کۆد و کلیل

هەویرەکە ئاو زۆر دەکێشێت

09:29 - 2025-02-12
پرژە زاهیر جەلال
95 خوێندراوەتەوە

لە دوای ژیانکردن لە ماڵێکدا بە خۆشی و ناخۆشییەوە، هێنانە دنیای منداڵ یەکێکە لە هەرە بڕیارە سەخت و گرنگەکان، گەر بەبێ ویست و پلان روویدا، دیاری خودایە تکایە بیپارێزن، لەکاتی ئەم بڕیارەدا پێویستە ژن و پیاو بە وردی گفتوگۆ بکەن، مەرجە زۆرینەی هاوسەران ماوەی دوو بۆ سێ ساڵ بدەن به ژیانی هاوبەشیان و رێگرییە پزیشکییەکان بەکاربهێنن، تا یەکتر بە باشی دەناسن، باسی ئەو خاڵانە بکەن کە تێیدا هاوڕان یان جیاواز، لەچیدا دەگونجێن و ناگونجێن، تا چ ئاستێک دەتوانن یەکتر پەسەند بکەن و چاو لە هەڵەکانی یەکتر بپۆشن، زۆر گرنگە سنووری ماڵی خۆیان بپارێزن لە بردنە دەرەوەی کێشە تایبەتییەکانیان بۆ ماڵە باوانیان، لەبەرئەوەی زۆرجار باسکردنی ئەم کێشەیە بۆ چارەسەرە، بەڵام نەک چارەی ناکات، بەڵکو کێشەکە گەورەتر دەکات، ناکۆکییەکە لە نێوان دوو کەسەوە دەگوازرێتەوە بۆ ماڵە باوانیش، کورد وتەنی هەویرەکە ئاو زۆر دەکێشێت.
گەورەترین کێشەکانی کۆمەڵگە لێرەوە سەرچاوە دەگرێت، کاتێک هەندێک ژن و مێرد هەنگاوی کوێرانە دەنێن، چۆن؟ هەر لە سەرەتای مانگەکانی هاوسەرگیریدا منداڵ دێننە دنیا، کە هێشتا ئەم دوو مرۆڤە نابینان بەرامبەر یەکتر، چاوی تێگەیشتنیان نەکراوەتەوە، لە کۆمەڵێک بارودۆخی سەختدا هەڵوێستی یەکتریان نەبینیوە، لە تاقیکردنەوەکانی هاوژینیدا نمرەکانیان نازانن، کاتێک ئەم منداڵ دێننە دنیا، بێگومان ناتوانن چێژی راستیی خێزان بکەن، لەبەرئەوەی تەواوی ئەو دەمەقاڵێ و ناکۆکییەی لە ساڵی یەکەمدا دەبێت رووبدات، دەیخەنە پێش چاوی منداڵەکان، زۆرجار لە ئەنجامی دواکەوتنی یەکترناسینیان و پەسەند نەکردنیان، جیا دەبنەوە.!
ئەی منداڵەکان چیان لێدێت؟ وێنای بکە ژیان ئاوێکی بێ بنە منداڵ بۆ فێربوونی مەلەوانی پێویستی بە دایک و باوکێکی مەلەوانە، چی ئەگەر دایک و باوکەکە مەلە نەزانن و نقوم بن؟ کێ منداڵەکە فێری مەلەوانی دەکات؟ کاتێک منداڵەکان نقوم بوون چییان لێدێت؟
ئەگەر ئەم منداڵانە ماڵە باپیرانی دڵسۆز و پەروەردەکاریان نەبێت سەرپەرشتییان بکەن، بێشک لە کاتی نقوم بووندا کەسانی بێزراو و بێڕەوشت دەبنە گەورە و دەم راستیان، تووشی سەدان هەڵە و تاوانی جۆراوجۆریان دەکەن، وەک: دزی، دەستدرێژی، کوشتن، ماددەی هۆشبەر، لەشفرۆشی، باندی تاوان، فرۆشتنی ئەندامەکانی جەستە، فێڵکردن، هەڕەشەکردن، پشێوی نانەوە، رەگەز گۆڕین و هەر رێگەیەکی دیکەی بێزراو بۆ پارە پەیداکردن، یاخود لە پێناو برسێتی بۆ دەستکەوتنی لەفەیەک و جێگەیەکی خەوتن و مانەوە ئەم منداڵە دەبێتە تاوانکار بەبێ ئەوەی تاوانبار بێت.!
دایک و باوکیش خەریکی ژیانی خۆیانن، ژیانی هاوسەریی نوێ پێکدەهێننەوە، دواتر کاتێک دەزانن منداڵەکەیان تووشی دەیان دەردەسەری بووە، ئەشکەنجەیان دەدەن، دەیانکوژن، تفیان لێ دەکەن، زیندانییان دەکەن، لەبەرئەوەی بە هۆکاری سەرشۆڕییان دەزانن.!
لە کاتێکدا تاوانبار دایک و باوکەکەن، کە خۆیان نقوم بوون، چاوەڕێش دەکەن منداڵەکەیان جوانترین و باشترین مەلەوان بێت! پێویستە بزانین ئێمە ئەگەر کێڵگەیەکی وشک بین، هەرگیز بەرهەمەکەمان سێوی سوور نابێت.

وتارەکانی نوسەر