رۆژی (9/3/2025)، رۆژێک پێش ئیمزاکردنی رێککەوتننامەی نێوان حکومەتی سوریا و هەسەدە لە (10/3/2025)دا لە عەممانی پایتەختی ئەردەن، کۆبوونەوەیەکی یەک رۆژیی تایبەت بە سوریا و وڵاتانی دراوسێی سوریا سازدرا، بە بێ بەشداریی ئیسرائیل.
بەشدارانی کۆبوونەوەکە بریتیبوون لە وەزیرانی دەرەوە، بەرگری، سەرۆکایەتیی ئەرکانی سوپا و لێپرسراوانی دەزگای هەواڵگریی سوریا، تورکیا، عیراق، ئەردەن، لوبنان.
لەو کۆبوونەوەیەدا، بەشداربووان گفتوگۆ و ئاڵوگۆڕی بیروڕایان لەسەر چەندین دۆسێ و کایە و بابەتی هاوبەش کردووە، تیایدا چەندین رێگە و میکانیزمییان بۆ هەماهەنگی و هاوکاری و کاری هاوبەش، لە کایەکانی بەرەنگاربوونەوەی دیاردەی تیرۆر، ماددە هۆشبەرەکان، بەقاچاخبردنی چەک و تەقەمەنی، پاراستن و تۆکمەکردنی ئاسایشی سنوورەکان، لە نێوان وڵاتانی بەشداربوودا دەستنیشانکردووە و لە بەیاننامەی کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، لە یانزە خاڵی چڕدا ئاماژەیان پێکردووە.
هەسەدە خاوەنی سوپایەکی بەهێز و تۆکمە و گەورەیە و بێ رەزامەندی و بەشداریی و رۆڵی پراکتیکیی ئەم هێزە، ئەستەمە حکومەتی سوریا بتوانێت خاڵە گرنگ و بنەڕەتییەکانی ناوبەیاننامەکە جێبەجێ بکات
خاڵە گرنگەکانی بەیاننامەکە
لەناو ئەو یانزە خاڵەدا، پێنج خاڵ بە راستەوخۆ و هەندێک لە خاڵەکانی تریش بە ناڕاستەوخۆ و بەلاوەکی، لە رووی پابەندبوون بە جێبەجێکردنەوە، لەلایەن خودی حکومەتی سوریاوە، پەیوەستە بە پێگەی جیۆپۆلەتیکی قەوارەی فەرمانڕەوایی هەسەدە، کە بە (خۆبەڕێوەبەریی دیموکراسیی هەرێمی باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا) ناسراوە و خاوەنی سوپایەکی بەهێز و تۆکمە و گەورەیە و زۆرینەی ناوچەکانی سنووری عیراق و سوریا، لە ژێر دەسەڵاتی ئەم هێزەدایە و بێ رەزامەندیی و بەشداریی و رۆڵی پراکتیکیی ئەم هێزە، ئەستەمە حکومەتی سوریا بتوانێت خاڵە گرنگ و بنەڕەتییەکانی ناو بەیاننامەکە جێبەجێ بکات، بە تایبەتی خاڵەکانی یەکەم، دووەم، چوارەم، پێنجەم و شەشەم، کە تایبەتن بە پاراستنی یەکێتیی خاکی سوریا، چەسپاندنی ئاسایش، داڕشتنی دەستوورێکی نوێ، بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، کۆنترۆڵکردنی سنوورەکان، لە بەردەم تیرۆر و تاوانی رێکخراو، بەقاچاخبردنی چەک و تەقەمەنی، بازرگانیی ماددە هۆشبەرەکان، هاوکات خاڵەکانی حەوتەم و نۆیەم و دەیەمیش، پێویستیی بە پشتیوانیی هەسەدە هەیە.
سەرۆک کۆماری سوریا، درکی بەوە کردووە بۆ جێبەجێکردنی ئەو بەیاننامەیە، پێویستیی بە پشتیوانی و هاوکاری و بەشداریی هەسەدە هەیە، بۆیە بە پێویستی دەزانێت پەلە بکات و رێککەوتننامەی لەگەڵ ئیمزا بکات.
