پرۆسەی ئاشتی..

״لاپەڕەیەکی نوێ کرایەوە״

09:49 - 2025-03-02
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
76 خوێندراوەتەوە

گوزارەی «لاپەڕەیەکی نوێ کرایەوە» ریزکردنی وشە نییە بەبێ دیاریکردنی بکەر و دەنگدانەوە مێژووییەکەی، تەنانەت ئەو دێڕە وەک جەنگیز چاندار ناوینابوو، «شکاندنی بتەکەی کۆشک» بوو، ئیدی مێژووی پرسی کوردی بردەپێشەوە لە تورکیادا، نەک پرۆسەی ئاشتی ئێستا کە رانەندەکەی (دەوڵەت باخچەلی)یە، ئەوەی لاپەڕە نوێیەکەی بۆ یەکەمجار کردەوە، مام جەلال بوو.
ئەو ناونیشانەی سەرەوە قسەی مام جەلال-ە، ئەو رۆژەی سەرۆک مام جەلال لە 14/6/1991، لە کۆشکی چانقایا لەگەڵ وەفدێکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، سەرۆک کۆماری ئەوکاتی تورکیا (تورگوت ئۆزاڵ) دەبینن و دوای گفتوگۆ، کاتێک لە کۆشک دێنە دەرەوە، بە پێکەنین و رووخۆشییەکی زۆرەوە مام جەلال دەڵێت «لاپەڕەیەکی نوێ کرایەوە»
کردنەوەی ئەو لاپەڕەیە، بووبە بناغەی مێژوویەکی نوێ بۆ ئەمڕۆ، ئەو دیدارەی مام جەلال دەستکاریی مێژوو و ستراکچەری دەوڵەتی تورکیای کرد و بوونی کوردی لە تورکیادا کردە بابەتێک کە ئیدی باسکردنی بڤە نەبێت، لەوێوە ئیدی ئیدیۆمی (پرۆسەی ئاشتی) بووە ئەمری واقیع، بە دەرکەوتنی ئەم ئیدیۆمە لە چانقایا، گەلێک مانا هەڵدەگرێت، ئەگەر پێشتر باسکردنی کورد لە کۆشکی سەرۆکایەتیدا بۆ لەناوبردن و دژایەتی بووبێت، بەڵام ئەوجارە دۆسێکەی کورد لە چانقایا تەنها بۆ چارەسەر و کۆتایی شەڕ کرایەوە و سەرۆکی تورکیا، ئامادەبوو گوێ لە سەرکردەیەکی گەورەی کورد بگرێت و باسی پرۆسەی ئاشتی بکات لەگەڵیدا.
تەنانەت داهێنەری ئیدیۆمی (پرۆسەی ئاشتی) سەرۆک مام جەلال بوو، لێرەوە وێنەکان پێچەوانەبوونەوە و ئیدی چارەسەریی پرسی كورد وەك بەهێزترین پرسی گرێدراوی نێوان كورد و تورك رێڕەوێكی نوێی گرتەبەر و چەندە توركەكان ویستبێتیان وەك بابەتێكی دەرەوەی مێژوو و جوگرافیای خۆیانی بزانن، دواجار چانقایە بووە بەڵگەی هەبوونی پرسێكی لەو جۆرە لە توركیادا و چارەسەریی ئەو پرسەشی لەسەر دەوڵەتی توركیا كردە پێویستی، جا ئەوكات بێت یان چەندان ساڵیتر، هەر دەبێت دەوڵەتی توركیا ئەو پرسە چارەسەر بكات.
لەدوای دیداری چانقایا، ئیدی كورد نەك هەر بوونێكی نەگۆڕ و جێگیرە لە ناو مێژووی توركیادا، بەڵكو پاوەری جێگۆڕكێی توركیاشە لە دیوە خۆرهەڵاتییەكەیەوە بۆ خۆرئاواییبوون، تا وەرچەرخان لە پرسی كورددا نەكرێت و ئاشتی بەرقەرار نەبێت، ئەو هەڵسوڕان و هەڵپلانەی توركیاش بەرەو خۆرئاوا و یەكێتیی ئەوروپا روونادات.
بەمانایەكیتر، پرسی كورد و پرۆسەی ئاشتی لە توركیا، ئەگەر چارەسەر بكرێت، نەك تەنها سوودی بۆ كورد دەبێت، بەڵكو سوودی بۆ توركیاش دەبێت و لە وڵاتێكەوە كە هێشتا رووی لە خۆرهەڵاتە، دەبێتە وڵاتێكی خۆرئاوایی و خەونی چەندان ساڵی دەبێتە راستی.

وتارەکانی نوسەر