نیاز سەعید عەلی
پێشینەی پەیوەندییەکان
بەگەڕان بەناو مێژووی هاوچەرخی ئێراندا، لەگەڵ هەردوو وڵات و پەیوەندییەکانی نێوانیان، دەردەکەوێت هیچ جۆرە ناکۆکی و ململانێیەک لەنێوان ئێران و ئەمریکا، ئێران و ئیسرائیل؛ تاکو کۆتاییەکانی سیستەمی پاشایەتیی محەمەد رەزا شا (1919 - 1980)، کە لەسەرەتای ساڵی 1979 دا؛ کۆتایی بەفەرمانڕەوایی هات، نەک لەئارادا نەبووە، بەڵکو بەپێچەوانەوە لە قۆناغی محەمەد رەزا شادا (1941-1979)؛ پەیوەندیی دۆستانە و بەهێز، لەسەر بنەمای تێڕوانین و بەرژەوەندیی هاوبەش لەنێوانیاندا هەبووە، تەنها لە قۆناغیکی دیاریکراودا نەبێت؛ کە تیایدا پەیوەندیی نێوان ئەمریکا و ئێران تێکچوو، ئەویش لەسەرەتاکانی جەنگی جیهانیی دووەمدا؛ ئەوکاتەی رەزا شای باوک، هاوکاریی ئەڵمانیای نازی کرد بەپێدانی نەوت و بەهۆیەوە لە ساڵی 1941 دا؛ لەلایەن وڵاتانی هاوپەیمان لە فەرمانڕەوایی دوورخرایەوە و رەوانەی باشووری ئەفریقایان کرد و محەمەدی کوڕیان خستە شوێنی .
دەتوانین بڵیین؛ پەیوەندیی ئێران و ئیسرائیل راستەوخۆ لەدوای دانپیانانی یەکەمی ئێران، بە ئیسرائیل لە ساڵی 1950 و بەدوایدا رێپێدان و ئاسانکاریی ئێران؛ بۆ کۆچکردنی دەیان هەزار هاووڵاتیی جوو؛ لە عیراقەوە بەناو ئێراندا؛ بەرەو ئیسرائیل گەشەی کرد.
لەوێستگەیەکی تری مێژووییدا، پەیوەندیی ئێران لەگەڵ هەردوو وڵات زیاتر پێشکەوت؛ ئەویش لەدوای دوورخستنەوەی محەممەد موسەدەقی سەرۆک وەزیرانی ئێران، کە زۆر ناکۆک بوو لەگەڵ شا؛ بەکودەتایەک لە ساڵی 1953، ئەویش بەپلان و بەسەرپەرشتیی هاوبەشی دەزگای هەواڵگریی ئەمریکا (سی ئای ئەی) و دەزگای هەواڵگریی بەریتانیا؛ لەلایەن ژمارەیەک ئەفسەری لایەنگری شا، شایەنی باسە موسەدەق پێش دوورخستنەوەی، بڕیاری دانپیانان بەئیسرائیلی هەڵوەشاندبووەوە.
لەدوای کودەتاکە؛ شا رێی بەئیسرائیل دا، جارێکیتر بارەگای نێردەی دیپلۆماسی لە تاران بکاتەوە، بەدوایدا پەیوەندیی بازرگانیی نێوانیان گەشەی کرد، پاشان لە ساڵی 1960 دا؛ بۆ دووەم جار ئێران دانی نایەوە بەئیسرائیل.
بەو هەنگاوانە ئێران توانی، بەچەند قۆناغێک بنەمایەک بۆ پێکهێنانی بەرەیەکی وابەستە، لەژێر هەژموونی خۆی دروست بکات، دواتر توانی ئەم بەرەیە فراوانتر و بەهێز و کاریگەرتر بکات؛ بەرەو دروستکردنی میحوەرێک، بەناوی (میحوەری مقاوەمەتی ئیسلامیی جیهانی) لەدژی ئەمریکا و ئیسرائیل
پاش دەستپێکردنی جەنگی سارد، یەکێک لەو دۆسیە گرنگانەی کە رۆڵی هەبوو لە زیاتر نزیکبوونەوەی ئیسرائیل و ئێران و ئەمریکا و پاڵپێوەنانیان؛ بۆ هاوهەڵویستی و کاری هاوبەش، بریتیبوو لەبەرەنگاربوونەوەی گەشەسەندن و بڵاوبوونەوەی رەوتی ناسری و رەوتی چەپ لەناوچەکەدا.