بەدەر لە کاریگەریی کۆبوونەوەی عەممان، دەتوانین چەندین هۆکار و پاڵنەری تری خۆیی و تایبەتیی دیار و کاریگەر دیاریی بکەین، بۆ لێکنزیکبوونەوە و ئیمزاکردنی رێککەوتننامە، لە نێوان (ئەحمەد شەرعی)ی سەرۆک کۆماری سوریا و (مەزلوم عەبدی)ی فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکراسی.
هۆکار و پاڵنەرە خۆیی و تایبەتەکانی (حکومەتی سوریا)
1- خۆبەدوورگرتن لە شەڕکردن لەگەڵ هەسەدە، کە خاوەنی هێزێکی گەورە و تۆکمە، مەشقپێکراو و بەئەزموون، پڕچەک و خاوەن چەکی قورس و وێرانکەرە، بە تایبەتی پاش لەبەرچاوگرتنی شەڕی بەرگریی و خۆڕاگری و ئازایانەی هەسەدە، لە بەرامبەر (سوپای نیشتمانیی سوریا)ی بریکار و کرێگرتەی تورکیادا، کە لە (30/11/2024)ەوە، بە پشتیوانی و هاوکاریی سوپا و هێزی ئاسمانیی تورکیا، بەردەوامن لە هێرشکردنە سەر (بەنداوی تشرین) و ناوچەکانی دەوروبەری و شکستیان هێناوە.
2- (شەرع) لە چوارچێوەی پەیامە نوێکانیدا، بانگەشە بۆ پێکەوەژیانی ئاشتی و فرەیی و مافی پێکهاتە و کەمایەتییەکان لە سوریادا دەکات، نایەوێت بکەوێتە بەردەمی رەخنە و سەرزەنشتکردن و دابەزینی ئاستی متمانەپێکردن بە پەیام و بەڵێنەکانی.
3- لە دوای رووداوەکانی رۆژانی رابردووی ناوچەی عەلەوینشینەکان لە کەناراوەکانی رۆژئاوای سوریا و بەهۆی قوربانیی زۆری هاووڵاتیانی مەدەنی و بێتاوان، لەسەر دەستی هێزەکانی حکومەتی سوریا، (شەرع) رووبەڕووی گوشاری دەرەکی بووەتەوە، ترسی هەیە ئەو رەوشە زیاتر تەشەنە بسەنێت و بگاتە ناوچەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی فورات، کە ناوچەی فەرمانڕەوایی هەسەدەیە و لە دەرەنجامدا ببێتە هۆی دەستتێوەردانی دەرەکی، لە رەوشی ناوخۆی سوریا.
4- لیژنەی ئامادەکاریی دیالۆگی نیشتمانیی سوریا بۆ سازدانی کۆنگرەیەکی نیشتمانی، کە ئامانج لێی بریتیبوو لە ئامادەکردنی گەڵاڵەنامە بۆ چەندین بابەت و کایەی بنەڕەتیی پەیوەست بە سیستمی فەرمانڕەوایی نوێ، لە ناویاندا داڕشتنی دەستوورێکی تازە، کە لە (12/2/2025)دا لەلایەن سەرۆکی سوریاوە دەستنیشانکرابوون و لە شەش ئەندامی عەرەبی سوننە و یەک ئەندامی مەسیحی پێکهاتبوو، کورد و دروز و عەلەوییان لێ بێبەری کردبوو، هاوکات لە کۆبوونەوەکانیاندا لەگەڵ هاووڵاتیانی سوریا، شار و شارۆچکەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدەیان نادیدە و فەرامۆشکردبوو، هەروەها لە کۆنگرەکەشدا کە رۆژی (25-26/2/2025) لە دیمەشق سازدرا، بێبەرییانکردن لە بەشداریکردن.
