ئەمڕۆ سیناریۆ سیاسی و ئەمنییەكان زۆر بواری گرتۆتەوە و ئێستا تەنها لەلایەن حزب و لایەنەکان بەکارناهێنرێت، بەڵکو بەهۆی زیرەکیی دەستکردەوە کارەکە شۆڕبۆتەوە و گەشەی کردووە
داڕشتنى سیناریۆى سیاسی دژ به ركابهرانی سیاسی، كارێكی تازه نییه و چهندین كهسایهتی و حزب و لایهن لهكاتی جۆراوجۆر و لاوازیدا، یان وەک تاكتیكێک پهنای بۆ دهبەن، بەتایبەتی ئێستا زیرەکیی دەستکرد هاتۆتە کایەکەوە.
ئەم کارەش به گوێرهی قۆناغهكانی سهردهم و پێشكهوتنی تهكنهلۆژیا گۆڕانكاریی زۆری بهسهردا هاتووه.
لە کاتێکدا تەکنەلۆژیا هۆکاری سەرکەوتنی فراوانی ئەم بوارەیە، هەر خۆی ساختەکارییەکان ئاشکرا دەکات و راستییەکان دەخاتەڕوو.
ئەم کردارە لە سەرەتادا، هەمیشە بە گوڕ و تاودانێکی گەورە و خێرا تەشەنە دەکات و پەنای بۆدەبرێت، چونکە هێشتا بە شێوەیەکی فراوان لەسەر ئاستی میللی لە نێو هاووڵاتیاندا نەناسراوە و وەک شتێکی نوێ خۆی پیشان دەدات، هەربۆیە سەرەتا باوەڕی پێدەکرێت هیچ گومانێک لەگەڵ خۆیدا ناهێنێت، نموونەی زۆرمان لەم بوارەدا هەیە وەک بەکارهێنانی دەنگی هەندێک کەسایەتیی سیاسیی ناودار بە سیناریۆی جیاواز و ئێستا زیرەکیی دەستکرد کارەکەی گەیاندۆتە ئاستێک کە دەتوانێت مرۆڤێک بە دەنگ و رەنگەوە بە ڤیدیۆ بەرجەستە بکات کە ئەمەش دوو لایەنەیە لایەنێکی ئەرێنی و لایەکی نەرێنی ترسناک کە زۆرجار هەموو بەها ئینسانییەکان دەبەزێنێت و زیانێکی زۆر بە تاکەکانی کۆمەڵگە دەگەێنێت.
هەندێک جاریش سیناریۆکان بۆ مەرامی سیاسی و تاوانبارکردن دادەرێژرێت لەپێناوی بەرژەوەندیی تەسکی حزبایەتی کە دەبێتە هۆی ناوزڕاندنی میللەتێک، بۆ نموونە لەکاتی سووتاندنی هەندێک لە بازاڕەکانی کوردستان، سیناریۆیەک دارێژرا بەمەبەستی ناو زڕاندنی لایەنێکی سیاسی، بەڵام دواجار دادگای فیدراڵی بە ئاراستەیەکی دی بڕیاری لەسەر کەیسەکە دا کە پێچەوانەی بڕیارەکانی دادگاکانی هەرێمی کوردستان بوو کە خۆی لە خۆیدا گومانێک دەخاتە سەر تێکڕای سیستمی دادوەری لە کوردستاندا.
ئەمڕۆ سیناریۆ سیاسی و ئەمنییەكان زۆر بواری گرتۆتەوە و ئێستا تەنها لەلایەن حزب و لایەنەکان بەکارناهێنرێت، بەڵکو بەهۆی زیرەکیی دەستکردەوە کارەکە شۆڕبۆتەوە و گەشەی کردووە، بەجۆریک کەسی ئاساییی شارەزاش بەکاریدەهێنن کە ئەمەش رەوشێکی جڤاکی ترسناک دەخوڵقێنێت و هەڕەشە لە تەواوی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی دەکات.
کاتێک باس لە ئاسایش و زیرەکی دەستکرد ودەکرێت، بابەتی خێرایی لەم بوارەدا خالی یەکلاکەرەوەی مەسەلەکانە، لە هەمان کاتیشدا هەر خۆشی کیشەکەیە، چونکە سیستەمی زیرەکی دەستکرد سوودی تین و خێرایی بە بەکارهێنەرانی خۆی دەبەخشێت، ئەو وڵاتانەی ئەپڵیکەیشنی سەربازی پەرەپێدەدەن، سەرەتا سوودێکی ستراتیژی بەدەستدەهێنن، بەڵام لەلایەکی دیکەوە، ئەمە رەنگە زۆر مەترسیدار بێت، چونکە رەنگە بەهۆی بچووکترین کەموکووڕی سیستمەکە هاکەرەکان بتوانن ئیستغلالی بکەن و بڕۆنە نێو سیستمەکە و بە شێوەیەکی تۆقێنەر بەکاریبهێنن بە دروستکردنی وێنە و ڤیدیۆ و دەنگ و دەقی ساختە کە دەبێتە هۆی بڵاوبوونەوەی زانیاری هەڵبەستراو و هەڵە لە ئاستێکی فراواندا کە رەنگە ببێتە بنەمایەک و سەرچاوەی زانیاری بۆ بڕیاردەرانی ئاسایشی نەتەوەیی یان نیشتمانی کە رەنگە قەیرانی گەورەی مەترسیداری لێبکەوێتەوە و دوور نییە ببێتە مایەی هەڵگیرسانی شەڕێکی گەورە.