لەم سۆنگەیەوە دەزگای هەواڵگریی هەر سێ وڵات؛ (سی ئای ئەی، مۆساد، ساواک)، لە ساڵی 1957دا، ژوورێکیان بۆ هەماهەنگی دروستکرد و یەکێک لە ئامانجەکان بریتی بوو؛ لەلاوازکردنی پارتی تودە لە ئێران، کە پارتێکی ئۆپۆزسیۆنی خاوەن بنکەی جەماوەریی بەهێزبوو؛ پەیڕەوی رێبازی کۆمۆنیستی دەکرد و لەململانێێەکی سەختدا بوو لەگەڵ شا.
بەدرێژایی قۆناغی شا؛ پەیوەندییەکانی ئێران لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل، لەڕووی دیبلۆماسی و سیاسیی، هەواڵگری و سەربازی؛ ئابووری و بازرگانی؛ بەردەوام لەگەشەکردندا بووە، هەروەها هۆیەک کە کاریگەریی هەبوو، لەسەر نزیکبوونەوەی زیاتری ئێران و ئیسرائیل؛ ئەوەبوو هەردوو وڵات ناکۆکی و کێشە و ململانێیان، لەگەڵ چەندین وڵاتی عەرەبی هەبوو؛ ئیسرائیل بەهۆی کێشەی فەڵەستین و داگیرکردنی دوورگەی سینا و بەرزاییەکانی جۆلان، ئێرانیش لەگەڵ میسری سەردەمی عەبدولناسر و عیراق و هەندێک لە وڵاتەکانی کەنداو، بەتایبەتی بەحرەین و ئیمارات.
وەرچەرخانی ئەمریکا لە دژی شا
نزیکبوونەوەی شای ئێران لە سۆڤیەت و ئامادە نەبوون بۆ تازەکردنەوەی رێککەوتننامەی پەیوەست؛ بە دۆزینەوەو دەرهێنان و پاڵاوتن و گواستنەوەی نەوت، لەگەڵ (کۆمپانیای نەوتی نیشتمانیی بەریتانی)، لە ساڵی 1978 و هەنگاونان بۆ داڕشتن و ئیمزاکردنی رێککەوتننامەیەکی تازە، لەگەڵ (کۆمپانیای نەوتی سۆڤیەتی)؛ بووە هۆی نیگەرانی و ناڕەزایی ئەمریکا و بەریتانیا لە شای ئێران، بەتایبەتی کە سۆڤیەت دەیوست لەسایەی ئەم رێککەوتننامەیەدا، پێگەو پەلی بگاتە سنووری کەنداو، ئەویش بۆ ئامانجی چوونە سەر سنووری (ئاوە گەرمەکان) و شکاندنی ئەو گەمارۆیەی کە (پەیمانی ناتۆ)، لە سنووری تورکیا و باشووری ئەوروپا و دەریای سپی ناوەڕاستدا؛ بەسەر (پەیمانی وارشۆ)دا سەپاندبووی، بۆ بەرپێگرتن بە جموجۆڵ و پێشڕەویکردن و نزیکبوونەوەی سۆڤیەت؛ لە باکووری ئەفریقا و خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەی کەنداو، بەتایبەتی کە کەنداو سەرچاوەیەکی سەرەکیی دەوڵەمەندی بەرهەمهێنانی نەوت و غازەو رێڕەوێکی بازرگانیی گرنگ و ستراتیژییە لە جیهاندا، هەر بۆیە سۆڤیەت، بەدەر لەکایەی ئابووری، لەڕووی پێگەی ستراتیژیشەوە چاوی لەسەر دۆزینەوەی بەرژەوەندیی تازە بوو لەکەنداو؛ وەکو دەروازەیەک بۆ گواستنەوە و گەیشتن بە (ئاوە گەرمەکان).