جێی ئاماژەیە بەم رەفتارە (شەرع)، رووبەڕووی پرسیار و رەخنە و ناڕەزایی زۆر، لە ناوەوە و دەرەوەی سوریا بووەوە، پێدەچێت ناوبراو لە ژێر گوشاردا، ویستێکی لادروست بووبێت بۆ ئیمزاکردنی ئەو رێککەتننامەیە و قەرەبووکردنەوەی ئەم کەلێن و خەوشە گەورەیە لە ناو پرۆسەی سیاسی و فەرمانڕەوایی سوریای نوێدا، کە ناکۆک و دژبەیەکە، لەگەڵ پەیام و بەڵێنەکانی.
5- هەرچەندە لە ساڵی (2017)ەوە، ئیسرائیل لە رێگەی رۆکێت و ئاسمانەوە رۆڵی گرنگی گێڕا، لە لاوازکردن و هەرەسهپێهێنانی سیاسی و سەربازیی (بەشار ئەسەد)، بە بەرژەوەندیی ئۆپۆزسیۆنی سوریا، بەڵام لەبەر بێ متمانەیی و ترس، لە پێشینە و ئاراستەی کارکردنی رابردووی (شەرع) و هێزەکەی و هێز و گروپە سەلەفیستە جیهادییەکانی تر لە سوریا و لە پێناوی دابینکردنی ئاسایشی نەتەوەیی خۆی، چەندین هەنگاوی ناوە، چ بە لەشکرکێشی بۆ سەر ناوچە سنوورییەکانی سوریا و لوبنان، چ بە زەبر وەشاندنی ئاسمانی، لە ژێرخانی سەربازیی سوریا، چ بە لێدوانەکانی بۆ بەرگریکردن لە دروز و کورد، چ بە هێرشەکانی بۆ سەر فەرمانڕەوایانی نوێی سوریا و لەقەڵەمدانیان بە تیرۆریست، (شەرع)ی خستۆتە بەردەم کاردانەوە و تاقیکردنەوەیەکی دژوار و قورس، ناچاریکردووە بۆ خۆبەدوورگرتن لە پێدانی پاساو و بیانوو، بۆ دەستتێوەردانی زیاتری ئیسرائیل، بە مەبەستی پاراستن و داکۆکی لە کەمایەتییەکان و بەرگرتن پێی، هەنگاو بۆ رێککەوتن لەگەڵ کورد و کەمایەتییەکان بنێت.
6- دوای رووداوەکانی رۆژانی رابردووی ناوچەی عەلەوینشینەکان، حکومەتی سوریا گومانی ئەوەی هەیە، کە بەشێک لە هێز و دەسەڵاتدارانی شیعەی عیراق و حکومەتی ئێران، دەستتێوەردان و پشتیوانی و هاوکاریی سەربازییان، پێشکەشی ژمارەیەک لە فەرماندە عەلەوییەکانی پێشووی سوپای سوریا کردووە، بۆ رەواندنەوەی ئەو مەترسییە و بەرگرتن بە درێژەپێدان بە ناردنی کۆمەک و هاوکاری بۆ گروپە یاخیبووەکانی پاشماوەی سوپای سوریای پێشوو، حکومەتی سوریا پێویستی بە کۆنترۆڵکردن و توندوتۆڵکردنی سنوورەکان لەگەڵ عیراق و لوبنان هەیە، بۆ ئەمەش ناچارن لەگەڵ هەسەدە پێکبێن، چونکە سنوورێکی بەرفراوانی سوریا لەگەڵ عیراق، لەژێر دەسەڵاتی هەسەدەدایە.
جێی ئاماژەیە پێشبینی دەکرێت (شەرع) هەنگاو بنێت و دەستپێشخەریی بکات، بۆ پێکهاتن لەگەڵ دروز و عەلەوییەکانیش.
