پیرەهەولێر

01:44 - 2024-11-27
رەنج جەعفەر
160 خوێندراوەتەوە

شارێك بە هەورازی مێژوودا هەرگەڕا و جەور و ستەمی زۆری دیت و گەلەك زۆرداری لە گۆڕنا، بەرانەكینێ بە بەسەربەرزی قەڵاكەی مایەوە، لە دەورانێكدا ماڵی چوار خودا بوو، خەڵكەكەی لە هەر چوار خودا دەپاڕانەوە قەڵاكەی بە سەركەشی بمێنێتەوە، هەر نەوەكانی ئەو خەڵكە لە خودا دەپاڕێنەوە هەر بەو سەربەرزییە بمێنێتەوە، لەبەرهەندێ وەها دیارە ئەو مانەوەیە پەیمانێكی خودایی و هاوسۆزی خەڵكە رەسەنەكەیەتی وەیكردییە ئارامییەكی بێسنوری هەبی. 
ئەو شارە دەریایەكی مەنگە، لە زۆر دەور و دەورانان هەڕەشەی سڕینەوەی لێكراوە، هەر لە هۆلاكۆوە هەتا دەورانی عوسمانلی، وەرەوە لۆ بەعسییەكان مەگەر بە زۆری زۆردار نەبێت بەرگی بێگانەی پێیەوە جوان نەبووە، لە دەورانی عوسمانلی نوێش هەر دڵگرانە و لە دەرفەتێكدا مەنگییەكەی ترسێكی گەورەیە و هەناسەبڕكەی بە نەیارەكانی كردییە. شارەكەم هەولێر بەوە جوان بووە و بە جوانیش دەمینێتەوە، كەسەك نابینیەوە نامۆ بێت، رەسەنایەتییەكەی لەوەیدایە بە فەقیر و دەوڵەمەندییەوە سادە و خاكی و روو لە كاروكاسبین، دەست و دڵ كراوەن و پێیان خۆشە لە خزمەتی ئەوانەدابن رووی تێدەكەن. 
گەورەیی پیرەهەولێر لەوەیدایە، پایتەختێكە لاشانەكی بادینانە و لاشانەكەی دیكەی كەركوكی گەرمەسێر و سلێمانی شاری پایتەختی رۆشنبیریی و هەوێنی كوردایەتییە، هەر ئەوەشە وەهای كردییە هەر گەورە بێت و بە گەورەیی بمێنێتەوە. 
هەموو ئەو گەورەییە نهێنییەكە هەر ئەو رەسەنانە لێی تێدەگەن، دەوران لە دوای دەوران، ناسنامەی ئەو شارە یان ئەگەر برێین ناو و ناوبانگیان پاراستییە، كۆدی نهێنییەكەش هەر لەلای هەولێریە رەسەنەكان دەمینێتەوە، ئەوەی دێت هەردەبێ بڕوات، وەها باشە ناوێكی باش بخزێنیتە مێژووی پیرە هەولێرێ، ئەگەر نا بە خراپی دەخزێتە مێژووەوە.

وتارەکانی نوسەر