دیارە پەلهاویشتنی سۆڤیەت، دەبووە هەڕەشە و مەترسی لەسەر پێگەو بەرژەوەندیی و بنکە سەربازییەکانی (پەیمانی ناتۆ)؛ بۆیە دەبوو شکستی پێبهێنن، هەر بۆیە لەچوارچێوەی ململانێکانی جەنگی سارددا و وەکو کاردانەوە لەبەرامبەر نزیکبوونەوەی شای ئێران لە سۆڤیەت؛ ئەمریکا کەوتە داڕشتنی پلان؛ لەلایەک لەدژی شای ئێران، لەلایەکی تر لەدژی پەلهاویشتنی سۆڤیەت لەناو ئێران.
کاتێک خۆپیشاندانەکان لەدژی شا؛ لە ساڵی 1978 دا، چووە ئاستێکی بەرفراوان، ئەمریکا و ناتۆ، پشتیان کردە مانەوەی سیستەمی شا، ئەوە بوو لەڕێگەی جیاجیاوە، بە راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ کەوتنە دەستتێوەردان لە کاروباری فەرمانڕەوایی ئێران و گۆڕانکاریی لە پۆستە باڵاکان، گۆڕانکاریەکان نەک نەبوونە هۆکاری سەقامگیری، بەڵکو سیستەمی شای لاوازتر کرد و زەمینەی خۆشکرد بۆ هەرەسهێنانی.
یەکێکیتر لەدەستتێوەردانە زەقەکان، کە رۆڵی سەرەکی هەبوو لە رووخاندنی شا؛ بریتی بوو لە بێلایەنکردنی سوپای ئێران، لە ململانێی نێوان شاو خۆپیشاندەران؛ ئەویش بە فشار و گوشاری ئەمریکا؛ کە خاوەنی پێگە و هەژموونێکی بەهێز بوو، لەناو سوپای ئێران.
دەستبەرداربوون لە شای ئێران، لەلایەن ئەمریکاوە؛ گەیشتە ئەو رادەیەی کاتێک کە سیستەمی شا رووخا، ئەمریکا ئامادە نەبوو؛ مافی پەنابەری پێ ببەخشێت.
هاوکات ئیسرائیلیش هیچ هەڵوێستێکی پشتیوانی و هاوکاری؛ بۆ بەرگریکردن لەمانەوەی شاو هیچ هەڵوێستێکی دووژمنکاری لە دژی شۆڕش و خۆپیشاندەران نەنواند، کە پیاوانی ئایینیی و گەورە ئایەتوڵڵا ئیمام خومەینی (1902-1989) پێشڕەوایەتی دەکرد.
زەمینە و هۆکاری تێکچوونی پەیوەندییەکان
بەهەڵهاتنی شا لە ئێران، لە مانگی 1ی 1979، جڵەوی دەسەڵات کەوتە دەستی هێزە شۆڕشگێڕەکان، بەتایبەتی پیاوانی ئایینیی، فەرمانڕەوایانی تازە لەکاتی خۆپیشاندانەکانەوە، وەکو کاردانەوە لەدژی پەیوەندیی بەهێزی ئێران؛ لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل، کەوتبوونە بەرزکردنەوەی چەندین پەیام و دروشم، لە دژی ئەمریکا و ئیسرائیل، ئەوەبوو چەندین بڕیار و کرداریان لەسەر داڕشت؛ دیارترینیان بریتین لە:
1-خۆپیشاندەران و دەسەڵاتدارانی تازە، لەژێر کاریگەریی و ئاراستەی دامەزراوەی ئایینیی (مەرجەعیەتی قووم)؛ بەتایبەتی بەهۆی پەیام و فەتوا کاریگەرەکانی ئیمام خومەینی، لەکاتی شۆڕش و لەدوای شۆرش؛ دروشمی ئایینیی توندیان لەدژی ئەمریکا و ئیسرائیل بەرز کردەوە، ئەمریکایان بەشەیتانی گەورە و ئیسرائیلیشیان بەشەیتانی بچووک دەناساند، هاواریان دەکرد مردن بۆ ئەمریکا و مردن بۆ ئیسرائیل.