7- لە هەفتەکانی رابردوودا، بە تایبەتی لە دوای بێبەریکردنی کورد و دروز و عەلەوییەکان، لە لیژنەی ئامادەکاریی دیالۆگی نیشتمانیی سوریا و کۆبوونەوەکانیان، هەندێک جموجۆڵ و دیدار و دەستپێشخەریی، لە نێوان ئەو پێکهاتە پەراوێزخراوانەدا سەریهەڵدا و دروستبوو، بە تایبەتی لە نێوان کورد و دروز، ئەمە بووە زەنگێکی هۆشداریی بۆ (شەرع)، ناوبراو دەیەوێت بەری پێبگرێت و ئابڵۆقەی بدات، پێدەچێت ئەم هۆکارەش کاریگەریی هەبێت بۆ پاڵپێوەنان، بۆ رێککەوتن لەگەڵ هەسەدە.
8- هەروەک (شەرع) لە لێدوانێکی تازەیدا رایگەیاند، حکومەتی تازەی ئەمریکا، هیچ هەنگاو و دەستپێشخەرییەکی بۆ نزیکبوونەوە و هاوکاری و مامەڵەکردن، لەگەڵ حکومەتی نوێی سوریا نەنواندووە، بگرە لە هەفتەکانی رابردوودا، چەندین جار لێپرسراوانی ئەمریکا، لێدوانی توند و نەخوازراویان، دژی حکومەتی نوێی سوریا دەربڕیوە و وەکو خاوەن پێشینەی تیرۆر و خوێنڕیژ ناساندوویانن، بە تایبەتی لەلایەن سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی ئەمریکاوە، ئەمە لە کاتێکدا بە پێچەوانەی خواستی ئەوان، حکومەتی تازەی ئەمریکا بەردەوامە لە درێژەدان بە هاوکاری و پشتیوانیی هەسەدە و چەند جارێکیش، هاوسۆزی و پشتیوانیی خۆیان، بۆ داکۆکی لە کورد و پێکهاتەکانی تر دەربڕیوە.
پێدەچێت لە خوێندنەوە و تێگەیشتنی (شەرع)دا، (دۆنالد ترامپ)ی سەرۆکی ئەمریکا بە کاریگەریی و فشاری ئیسرائیل و لوبی جوو لە ئەمریکا، جیاوازتر لە ئەزموونی قۆناغی (2017 - 2021)ی فەرمانڕەوایی یەکەمی، پەیوەندییەکی گەشەسەندوو و مامەڵەیەکی دروست، لەگەڵ هەسەدە و کێشەی کورد بکات و ئەم تێگەیشتنەش رۆڵی هەبووبێت، لە پاڵپێوەنان بە (شەرع)، بۆ پێکهاتن لەگەڵ هەسەدە.
پاڵنەر و هۆکارە خۆیی و تایبەتەکانی (هەسەدە)
1- زیاتر لە سێ مانگە، هەسەدە کەوتۆتە بەردەمی هێرش و پەلاماری سوپای نیشتمانیی سوریا و تۆپخانەی قورس و هێزی ئاسمانیی تورکیا، لەلایەکی تریش کەوتۆتە ژێر گوشاری سیاسی و ئابلۆقەی تورکیا و حکومەتی نوێی سوریا، هاوکات پاشماوەکانی داعش، کەوتوونەتەوە خۆڕێکخستنەوە و جموجۆڵ، لە ناوچەکانی ژێر رکێفی هەسەدە، لە کاردانەوەدا سەرکردایەتیی هەسەدە، دانوستاندن و پێکهاتن لەگەڵ حکومەتی ناوەند لە دیمەشق، بە پێویست دەزانن بۆ راگرتنی ئەو پەلامار و هێرشانە.
2- زیاتر لە نیوەی پێکهاتەی هێزەکانی هەسەدە، لە عەرەب و مەسیحی و تورکمان پێکهاتوون، هەروەها خاکی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە، رووبەرێکی فراوان و کراوەیە و زیاتر لە سێ یەکی خاکی سوریا پێکدەهێنێت، بەشێکی زۆری شارەکانی دێرەزورو رەقە لە پێکهاتەی عەرەبی سوننەن، ئەمە سەرەڕای بوونی رێژەیەکی بەرچاو لە عەرەبی سوننە، لە سنووری حەسەکە و لەناو شارۆچکە کوردییەکانی تردا.
