ستونی کراوە

قـــەڵــەمــەكــەم بــۆ فــڕێدا؟

10:15 - 2025-02-05
هاژە باست
161 خوێندراوەتەوە

هاژە باست

هەر لە كۆنەوە واهاتووە، كاتێك كەسێك دەنووسێت و پێی دەوترێت نووسەر، دێتە بەرچاومان قەڵەمێك و كاغەزێك لەبەردەستیدایە و دەستێكی خستوەتە سەر ناوچاوانی و بە پەنجەكانی مێشكی دەجووڵێنێت و دەنووسێت، ئەوجا كە بابەتێكی بڵاودەكاتەوە، دەڵێین خامەت رەنگین، یان دەست و قەڵەمت خۆش.
ئێستا دەور و زەمانە گۆڕاوە، نووسەرەكان كار لەسەر كیبۆرد دەكەن و بە كۆمپیوتەر و لاپتۆپ و مۆبایل و جۆرەكانی دەنووسن، دەی بەو جۆرە بێت، كە دەستخۆشی لە نووسەرێك دەكەین، دەبێت بڵێین دەست و كیبۆردت خۆش. 
ئەم چەن دێڕەم بۆ ئەوە وت، كە روونی بكەمەوە من قەڵەمم فڕێ نەدا، یان كیبۆردەكەم فڕێ نەدا، بەڵكو توێكڵە مۆزێكیان هەڵدایە ژێر پێم و لێم كەوت و بۆم نەدۆزرایەوە، وەڵڵا خۆ راستترە بڵێم ترسام و خۆم فڕێمدا. 
ئێستا دەپرسن چۆن؟ ماوەیەكی كەم دەمنووسی، كاتێك بابەتێكم لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاودەبۆوە، هەستم هەم بە كاریگەریی نووسینەكانم دەكرد بۆ سەر دەورووبەر و هەم رەزامەندیشیان، بێگومان مەبەستم زۆرینەیە، لەلایەكی ترەوە بە دوای وردەكارییدا دەچووم، ئیتر ئینسانە فزوڵی دەكات، سەیرم دەكرد لەملاولا كۆمێنت و قسەی نەشیاویان دەنووسی، دەی منیش ترسنۆك بووم، یەك دەریا پشتیوانیی و دەستخۆشیم بۆ دەهاتەوە، لە پەرداخێك ئاوی ناڕەزایی و رەخنە ترسام و دەستم لە نووسین بەردا و سەری خۆم كز كرد.
زۆربوون ئەوانەی بەردەوام هانیان دەدام بنووسم و دەستپێبكەمەوە، هەر نەدەگەیشتمە قەناعەت، 
دواتر سەیرێكی چواردەوری خۆم كرد، ئەم سۆشیاڵ میدیایە ئەمەندە خەڵكی بەتاڵی تیایە، هەندێ جار قورئانی پیرۆزیش كە كەلامی خوا گیانە دادەنرێت خەڵك لێی ناڕازییە، كەواتە من بۆچی و لەپای چی بوەستم و بترسم، كاتێك دەریایەك وشە لەناخما كۆبووەتەوە، بوێرانە بڕیارمدا بەڵێ كەوتنی قەڵەمەكەم و دانپێدانانی ترسنۆكیی خۆم دەسپێبكەمەوەو پەیامە سادەكانی مێشكم بكەم بە وشە و پێكەوە لەگەڵ ئێوە هاوبەشی پێبكەم.

وتارەکانی نوسەر