2-هەڵکووتانەسەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە تاران، لە 4/11/1979؛ لەلایەن گروپێک لەخوێندکاران، ئەوەبوو دەیان هاووڵاتیی ئەمریکایان بەبارمتە گرت، شایەنی باسە دۆسیەی بارمتەکان، (444) رۆژی خایاند و بووە هۆکاری دروستبوونی ململانێ و تەنگژەیەکی گەورە؛ بەرەو تێکچوونی پەیوەندیی نێوان حکومەتی تازەی ئێران و ئەمریکا و کاریگەریی دروستکرد لەسەر تەشەنەسەندنی ناکۆکی و ململانێکانی نێوانیان؛ بەتایبەتی پاش ئەوەی ئەمریکا لەساڵی 1980 دا، بەفەرمی هەموو پەیوەندییە دیپلۆماسیەکانی لەگەڵ ئێران پچڕاند و تاکو ئێستا بەسڕکراوی ماوەتەوە.
3-دەسەڵاتدارانی تازەی ئێران بارەگای نێردەی دیپلۆماسیی ئیسرائیلیان لە تاران، بەخشی بە رێکخراوی رزگاریخوازیی فەڵەستین و کرایە باڵیۆزخانەی فەڵەستین.
شایەنی باسە دۆسیەی دانپیانان بە ئیسرائیل؛ لەلایەی شای ئێران لەدووەمجاردا؛ بووە خاڵێکی تری ناکۆکی و گرژی؛ لەنێوان شاو دامەزراوەی ئایینیی، بەتایبەتی لەلایەن ئیمام خومەینی، کە دژی دانپیانانەکە راوەستا.
دەتوانین بڵێین ئەم زەمینە و پێشینە و هۆکارانە؛ لەلایەک بووە هۆکاری سەرەکیی پچڕانی هەموو پەیوەندییە دیپلۆماسی و ئابووری و سیاسییەکانی سیستەمی تازەی ئێران، لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل، لەلایەکی تریش بووە؛ سەرەتا و زەمینە بۆ دروستبوونی چەندین گرژی و ئاڵۆزیی تر لە داهاتوودا.
میحوەری مقاوەمەتی ئیسلامیی جیهانی
بەتێپەڕبوونی قۆناغ، چەندین دۆسیە و تەنگژە و خاڵی ناکۆکیی تر، بوونە زەمینە و هۆکاری گەیشتن بەم دۆخەی ئێستای شەڕ، لە نموونەی پشتیوانی و هاوکاریی ئێران؛ لە دامەزراندنی حزبوڵڵای لوبنان لە 1982 دا؛ سەرزەنشتکردنی رێککەوتننامەی ئۆسلۆی نێوان ئیسرائیل و رێکخراوی رزگاریخوازی فەڵەستین لە 1993 و هەوڵدانی ئێران بۆ نزیککردنەوە و راکێشانی رێکخراوی حەماس و جیهادی فەلەستینی لە خۆی، ئەویش پاش رەتکردنەوەی رێککەوتننامەکە؛ لەلایەن هەردوو رێکخراوەوە.
جێی باسە شان بە شانی حزبوڵڵا؛ هەردوو رێکخراو بەپشتیوانی و هاوکاریی ئێران، توانیان لەچەند قۆناغێکی جیاوازدا، درێژە بەکردەوەی سەربازی و شەڕکردن، لە دژی ئیسرائیل بدەن و شکست بە رێککەوتننامەکە بهێنن.
بەم هەنگاوانە ئێران توانی، بەچەند قۆناغێک بنەمایەک بۆ پێکهێنانی بەرەیەکی وابەستە، لەژێر هەژموونی خۆی دروست بکات، دواتر توانی ئەم بەرەیە فراوانتر و بەهێز و کاریگەرتر بکات؛ بەرەو دروستکردنی میحوەرێک، بەناوی (میحوەری مقاوەمەتی ئیسلامیی جیهانی) لەدژی ئەمریکا و ئیسرائیل؛ ئەمەش دوای ئەوەی جۆرج دەبلیو بۆشی سەرۆکی پێشووتری ئەمریکا (2001 – 2009)، لەوتارێکدا رۆژی 29/1/2020؛ هۆشداریدا لەسەر هەڕەشە و مەترسییەکانی (میحوەری شەڕانگێزی)ی لە جیهاندا، بۆ ئەم مەبەستە (3) وڵاتی بەشەڕانگێز دەستنیشانکرد، کە بریتی بوون لە عیراق، ئێران، کۆریای باکوور.
