قەت بەدوای خۆتدا گەڕاویت؟!

12:45 - 2025-03-03
هاژە باست
93 خوێندراوەتەوە

ئێمە هەموومان خۆمان ون کردووە، بۆیە وەک چۆن لەکاتی پێویستیدا دەزوییەک یان داوێکمان لێ ون دەبێت، ورد ورد و عەوداڵانە بەدوایدا دەگەڕێین، پێویستە بەدوای خۆشماندا بگەڕێن، ئەمەش تەنها کاتێک دەبێت، کە بەوپەڕی باوەڕەوە بڕیاڕ بدەین خۆمان بدۆزینەوە، مرۆڤ چۆن خۆی ون دەکات؟

کاتێک هەموو بوونت دەبێتە هەوڵدان بۆ رازیکردنی ئەوانی دیکە، دەبینیت نە جل و بەرگەکانت بە دڵی خۆتە، نە خواردنت، نە چونەدەرەوە و رەفتارەکانت

کاتێک هەموو بوونت دەبێتە هەوڵدان بۆ رازیکردنی ئەوانی دیکە، دەبینیت نە جل و بەرگەکانت بە دڵی خۆتە، نە خواردنت، نە چونەدەرەوە و رەفتارەکانت، تەنانەت هەموو هەوڵ و ماندووبوونەکانت، یان باشترە بڵێم کۆڵکێشان و بە زۆر خۆ ماندووکردنت، لەپێناو ئەوانە، تۆ ئیتر خۆت نیت، ئامێرێکیت دروست بویت بۆ ئەوەی کەست لێ نەتۆرێ و کەست لێ نەڕەنجێ و بەباشی و جوانی بتبینن و قبوڵت بکەن.
ئەی خۆت؟ لەخۆتت بپرسە تۆ چیت دەوێت؟ دنیا راستەقینەکەی تۆ چۆنە؟ ئایا بەمجۆرەی ئێستا کە بۆ ئەوانی دیکە دەژیت خۆتت بە دڵە؟ رێک لێرەدا بۆت دەرەکەوێت کە تۆ چ هەڵەیەکی گەورەت بەرامبەر خودی خۆت کردووە، ئێمە بۆ ئەوە دروست بوین، بە تەبیعەت و راستی بوونی خۆمانەوە قبوڵمان بکەن، تۆ جارێ خۆت لە خۆت رازی ببە، با خۆت خۆتت بەدڵ بێت. بۆ هەموو مرۆڤەکان کەسانێک دێنە پێش بە هەموو جۆرە تەبع و هەڵسوکەوت و رەفتارێکەوە کە ئەگەر خراپیش بێت قبوڵکراون، تەنانەت کاتێک پێیان وایە قورسە دایکی خۆشیان قبوڵیان بکات.
کەواتە بڕیار بەو خۆت بدۆزەرەوە، خاڵێک بۆ هەموو خۆ باشکردنەکانت دابنێ و کەی خۆتت لە راستی خۆتدا دۆزییەوە، ئەو کات کەسە راستەکەیەت و بەڕاستی خۆتەوە دەتدۆزێتەوە و ئەوپەڕی شانازیش بە بوونتەوە دەکات، (کەسی راست هەر کەسێکە لەژێر ناونیشانی هاوڕێ، خۆشەویست، هاوسەر یان هەر ناوێکی تر بێتە ژیانت).

وتارەکانی نوسەر