لە زۆر وڵات، چەندین نەتەوە و ئایینی جیاواز بەیەكەوە دەژین و هەریەكەیان تایبەتمەندیی خۆی هەیە، بەبێ ئەوەی هیچ كێشە و گرفتێك لە نێوانیاندا دروست بێت، ئەمەش نیشانەی پێشكەوتن و سەروەربوونی یاسایە لەو وڵاتەدا، ئەوان نەوەك رێگایان نەداوە ئەو پێكەوە ژیانە تێكبچێت و ببێتە هۆی نائارامی، بەڵكو وەك فاكتەری بەهێزبوون و گەشەسەندنی وڵاتەكەیان سەیری دەكەن.
لە كوردستانیش چەندین نەتەوە و ئایین بە ئاشتی بەیەكەوە دەژین و مێژوویەكی دوور و درێژیان لەگەڵ یەك هەیە، لە هەندێك شوێن بەجۆرێك تێكەڵ بوون هەست بە جیاوازییەكانیان ناكرێت، لەوبارەیەوە شاری كۆیە پشكی شێری لەو پێكەوە ژیانە وەرگرتووە و بەراورد لە شوێنەكانی دیكە، كەمتر هەست بە جیاوازی لە نێوان پێكهاتەكان بەتایبەتی مەسیحی و موسڵمانان دەكرێت.
ئەوەی زیاتر وایكردووە لە شاری كۆیەوە كەمتر هەست بە جیاوازییەكان بكرێت، پیاوانی ئایینی بووە، ئەوان رۆڵی كاریگەریان هەبووە لە چەسپاندنی ئەو كەلتورە، بەتایبەتی مەلای گەورەی كۆیە، كە یەكێك بوو لەو كەسایەتییە ئاینیانەی جیاوازیی لە نێوان ئایینەكان نەكردووە، ئەو تێڕوانینەش بۆتە بناغەیەك بۆ بەهێزكردنی پێكەوەژیان لەو شارەدا، بۆئەوەی خەڵك رێز لە هەموو ئایینەكانی وەك جولەكە و مەسیحی و ئێزیدیی بگرێت.
لەم سەردەمەشدا پێویستە ئەو كەلتورە بە هێزتر بكرێت و پیاوانی ئایینی بەردەوامبن لە هاندانی خەڵك، لەوەی جیاوازیی لە نێوان پێكهاتەكان نەكەن، وەك چۆن پێشتر سەرجەم دانیشتوانی كۆیە، بەشداریی خۆشی و ناخۆشییەكانی یەكتریان كردووە و رێزیان لە دابونەریت و بەها كۆمەڵایەتییەكانی یەكتر گرتووە.
لەسەر حكومەت و لایەنە سیاسییەكانیش پێویستە، دوور لە تێڕوانینی سیاسیی و بەرژەوەندیی حزبی، خزمەتی پێكەوە ژیانی نێوان نەتەوە و ئایینەكان بكەن، نەوەك تەنیا لە شاری كۆیە، بەڵكو لەسەرجەم شار و شارۆچكەكان، ئەمەش هەنگاوێك دەبێت بۆ پاراستنی یەكریزیی و گەشەكردنی زیاتری وڵاتەكەمان.