سەرۆکی ئەمریکا لەوتارەکەیدا جەختی لەسەر بەرەنگاربوونەوە و دژایەتیکردنی ئەو (3) وڵاتە کردەوە، ئەوەبوو ساڵی دواتر لە 2003؛ بەسەرپەرشتیی ئەمریکا پرۆسەی رزگاریی عیراق دەستیپێکرد و بووە هۆی رووخانی سیستەمی فەرمانڕەوایی یەکێک لە وڵاتەکانی ئەو میحوەرە، هاوکات سوپاکەشی بووە دراوسێی وڵاتی دووەمی ناو میحوەرەکە.
بەهۆی ئەم رووداو و پێشهاتەوە، ئێران پێیوابوو ئەمریکا لە هەنگاوی دووەمدا؛ لەشکرکێشی دەکاتە سەر وڵاتەکەی، بۆیە دەبێت بکەوێتە خۆی و شکستی پێبهێنێت، ئەوە بوو کەوتە راوێژ و تەگبیر و مشوور، توانای وڵاتەکەی بۆ تەرخان کرد، کەوتە داڕشتنی نەخشە و سیناریۆ، توانی هێز و گروپە وابەستە و هاوپەیمانەکانی کۆبکاتەوە و سازیان بدات، پاشان بە شێوازی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ، لە کەناڵی جیاجیاوە، کەوتە کۆششکردن بۆ شکستپێهێنان بەپلانی رووخاندنی دووەم وڵاتی دەستنیشانکراو بە (میحوەری شەڕانگێزی). لەدوای رزگارکردنی عیراق، ئێران بەقۆستنەوەی چەندین ناکۆکی و ململانێی ئایینزایی و سیاسی لەناوچەکەدا، هاوکات بەسوود وەرگرتن لەچەندین رووداو و پێشهات، بەتایبەتی لە عیراق، سوریا، لوبنان، غەززە، باکووری یەمەن؛ توانی زیاتر پەل بهاوێژێت و پێگەو هەژموونی بەهێزی خۆی تیا جێگیر بکات، بەهۆیەوە سنووری چالاکی و مەودای کارکردنی (میحوەری مقاوەمەت)ی تیادا کاریگەر و فراوان بکات، لەهەمان کاتدا لەڕووی تەکنۆلۆژیای سەربازییەوە؛ پەرە بە جۆر و تواناکانی بدات، بەتایبەتی لەبواری بەرهەمهێنانی رۆکێتی دوورهاوێژ و هەوڵدان بۆ بوون بەخاوەنی ئەتۆم.
ئەم پەلهاویشتنە بۆ فراوانکردنی (میحوەری مقاوەمەت)، تاکو کاتی رووداوی بە ئامانج گرتنی قاسم سلێمانیی فەرماندەی فەیلەقی قودسی، باڵی دەرەوەی سوپای پاسداران و هاوەڵانی لە 3/1/2020، هەنگاوی گەورەو بەرچاوی بڕی، جێی باسە ئەو فەرماندەیە بە ئەندازیار و جێبەجێکاری پرۆژەی ئەو میحوەرە لەقەڵەم دەدرێت.
شایەنی باسە (میحوەری مقاوەمەت)؛ لەڕووی بیرۆکە و تێز و پرۆژەوە، رەگ و ریشەی مێژوویی دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتاکانی سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران و دامەزراندنی کۆماری ئیسلامیی ئێران؛ کاتێک دەسەڵاتدارانی تازە، کەوتنە کارکردن بۆ ناردنە دەرەوەی پەیام و ئەزموونی شۆڕشی ئیسلامی بۆ دەرەوەی ئێران و هەوڵدان بۆ دروستکردن و کۆمەککردن و ئاراستەکردنی چەندین پارت و رێکخراوی ئیسلامی سیاسی چەکدار؛ دیارترینیان ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامیی عیراق لە 1982، حزبوڵڵای لوبنان لە 1982، دواتر لەخۆگرتن و بوونە مەرجەع؛ بۆ حەماس و جیهادی ئیسلامیی فەلەستینی لە 1994، پاشان لەدوای رزگاریی عیراق؛ دروستکردنی چەندین هێزی ئیسلامی سیاسیی چەکداری وەلائیی بۆ مەرجەعیەتی قووم و بەستنەوەیان لەڕووی فیقهی و شەرعییەوە بە وەلی فەقێ؛ کە دەکاتە گەورە ئایەتووڵڵا عەلی خامەنەئیی رابەری گشتیی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران.