ئەم دوو هۆکارە لە رابردوودا ببوونە هۆکاری بەهێزبوون و باڵادەستبوونی هەسەدە، بەڵام لەم قۆناغەدا کە مەترسیی تەشەنەسەندنی شەڕی ناوخۆ و تایەفەگەریی لەناو سوریادا هەیە، درک ئەکرێت بە پیلانگێڕیی، بە جۆشدان و هاندان و پاڵپێوەنانی دەمارگیریی نەتەوەیی و جوگرافی، ململانێی ئایینزایی و تایەفەگەری، کار بۆ بەردەوامی و تەشەنەپێسەندنی ئەو شەڕە بکرێت و تیایدا کورد و هەسەدە، بکرێنە ئامانجی یەکەم.
جێی ئاماژەیە لە ئەگەری بەردەوامی و تەشەنەسەندنی ئەو شەڕەدا، پێکهاتە و ریزەکانی هەسەدە و ناوچەی فەرمانڕەواییەکەی، دەکەوێتە بەردەمی هەڕەشە و مەترسیی لێکترازان و جیابوونەوە.
شایەنی باسە لە رابردوودا هەوڵ و دەستتێوەردانی لەو جۆرە، لەلایەن تورکیا و داعش و هێزی ترەوە روویداوە، بۆیە سەرکردایەتیی هەسەدە، لە درککردن بەم هەڕەشە و مەترسییە گەورەیە، هەوڵدەدات خۆی دووربگرێت لە تێوەگلان لە شەڕی ناوخۆ، لەم پێناوەشدا دروشمی ئاشتی و ئاسایش و پێکهاتن، لەگەڵ حکومەتی ناوەند بە پێویست دەزانێت.
3- هەسەدە بە پێکهاتن لەگەڵ حکومەتی ناوەند، لەلایەک دەیەوێت هەڵوێست و رەفتاری توند و دوژمنکارانەی تورکیا، لەدژی خۆی خاوبکاتەوە، هاوکات لەلایەکی تر دەیەوێت تۆمەتی جیابوونە و پارچەپارچەکردنی سوریا لەکۆڵ خۆی بکاتەوە، هەروەها بەم هەنگاوە، سەنگ و سەدا و کاریگەریی بانگەوازی ئاشتیی (عەبدوڵڵا ئۆجەلان)، لەناو تورکیا و سوریادا بەهێزتر بکات.
4- (عەبدی)ی فەرماندەی هەسەدە، بە پێکهاتن و ئیمزاکردنی رێککەوتننامەیەک لەگەڵ (شەرع)ی سەرۆکی کۆماری سوریا، توانی بۆ یەکەمجار لە سوریا و لە رۆژئاوای کوردستان، نەتەوەی کورد بکاتە خاوەنی دەستکەوت و دۆکیۆمێنتێکی نەتەوەیی مێژوویی گرنگ و راگەیەندراو، کە لە ناوخۆی سوری و لە ئاستی ئیقلیمی و جیهانیدا، دەنگ و سەدایەکی گەورەی دایەوە و پشتگیریی بەرفراوانی لە ئاستی میللی و ناوخۆیی سوریا و دەرەکیدا بەدەستهێنا، تیایدا بۆ یەکەمجار لەسەر بەرزترین ئاستی دەسەڵاتی سیستمی فەرمانڕەوایی دەوڵەتی سوریا، کە بریتییە لە سەرۆک کۆمار، دان بە هاوبەشیی نەتەوەی کورد لە دەوڵەتی سوریادا نرا، شانبەشانی سەلماندنی مافی هاووڵاتیبوونی هەموو تاکێکی کورد، وەکو هەموو هاووڵاتییە سورییەکانی تر.
مەزڵوم عەبدی و ئەحمەد ئەلشەرع لە کاتی ئیمزاکردنی رێککەوتنەکەدا