پرژە زاهیر جەلال
ریکلام شتێکی نوێ نییە، زۆر لەمێژە ئەم بیرۆکە سەرکەوتووە لە دنیادا هەیە و کاری پێدەکرێت، چ ریکلامی تەلەفزیۆنی بێت یاخود ریکلامی زیندوو لە نێو خەڵکدا، بۆ راکێشانی سەرنجی کڕیار لەسەر کاڵایەک، یان ناساندنی شوێنێک، کەلوپەلێک، پرۆژەیەک..هتد بە هاووڵاتیان.
بازرگان و وەبەرهێنەرەکان هەمیشە لە خەمی دۆزینەوەی سینارستێکی زیرەکدان تا بەهێزترین و کورتترین بیرۆکەی ریکلامیان پێشکەش بکەن، لە ئەنجامدا سوودێکی ماددی گەورە بە دەستبهێنن، بەڵام جیاوازی زۆر هەیە لە نێوان ریکلامەکانی ئەم سەردەمە و سەردەمی کۆندا، ساڵانی پێشوو ریکلام زۆر نەبوو و سنووردار بوو بە کۆمەڵێک هۆکار، یەکێک لەوانە ریکلام تەنیا بۆ شتانێک دەکرا کە سوودبەخش بێت، یان بۆ داهێنانێکی نوێ، بەو هۆیەوە کاڵاکان پڕفرۆش دەبوون، ئێستا دنیا پێشکەوتووە و رۆژ رۆژی ریکلامە، سەیری هەرکوێ بکەیت ریکلامی باش و خراپ دەبینیت، چیتر ریکلامەکان بە تەنیا له تەلەفزیۆنەکانەوە دەرناکەون، دێنە ناو مۆبایلە زیرەکەکانیشەوە.
کێشەکە لێرەوە دەستپێدەکات، لەبەرئەوەی تەکنەلۆجیا و ئامێری زیرەک ئێستا لە هەموو ماڵێکدا هەیە، لەوەش خراپتر بە گشتیی زۆرینەی بەکارهێنەری ئەم ئامێرە زیرەکانە منداڵان و هەرزەکارانن کە تەمەنیان له ژێر 18 ساڵیدایە، لە دنیای ئینتەرنێتدا هیچ سنوورێک بوونی نییە بۆ تەمەنەکان، ئەگەر تێبینی بکەین لە کاتی بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، یان سەیرکردنی ڤیدیۆیەک یان کردنی یارییەکی ئۆنلایندا، کۆمەڵێک ریکلامی نەشیاو بەبێ ویستی خۆمان دێنە سەر شاشەی مۆبایلەکە، ئەم ریکلامانە پڕن لە دیمەنی سێکسی و هاوڕەگەزبازی سانسۆر نەکراو، لە زۆربەی کاتەکانیشدا بۆ زیاتر سەرنجڕاکێشانی منداڵان، ریکلامی یارییە ئۆنلاینەکان سێکسین و بە شێوەی ئەنیمەیشن و کارتۆنیی دروستکراون، بۆئەوەی ئەپەکە دابەزێنن، بە هیچ لاناچن هەتا ئەو چەند سانیە و خولەکەی خۆیان تەواو نەکەن، واتا ناچارت دەکەن بوەستیت و سەیری بکەیت، ئەمە جگە لەو قازانجە ماددیە زەبەلاحەی بۆ کۆمپانیای ریکلامەکە دەچێت، کۆمەڵێک زەرەری گەورە بۆ کۆمەڵگە دروست دەکات.
لەبەرئەوەی ئەگەری زۆرە ئەوەی ریکلامەکە دەبینێت منداڵ بێت، بەڵام لە کاتی پیشاندانی ئەم ریکلامانەدا راستەوخۆ لە تۆڕەکە دەرچن و شاشەکە تاریک بکەن، لەبەرئەوەی کاتێک پێنج چرکە سەیر دەکەیت پاشان دەبیتە بینەر و پارە بۆ کۆمپانیا هەژمار دەکرێت، کەواتە لێرەدا ئەرکی خێزان و کۆمەڵگە و خوێندنگەیە رێنمایی و ئامۆژگاری منداڵان بکەن بۆ دروست بەکارهێنانی ئامێرە زیرەکەکان، تا گەیشتن بە تەمەنی گونجاو سنوور بۆ منداڵان دابنێن، لەبەرئەوەی گەیشتووین بە سەردەمێک پارە پێشەنگە و تەواوی بەها بەرزەکانی مرۆڤایەتی خستۆتە ژێر هەڕەشەی توندەوە، لە دنیای بازرگانی و سەرمایەداری ئەمڕۆدا مرۆڤ هەم قوربانییە، هەم پلیکانە.