جێی ئاماژەیە ئێستا ژمارەیەکی بەرچاو لە هێزەکانی حەشدی شەعبی و حزبوڵڵای عیراق؛ بریتین لەهێزی وەلائیی، زۆرینەیان لەدوای سەرهەڵدانی رووداوەکانی سوریا لە 2011 و لەدوای دروستبوونی داعش لە2014 ، بەپشتیوانیی قاسم سلێمانی دامەزران.
ئامانجەکانی (میحوەری مقاوەمەت)
میحوەری مقاوەمەت رەهەندێکی سەربازی، ئایدیۆلۆژی، ئایینزایی و سیاسیی ئاشکراو روونی هەیە، لەبنەڕەتەوە بۆ سێ ئامانج دامەزراوە کە بریتین لە:
1-بەرەنگاربوونەوەی هەژموون و سیاسەت و بەرژەوەندییە ناکۆکەکانی ئەمریکا، لەگەڵ ئێران لەناوچەکە، بەتایبەتی لە دۆسێی بەرنامەی چەکی ئەتۆمی ئێران و دید و سیاسەتەکانی ئەمریکا، لەسەر کێشەی فەلەستین، بەتایبەتی غەززە، رووداوەکانی عیراق، سوریا، لوبنان، یەمەن، کەنداو و...هتد.
2- بەرەنگاربوونەوەی هەژموون و سیاسەت و بەرژەوەندییە ناکۆکەکانی ئیسرائیل لەگەڵ ئێران لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا، بەتایبەتی لەبواری هاوسەنگیی هێز و تەکنۆلۆژیای سەربازی و بەرنامەی ئەتۆمی ئێران، شانبەشانی کێشەی فەلەستین، رۆڵی حزبوڵڵا لە لوبنان، پەلامار و بۆردومانەکانی ئیسرائیل بۆسەر حکومەتی بەشار ئەسەد، دواترینیان پەلهاویشتنی ئیسرائیل بۆ کەنداو و کردنەوەی باڵیۆزخانە لەبەحرەین و ئیمارات و...هتد.
3- بەهێزکردنی پێگە و هەژموونی ئێران لە ناوچەکەدا و کارکردن بۆ راگرتنی هاوسەنگیی هێز، بەبەرژەوەندیی ئێران و بوونی ئێران بە سەنتەر و مەرجەعێکی سیاسی و ئایینیی بەهێز لەناوچەکەدا.
ئەندامانی (میحوەری مقاوەمەت)
ئەو حکومەت و گروپ و هێزە چەکدارانەی کە بوونەتە بەشدار لەو میحوەرەدا، لەسەر ئەم بنەما و خەسڵەتانەی خوارەوە لەو میحوەرەدا کۆبوونەتەوە:
1- ئەو حکومەتانەی کە لەناکۆکی و ململانێی ریشەیی و قووڵدان لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمریکا، لەڕووی ئایینزاییەوە ئەگەڕێنەوە سەر ئایینزای شیعە، لە نموونەی ئێرانی خاوەن رێبازی جەعفەریی دوانزە ئیمامیی شیعە، سوریای خاوەن رێبازی عەلەویی بە رەچەڵەک شیعە و حکومەتی حوسییەکانی خاوەن رێبازی زەیدیی بە رەچەڵەک شیعە لە یەمەن، دیارە حوسییەکان لەژێر کاریگەریی فاکتەری ئایینزایی و بەهۆی پشتیوانی و هاوکاریکردنیان لەلایەن ئێرانەوە، لەدژی سعودیە و وڵاتانی کەنداو و هێزە سوننەکانی یەمەن، بوونەتە ئەندام لەناو ئەو میحوەردەا.
2- بێجگە لە رێکخراوی حەماس و جیهادی فەلەستینی، هەموو ئەو هێز و گروپانەی تر، کە ئەندامن لەو میحوەرەدا، سەر بە ئایینزای شیعەن.
