روونیی دید و راستگۆیی ویستی سیاسی لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا، وادەکات کە ئەم پڕۆژەی نوێبوونەوەیە ببێتە دەرفەتێکی راستەقینە بۆ ژیانەوەی حزبێک کە هێشتا کۆڵەکەی سەرەکییە لە بزووتنەوەی نیشتمانیی کوردیدا
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ مێژووی خۆی، قۆناغێکی چارەنووسساز بەڕێدەکات کە سنووری گۆڕانکارییە رووکەشەکان و سووڕانەوەی پۆستەکان لە ناو دامەزراوەی حزبیدا تێدەپەڕێنێت، بۆ ئەوەی بگاتە قووڵایی بنیادی رێکخراوەیی و فکریی حزب.
ئەم قۆناغە وەک کاردانەوەیەک بۆ گوشارە کاتییەکان یان قەیرانە ساتەوەختییەکان نایەت، بەڵکو بەشێکە لە پرۆسەیەکی بەردەوامی نوێبوونەوە کە ئامانجی گونجاندنی حزبە لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی سەردەم بەبێ دەستبەرداربوونی ئەو بنەما سەرەکییانەی کە پێش نیو سەدە لەسەری دامەزراوە.
ئەوەی ئەم قۆناغە جیا دەکاتەوە ئەوەیە کە نوێبوونەوە لێرەدا بڕیارێکی کاتیی سەرەوە نییە، بەڵکو پرۆسەیەکی هۆشیارانە و گشتگیرە کە رۆڵی حزب لە ژیانی سیاسی کوردستان و عیراقدا بە گشتی دادەڕێژێتەوە.
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، نەک تەنها هەوڵ دەدات ریزەکانی خۆی رێکبخاتەوە، بەڵکو دەیەوێت تێکەڵبوونێکی هاوسەنگ لە نێوان سەرکردایەتییە گەنجەکان کە خاوەن دیدێکی هاوچەرخن و سەرکردایەتییەکانی خاوەن ئەزموون دروست بکات کە شارەزایی و لێهاتوویی سیاسییان لە ماوەی چەندین دەیەدا کۆکردۆتەوە.
ئەم هارمۆنییەتە لە نێوان نەوەکاندا تەنها هەڵبژاردەیەکی رێکخراوەیی نییە، بەڵکو پێویستییەکی بەردەوام بوونە لە ساتەوەختێکی مێژوویی زۆر هەستیاردا کە ئێستا لەسەر ئاستی ناوخۆی کورد، گۆڕەپانەکە لە حاڵەتێکی چاوەڕوانی و رامانە لە نێوان دیدە جیاوازەکانی داهاتوو لەگەڵ ریزبەندییە ناسەقامگیرەکان، لە کاتێکدا کە رەوشی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی زۆر ئاڵۆزتر دەبن سەرەڕای ناڕوونی و نا هاوسەنگی و هەروەها گۆڕانکاری لە هەڵوێستەکاندا.
وێڕای زۆربوونی گوشارەکان، ی.ن.ک سوورە لەسەر بەردەوامبوون بە هەنگاوی جێگیر و پێشبینکراو بەرەو قۆناغێکی سیاسی نوێ، کە بەرامبەر کۆمەڵگە کراوەتر بێت و نزیکتر بێت لە خەمەکانی گەنجان و بە تواناتر بێت لە کارلێککردن لەگەڵ پێویستییەکانی ئێستادا، بەبێ ئەوەی پەیوەندیی لەگەڵ مێژووە خەباتگێڕییە دێرینەکەی بپچڕێنێت. حزبەکە واز لە ناسنامەی خۆی ناهێنێت، بەڵکو کار دەکات بۆ پەرەپێدانی بەشێوەیەک کە لەگەڵ رۆحی زەمەندا بگونجێت.
ئەم گۆڕانکارییانەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ئەگەرچی بە ووریاییەوە پیادە دەکرێت، بەڵام لە ناوەڕۆکدا پڕۆژەیەکی نیشتمانیی بەرزەفڕی هەڵگرتووە بۆ پێناسەکردنەوەی رۆڵی حزبە کوردییەکان لە بنیاتنانی نموونەیەکی فەرمانڕەوایی دیموکراسی واقیعی و بەردەوام لە هەرێمدا، دوور لە جەمسەربەندییە بێ بەرهەمەکان و دابەشبوونە نەریتییەکان.
لەوانەیە رێگاکە درێژ و پڕ ئەڵەنگار بێت، بەڵام روونیی دید و راستگۆیی ویستی سیاسی لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا، وادەکات کە ئەم پڕۆژەی نوێبوونەوەیە ببێتە دەرفەتێکی راستەقینە بۆ ژیانەوەی حزبێک کە هێشتا کۆڵەکەی سەرەکییە لە بزووتنەوەی نیشتمانیی کوردیدا.
یەكێتی بەردەوامە لە هەنگاونان بۆ نوێبوونەوە