لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی نوێی ئەمریکا، مشتومڕێکی بەرفراوانی لە نێو بەرپرسانی خۆرئاوا و چاودێرانی سیاسی لە جیهان بە دوای خۆیدا هێناوە، بەتایبەت کاتێک ترەمپ بە ئاشکرا باسی لە بەکارهێنانی هێزی سەربازی کرد بۆ دەستگرتن بەسەر کەنەدا و بە تایبەتتر کەناڵی پەنەما و دوورگەی گرینلاند، کە هەردووکی بە گرنگ وەسف کردووە بۆ ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا.
ترەمپ بە ئاشکرا باسی لە بەکارهێنانی هێزی سەربازی کردووە بۆ دەستگرتن بەسەر کەنەدا و بە تایبەتتر کەناڵی پەنەما و دوورگەی گرینلاند، کە هەردووکی بە گرنگ وەسف کردووە بۆ ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا
پاڵنەرەکانی ترەمپ بۆ کۆنترۆڵکردنی (گرینلاند)
قۆستەنەوەی بانگەوازی سەربەخۆیی دوورگەکە: هەرچەندە دوورگەکە لە ساڵی (2009)ەوە بە فەرمی ئۆتۆنۆمی لە دانیمارکەوە وەرگرتووە، خەڵکی رەسەنی گرینلاند هیوادارن ئەم هەنگاوە تەواو بکەن و سەربەخۆیی تەواو لە شانشینی دانیمارک بەدەست بهێنن، ترەمپ بەم شێوەیە هەوڵدەدات ئەم تەماحە ناسیۆنالیستییانە بقۆزێتەوە بۆ خزمەتکردنی ئامانجە فراوانخوازییە جیۆ- ئابوورییەکانی.
گرنگی سەربازی و جیۆستراتیژی: ترەمپ درک بە گرنگی شوێنی جیۆپۆلەتیکی دوورگەکە دەکات، چونکە لە نیوە رێگای نێوان مۆسکۆ و نیویۆرک دایە، بۆیە هەر زلهێزێکی تر کە کۆنترۆڵی بکات دەبێتە خاڵی دەستپێک بۆ هەڕەشەکردن لە ئاسایشی وڵاتەکەی تر، لەبەر ئەوەی بنکەیەکی گرنگە بۆ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە و بەرگری مووشەکی، هەروەها بۆ چاودێریکردنی بۆشایی ئاسمان، لەلایەکی ترەوە دوورگەکە بە دەروازەی جەمسەری باکوور و ئەو رێگا دەریایانە دادەنرێت کە بەرەو جەمسەری باکوور دەچن، کۆنترۆڵکردنیشی واتە دانانی رادار لەوێ بۆ چاودێریکردنی ئاوەکانی نێوان دوورگەکە و هەردوو وڵاتی (ئایسلەندا و بەریتانیا)ش، جگە لە چاودێریکردنی کەشتی و ژێر دەریاییەکانی روسیا و چین.
گرنگی ئابووری: دوورگەکە دەوڵەمەندە بە نەوت، گازی سروشتی و کانزاکان، لە کۆی 34 کانزا خاوەنی 25 کانزایە و بەتایبەت هەبوونی کانزا دەگمەنەکان بۆ دروستکردنی پاتری لە تەکنەلۆژیای بەرزدا.
کۆنتڕۆڵکردنی کەناڵی پەنەما گرنگی بۆ ئەمریکا چییە؟
گەرچی ناوچەکە پێشتر لەژێر کۆنترۆڵی کۆڵۆمبیادا بوو، بەڵام دوای پێکهێنانی کۆماری پەنەما لە ساڵی (1903) بووە هۆی جیابوونەوەی لە کۆڵۆمبیا، گرنگی جیۆستراتیژیکی کەناڵەکە لە کاتی جەنگی جیهانی دووەمدا دەرکەوت، کاتێک وەک رێڕەوێکی چارەنووسساز بۆ هەوڵەکانی هاوپەیمانان لە نێوان زەریای ئەتڵەسی و زەریای هێمن بەکاردەهێنرا، دوای گرژییە دیپلۆماسییەکانی نێوان هەردوو وڵات لەسەر کەناڵەکە لە ساڵی (2000)دا پەنەما توانی خاوەنداریی تەواوەتی بەدەست بێنێت، بەڵام ئێستا ترەمپ کۆنترۆڵکردنی کەناڵەکە بە بابەتێکی گرنگ دەزانێت لەبەر چەند هۆکارێک:
گرنگی جیۆئابووری بۆ ئەمریکا: ساڵانە داهاتی ئەم کەناڵە دەگاتە 4 ملیار دۆلار و نزیکەی %6ی قەبارەی بازرگانی دەریایی جیهانی بەو کەناڵەدا تێدەپەڕێت، ئەمریکا گەورەترین بەکارهێنەری کەناڵی پەنەمایە بە جۆرێک ساڵانە نزیکەی %40ی کۆنتێنەری ئەمریکای پیا تێپەڕ دەبێت، لە ساڵی 2021دا زیاتر لە %73ی هەموو ئەو کەشتیانەی کە بەو کەناڵەدا تێدەپەڕین، بەرەو بەندەرەکانی ئەمریکا یان لە بەندەرەکانی ئەمریکاوە دەهاتن.
