لە ساڵیادی شەهیدکردنی لیوا شێرکۆدا

11:51 - 2025-01-30
کاروان شێخ عوسمان
131 خوێندراوەتەوە

کاروان شێخ عوسمان

 

لەبەرئەوەی باوک و برامان پێشمەرگە بوون، ئێمەش قاچاغ بوین یان بەقاچاغ سەیر دەکراین، بەڵام بێباک بووین لە ترس و دڵەڕاوکێ، بەسەرچڵییەوە رۆژێک لە گاپیڵۆن و رۆژێکی تر لە سەفرە و زەرون و دوای ئەوە لە ماوەت و رۆژی دواتر لە شار بووین. بەوەشەوە نەدەوەستاین چوکلێتە نامە و راسپاردەی کەسوکار و باوک و براکانمان و هاوڕێکانی ئەوانمان ئەهێنا و ئەبرد. ئەو رۆژگارە هەردووکمان لە هەڕەتی لاویدا بووین خوێنمان جمەی دەهات. لە تێپەڕینی "سەیتەرە و رەبیەکەی دۆڵ بێشک" دا بۆ ڕێگە تاقیکردنەوە هەرئەو پێشم دەکەوت و لەسەر چۆمی بەردبەردیش لە پەڕینەوەی سیمەکەدا پێش من بەسیمەکەدا خۆی هەڵدەواسی، جارێکیان لە سەردەشتەوە ئەچوین بۆ بێژوێ لەشاخی هۆمل بەفرێکی زۆر ڕێگەکەی گرتبوو، لەوەشدا یەکەم کەس دەست بە شکاندنی بەفری ڕێگاکە کرد، لە شەوێکی بەفر و شەختەدا لە نێوانی بانە و سەقز لەپێش تونێلەکەی کەلی خان، لە گوندێکی سەر ڕێگەکە دەستیان لێڕاگرتین و ماڵێک نەخۆشێکیان هەبوو شوێنەکەشیان دورە ڕێگەکە بوو، ئەم بووە فریاگوزار و نەخۆشەکەیانی بەکۆڵ هێنا بۆ لای ئۆتۆمبیلەکە، ئەوانە و زۆر یادگاری تر هەیە کە تێیاندا هەر لەو کاتانەوە گیانی پێشڕەوی و فەرماندەییم لەودا بەدیکردبوو بۆیە لە زۆرینەی هەڵمەتەکانی بەرگری لە خاک و نیشتماندا ئەوەی لە قۆناغێکی تری تەمەندا و لە رووماڵکردنی ڕۆژمانەوانیدا شاهێدی بووم یان بەدیم کرد یان لە زاری هاوڕێ و کەسانی ترەوە لەسەر ئەو زاتە بیستبوم نموونەی قەڵای جوامێری بوو. ئەو سەردەمەی گەنجی و لاوێتیمان من و شێرکۆ و شوانە جگە لە ڕاکەڕاکەی خۆ شاردنەوە لە سەرانی ڕژێم بەڵام لە سەردانێکی ماوەت و گەشتێک بەنێو باخ و دێبەرەکانی بایاوا و دەشتی تلێ و کانی چنار و مەلەیەک لە خەمەڵوکە و بەردبەرد یان چۆمی باناڵێ دا گشت ترس و خەتەریاتێکمان لەبیر ئەچۆوە، بەڵام جارجار مۆڕەیەکی زابتەکەی سەیتەرەی کارەباکە ئەیهێناینەوە سەرسفر . شێرە زۆر عاشقی گۆرانییەکانی تیپی بابان بوو، بۆیە چەند رۆژێک لەمەوبەر لە نزیکبوونەوەی ساڵیادی گیانبەخشینی ئەمدا دڵم بەرایی نەهات بە بێ شێرکۆ لەکۆنسێرتەکەی نەریمان باباندا دابنیشم.

فۆتۆ : شێرکۆ فاتح شوانی، کاروان محەمەد، کاروان شێخ عوسمان، 1985 سلێمانی

وتارەکانی نوسەر