سەعاتی (ژینەهەواڵ)ی ئاژەڵان

11:00 - 2024-11-26
د.موحسین ئەحمەد ساڵح
82 خوێندراوەتەوە

د.موحسین ئەحمەد ساڵح*



ئاژەڵان خاوەنی سەعاتی ژینە هەواڵن، كە لە رێگەی هەستكردن بە رووناكی ئاڕاستەی 24 سەعاتی ژیانیان وەردەگرن

خۆر و مانگ و ئەستێرەكان كاریگەریی راستەوخۆیان لەسەر ژیانی ئاژەڵان هەیە لەسەر هەسارەی زەوی.
هەموو ئاژەڵان خاوەنی سەعاتی ژینە هەواڵن (ناسراو بە سەعاتی بایۆلۆجی) كە لەناو جەستەیانەوە لە رێگەی هەستكردن بە رووناكی ئاڕاستەی 24 سەعاتی ژیانیان بۆ ماوەی شەو و رۆژ وەردەگرن.
هەندێك لە گیانەوەران بۆ ژینەهەواڵی خۆیان پشت بە هەڵهاتن و ئاوابوونی مانگ دەبەستن، هەندێك گیانەوەری ئاوی بۆ سووڕی ژیان و خۆراك وەرگرتن پشت بە هەڵچوون و داچوونی ئاوی رووبار و دەریاكان دەبەستن.
مەرجان، شەوانی مانگی تابان، 14 شەوە بە ئاماژە بۆ زۆربوون و گەرادانان دەزانێت‌، هەروەك ماسی رەنگاڵە (reef fish) ئەو شەوە بە دەرفەت بۆ مەڵۆكردنی زیاتری سەرچاوە خۆراكییەكان دەبینێت.
ژیانی گیانەوەرانی وشكانیش پەیوەستە بە قۆناغەكانی مانگەوە، چالاكی مێرووەكان بەپێی دەركەوتن و گۆڕانی قەبارەی مانگ زیاد و كەم دەبێت.
رووەكی (Ephedra Foeminea) بە سوود وەرگرتن لە درەوشاوەیی مانگ لە چواردە شەوی-دا پێكهاتەی شەكری دەڕێژێت بۆئەوەی ببێتە هۆی راكێشانی مێرووە چالاكەكان لە شەودا. ئەم رووەكە سوود لەو دیاردەیە دەبینێت بە مەبەستی پیتاندنی گوڵەكانی بەهۆی دەنکە هەڵاڵەی گواستراوە لە رێگەی ئەو مێرووانەوە لە نێوان گوڵەكاندا.
هەندێك ئاژەڵی دیكە تەنانەت پشت دەبەستن بە ئەستێرەكانی دەرەوەی كۆمەڵەی خۆر بۆ خود ئاڕاستەكردن، واتا بە هەمانشێوەی مرۆڤەكان كە هەزاران ساڵە هەسارۆكە و تەنۆچكە رووناكەكان بۆ رێنماییکردنی خۆیان بەكاردەهێنن.
قالۆنچەی تەپاڵە كە خاوەن چاوێكی پێكهاتە ئاڵۆز و هەستیارە بە رووناكی و تەنەكان بە شێوەی تەڵخ دەبینێت، لەگەڵ ئەوەشدا توانای هەستپێكردنی رووناكی ئەستێرەكانی لە شەواندا هەیە و دەتوانێت بەكاریبهێنێت بۆ رێكردن و کردنی كارەکەی.
 دوا نموونەش باڵندەی شینە(indigo bunting song bird)  کە لە ناوچەكانی باشووری ئەمریكا دەژی توانای ناسینەوەی ئەستێرەی جەمسەری باكووری هەیە و بەكاریدەهێنێت وەك هێمایەك بۆ كۆچكردنی بەرە و باكوور بە جۆرێك بە هەرهۆكارێك بەری ئەستێرەكە بگیرێت و دیار نەمێنێت دەبێتە هۆی سەر لێشێوان و ون بوونی باڵندەکە، تەنانەت هەندێكیان جگە لە ئەستێرە گەشەی باكوور توانای بەكارهێنانی ئەستێرەی(Betelgeuse)  هەیە بە مەبەستی خۆ ئاڕاستەكردن و جەمسەرپێوی فڕینیان هەیە.

*پزیشكی ڤێتێرنەری - ماستەر لە نەخۆشیزانی.
* مامۆستا لە زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی - كۆلێجی تەكنیکی تەندروستی و پزیشكی بەشی پەرستاری.

سەرچاوە: گۆڤاری (Skay at night) ژمارە (235) مانگی یانزەی 2024.

وتارەکانی نوسەر