نەهێشتنی باجی گومرگی: ئەو وشکەساڵیەی کە لە دوو ساڵی رابردوودا کەناڵەکە تووشی بووە بووەتە هۆی کەمبوونەوەی ئاستی ئاو، کە ئەمەش رێگری لە توانای کارکردنی ئاسایی کرد و بووە هۆی سنووردارکردنی هاتوچۆ و زیادکردنی کرێی پەڕینەوە لە کەناڵەکە.
روبەڕووبوونەوەی چین لە پەنەما: ترەمپ بانگەشەی ئەوە دەکات کە چین هەوڵدەدات کۆنترۆڵی زیاتر بەسەر پەنەما و کەناڵەکاندا بکات.
هەرچی سەبارەت بە لکاندنی کەنەدا بە ئەمریکاوە لە ڕێی بەکارهێنانی دەسەڵاتی ئابووری، مەزەندە دەکرێت کە لێدوانەکانی ترەمپ سەبارەت بەو پرسە جددی نەبێت، زیاتر بۆ ئیستفزاز و فشارخستنە سەرە بۆ (ئۆتاوا) بۆ قبوڵکردنی هەر پلانێکی داهاتوو بۆ چارەسەرکردنی ناهاوسەنگی بازرگانی نێوان هەردوو وڵات، لە لایەکی تر چاودێران پێیانوایە مەحاڵە بیرۆکەی ترەمپ بۆ پەیوەستبوونی کەنەدا بە ئەمریکاوە بێتەدی و ئاماژەی بەوە دەکەن ئەگەر بێت و ئەم سیناریۆیە بەدیبهێنرێت، ئەوا گەورەترین زیان بە پارتی کۆمارییەکان دەگەیەنێت و سوودێکی زۆری بۆ دیموکراتەکان دەبێت، بە سەرنجدان بەوەی کە کەنەدا دەبێتە ویلایەتێکی شین و زەبەلاح وەک کالیفۆرنیا.
ئامانج و مەبەستی راستەقینەی ترەمپ، ئاماژە و لێکدانەوەن بۆ:
1 - دووپاتکردنەوەی رۆڵی جیهانی:
لێدوانەکانی ترامپ گوزارشتن بۆ زیاتر بەهێزکردنی پێگەی نێودەوڵەتیی ئەمریکا کە لە هەندێک ناوچە نزیکە لە دابەزین و سیاسەتی دوورکەوتنەوە بە تایبەت لە دەیەی رابردوودا.
2 - بەدەستهێنانی گرێبەستی باشتر:
پێدەچێت لێدوانەکانی ترەمپ جێبەجێکردنی سیاسەتی زۆرترین فشار بێت، واتە لە راستیدا نایەوێت گرینلاند، پەنەما، و کەنەدا بخاتە ژێر رکێفی خۆیەوە، بەڵکو هەوڵدەدات گرێبەستی باشتر بۆ ئەمریکا بەدەستبهێنێت کە لە بەرژەوەندیی ئەمریکییەکان بێت و بەو پێیەی ئەو باوەڕی بە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی یان گرنگی بە رێککەوتنی دوولایەنە بدات، بەڵکو دەیەوێت بە تاکەکەسی بڕیار بدات و هەر وڵاتێکی بیەوێت مانۆڕی تیا بکات، بە هیوای ئەوەی گرێبەستێک لەگەڵ پەنەما بکات و باج لەسەر کەشتییە ئەمریکییەکان کەم بکاتەوە، یان گەرەنتی دەستڕاگەیشتن بە کانزا دەگمەنەکان لە گرینلاند و گەیشتن بە گرێبەستێکی نوێ لەگەڵ کەنەدا کە سوودی بۆ بەرهەمهێنەرانی ئەمریکا هەبێت.
3 - بەهێزکردنی حەوشەی پشتەوەی ئەمریکا:
ئیرادەی ترەمپ بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ نیوەگۆی خۆرئاوا وەک کایەیەکی کاریگەر بۆ ئەمریکا، کە ئەمەش ئاماژەیە بۆ بووژانەوەی بنەماکانی مۆنرۆ، کە ستراتیژییەکە بۆ یەکەمجار لەلایەن سەرۆکی پێنجەمی ئەمریکا (جەیمس مۆنرۆ)وە لە ساڵی 1823 ئاماژەی پێکراوە، کە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکای بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە داڕشت، ترەمپ بە روونی دەیەوێت ئەم پرەنسیپە دووپات بکاتەوە بۆ ئەوەی رێگری لە دەستوەردانی زلهێزەکانی وەک چین لە ناوچەکەدا بکات، هاوکات دەیەوێت هەندێک لەو ئاژاوانەی کە دەبێتە هۆی هێنانی کۆچبەری زیاتر بۆ خاکی ئەمریکا لە وڵاتەکانی تر کەم بکاتەوە.
سەرچاوەکان:
https://ny1.com/nyc/all-boroughs/news/2025/01/09/house-republicans-move-on-trump-s-wish-to-take-control-of-the-panama-canal-
https://www.dostor.org/4919712#goog_rewarded
https://thinkeuropa.dk/brief/2025-01-the-green-transition-are-greenlands-critical-raw-material-deposits-the-key-to-the-eus
https://www.reuters.com/markets/commodities/panama-canals-net-income-rose-345-bln-fiscal-year-despite-drought-2024-10-25/
https://www.bbc.com/news/articles/c1km4vj3pl0o
https://www.coface.com/news-economy-and-insights/greenland-is-still-gradually-moving-towards-independence-despite-trump-s-ambitions
* مامۆستای زانکۆ