کاریگەرییان لەسەر تاکی کۆمەڵگە داناوە، بە پلەی یەکەم بە باری سیاسی و ئابووریی حکومەتەکەی ئێستاوەی گرێداوە، هەربۆیە لە شێوازی مێتافۆرەکەیدا لەو 13 کلیلە، مەرجە حزبی حاکم پێنج لەکلیلەکان زیاتر لەدەست نەدات، ئەگەر ببێتە کلیلی شەشەم، ئەوە کۆشکی سپی دەچێتە لای کاندیدی پارتی ئۆپۆزسیۆن.
لیختمان لە ساڵی 1981 بەدواوە توانیویەتی بە دروستی پێشبینیی هەموو هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی بکات و ئەنجامەکەشی دروست بووە تەنها ساڵی 2000 نەبێت کە پێشبینی کردبوو ئەل گۆر جێگری سەرۆکی دیموکراتەکان دەبێتە سەرۆکی داهاتوو، بەڵام جۆرج دەبلیو بوش بردییەوە.
لیختمان ئەم هەڵەیە دەگەڕێنێتەوە بۆ شێواندنی دەرەنجامی هەڵبژاردنەکان و بڕیارەکەی دادگای باڵا سەبارەت بە ژماردنەوەی دەنگەکانی فلۆریدا، بەڵام بۆ ساڵانی 2000 و 2016 و 2020 هیچ هەڵەیەک لەو 13»کلیل»ەی کە مۆدێلەکەی لەسەر دامەزراوە نابینرێت.
لیختمانی پرۆفیسۆری 77 ساڵە، بەهۆی ئەم بۆچوون و داڕشتنی کلیلانەیەوە تووشی چەندین هەڕەشە و قسەی ناشیرین، توندوتیژی، هەراسانکردنی بێوێنە بۆتەوە و سەلامەتی خێزانەکەشی کەوتۆتە مەترسییەوە، لەکاتێکدا میتۆدەکەی تەنها کارێکی زانستیانەیە.
فۆرمەلەی (کلیلەکانی کۆشکی سپی)بەمجۆرە کاردەکەن:
-1 هەڵبژاردنی حزبی: کورسی زیاتری حزبی دەسەڵات لە ئەنجومەنی نوێنەران.
-2 پێشبڕکێی حزبی: نەبوونی هیچ رکابەرێکی بەهێز لە هەڵبژاردنە سەرەتاییەکان.
-3 پۆستی سەرۆکایەتی: سەرۆکی ئێستا دووبارە خۆی بۆ هەڵبژاردن کاندید دەکاتەوە.
-4 غیابی لایەنی سێیەم: نەبوونی هیچ کاندیدێکی بەهێزی سەربەخۆ و لایەنی سێیەم.
-5 ئەرێنی ئابووریی کورتخایەن: تا کۆتایی وەرز نابێت هیچ دابەزینێکی ئابووری روویدابێت
-6 ئەرێنی ئابووریی درێژخایەن: ئابووری لە ماوەی سەرۆکایەتیدا بەراورد بە دوو خولی پێشوو پێویستە گەشەی کردبێت.
-7 گۆڕینی سیاسەت: پێویستە گۆڕانکارییەکی بەرچاو لە سیاسەتی حکومەتدا روویدابێت وەک لە خولی پێشوو.
-8 نائارامیی کۆمەڵایەتی: دۆخی کۆمەڵایەتی تا رادەیەکی زۆر دەبێت جێگیر بووبێت و هیچ نائارامییەکی کۆمەڵایەتی و ناڕەزایی بەردەوام رووی نەدابێت.
-9 نەبوونی هیچ فەزیحەیەکی گەورە: سەرۆکی ئێستا دەبێت دەستی لە هیچ فەزیحەیەکی گەورەدا نەبووبێت.
-10 شکستی سیاسەتی دەرەوە، سەربازی: سەرۆکی ئێستا دەبێت تۆمارێکی گەورەی سەرکەوتنی لە سیاسەتی دەرەوە یان شەڕدا هەبووبێت.
-11 سەرکەوتنی سیاسەتی دەرەوە، سەربازی: سەرۆکی ئێستا بەرپرسیار نییە لە هەر شکستێکی جددی لە سیاسەتی دەرەوە یان لە بواری سەربازی.
-12 کاریزمایی گەورەی کاندیدی پارتی دەسەڵاتدار: ئەو سەرۆکەی ئێستا کە جارێکی دیکە خۆی کاندید دەکاتەوە یان کاندیدی پارتی سەرۆکی ئێستایە، بێ مشتومڕ بە کاریزما دادەنرێت، یان بە پاڵەوانێکی نیشتمانیی هەژمار دەکرێت.
-13 چالنجەر بێ کاریزما: کاندیدی پارتی نابێت بەرامبەر کاریزما و پاڵەوانی نیشتمانی بێت.
لیختمان دەڵێت: راستیی ئەمساڵی کلیلەکانی 2، 4، 5، 6، 7، 8، 9 و 13 تەنها بەسن بۆ دڵنیابوون لە سەرکەوتنی هاریس.
وەڵامدانەوەی هەشت پرسیار بە بەڵێ بۆ کامیلا هاریس بە پێی ئەم میتۆدە پێگەکەی بەهێزتر کردووە، هەرچەندە دیموکراتەکان دوای بڕیارەکەی لیختمان سێ کلیلیان لەدەستداوە، چونکە هەڵبژاردنەکانی ناوەڕاستی خولەکە، بەخراپی کۆتایی پێهات و سەرۆکی ئێستا خۆی کاندید نەکردەوە و کامالا هاریسیش بە کاریزما دانانرێت.
لیختمان لە کاتی هەڵسەنگاندنی دۆخی سیاسەتی دەرەوە تا رادەیەک وریایە، لە روانگەی ئەوەوە پێدەچێت شکستێک لە غەززە رووبدات، بەڵام بەرگریکردن لە ئۆکرانیا بە سەرکەوتوویی دەبینێت.
لیختمان خاوەنی بڕوانامەی دکتۆرایە، پسپۆڕە لە مێژووی مۆدێرن و شێوازە چەندایەتییەکانی ئەمریکا لە زانکۆی هارڤارد، خاوەنی 13 کتێبە، لە ئەمریکا و چەندین زانکۆی دیکەی دەرەوەی ئەمریکا وانەبێژ بووە.
ململانێی نێوان هەردوو کاندید دونالد ترەمپ و کامالا هاریس بۆ سەرۆکایەتی ئەمریکا بەردەوامە