3- ئەو هێز و قەوارە و گروپە چەکدارانەی کە لەڕووی فیقهی و شەرعییەوە، ئەگەڕێنەوە سەر ویلایەتی فەقێ و ئایەتوڵڵای گەورە عەلی خامەنەئی، بە وەلی فەقێی خۆیان دەزانن و بە گروپە وەلائییەکان ناسراون، لە نموونەی حزبوڵڵای لوبنان، حزبوڵڵای عیراق و ژمارەیەکی تر لە هێزی حەشدی شەعبی، لیوای فاتمییەکانی شیعەی ئەفغانستانی، لیوای زەینەبییەکانی شیعەی پاکستانی، سریەکانی ئەشتەر لەبەحرەین و...هتد.
4- ئەو گروپ و لایەنانەی کە لە ناکۆکی و ململانێی چەکداریی سەختدان و ئەمریکا و ئیسرائیل بە دوژمنی خۆیان دەزانن، ئێران پشتیوانی و هاوکارییان دەکات، بە چاوپۆشین لە فاکتەری ئایینزایی، لە نموونەی رێکخراوی حەماس و جیهادی ئیسلامی فەلەستینی.
(میحوەری مقاوەمەت) و ئامانجی کەمەربەندی
لەدوای سەرهەڵدانی رووداوەکانی سوریا لە 2011، لەکاردانەوەدا ئێران رۆڵ و توانا و قورسایی و ئەرکی سەرەکیی (میحوەری مقاوەمەت)ی بەچڕی گواستەوە بۆ ناو سوریا، لەلایەک بۆ بەرگریکردن لەمانەوەی ئەسەد، کە حکومەتەکەی یەکێک بوو لەجەمسەرە سەرەکییەکانی ناو (میحوەری مقاوەمەت)، لەلایەکی تریش بۆ بەهێزکردنی حزبوڵڵای لوبنان و نزیکبوونەوە لە گۆڕەپانی روبەڕوبوونەوە و تەنگپێهەڵچنین لەگەڵ ئیسرائیل، لە سنووری سوریا، لوبنان، فەلەستین.
شایەنی باسە لە درێژەی پەلهاویشتنەکان، ئێران توانی ببێتە خاوەنی پێگەیەکی گرنگ و ستراتیژیی کاریگەر لە یەمەن، ئەویش بە قۆستنەوەی شەڕی ناوخۆ، لەڕێگەی پشتیوانی و کۆمەکردنی یەکێک لە هێزەکان، کە بریتیبوو لەبزووتنەوەی ئەنساروڵڵای خاوەن میلیشیای ناسراو بەحوسییەکان، کە زیاتر لە باکووری یەمەن نیشتەجێن و رەچەڵەکی ئایینییان، دەچێتەوە سەر ئایینزای شیعە و بەزەیدییەکان ناسراون .
حوسییەکان توانیان لەساڵی 2014، سەنعای پایتەخت و بەدوایدا چەندین شاری تری گەورە، بخەنە ژێر جڵەوی خۆیان و بەردەوامن لە باڵادەستی و فەرمانڕەوایی شارەکانی باکووری یەمەن، لەئێستادا و لەدوای پێشهات و رووداوو گۆڕانکارییەکانی هەڵاتنی بەشار ئەسەد لە سوریا و شکستەکانی حەماس و حزبوڵڵا و داڕمانی غەززە و کەوتنە پەراوێزی حزبوڵڵا لە لوبنان، حکومەتی حوسییەکان لە باکووری یەمەن، لەگەڵ ئەوەی کە ناوەناوە بە بۆردوومانی فڕۆکە و رۆکێت بەسەختی ئەکوترێن، بەڵام هێشتا هاوشان لەگەڵ هێزە سەربازییە وەلائییەکانی ناو عیراق، لە گۆڕەپانەکەدا ماونەتەوە، پێشبینی دەکرێت چارەنووسی ئەمانیش بکەوێتە ژێر کاریگەریی کاردانەوە و ئەنجامەکانی ئەم دۆخەی شەڕی ئیسرائیل و ئەمریکا لەدژی ئێران.
یەمەنیش بەشێک بوو لەو ململانێ ئاینزاییانە