لە نێوان بەریەککەوتنی ویلایەتی فەقێ و رەوتی راستڕەوی توندڕەو!

پێکدادانی ئێران – ئیسرائیل

10:14 - 2025-07-08
نیاز سەعید عەلی
139 خوێندراوەتەوە

1-3

یەکەم/ کڵپەی ناردنە دەرەوەی شۆڕشی ئیسلامی بۆ ئیسرائیل 
لە دوای شۆڕشی گەلانی ئێران و دامەزراندنی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لەچەند قۆناغێکدا و بەهۆی تێڕوانینی جیاواز و ناکۆک؛ بەتایبەتی بەهۆی پەلهاویشتنی دەرەکیی ئێران و بەئامانجکردنی ئیسرائیل تیایدا، هەروەها بەهۆی چەندین دۆسێ و ناکۆکی و کێشەی تر؛ ململانێ و تەنگژە و دژایەتیکردن؛ لەنێوان ئێران و ئیسرائیل سەری هەڵداوە.
بەڕێوەبردنی ناکۆکی و ململانێی نێوانیان؛ تاکو ئێستا چەندین قۆناغی هەڵکشان و داکشان و تەشەنەسەندن و پێکدادانی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی بەخۆیەوە بینیوە.
بەدەر لەبوونی ناکۆکی و دژایەتیی رابردووی دامەزراوەی ئایینیی لە ئێران، بەتایبەتی لەلایەن گەورە ئایەتوڵڵا ئیمام خومەینی؛ لە دژی دانپیانان و مامەڵەی شای ئێران بە ئیسرائیل و هەڵوەشاندنەوەی ئەو دانپیانانە لەدوای سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران؛ لەپێشهاتێکی تردا ئێران توانی لەڕێگەی دامەزراندنی حزبوڵڵای لوبنان، لە ساڵی 1982؛ هەنگاوێکی گەورە بنێت، بە ئامانجی پەلهاویشتنی دەرەکیی سیستمی ویلایەتی فەقێ و بڵاوکردنەوە و بەگشتاندنی شۆڕشی ئیسلامی لە دەرەوە؛ لەسەر ئەو بنەمایەی کە سنووری سیستمی ویلایەتی فەقێ بەگوێرەی تیۆرەکەی ئیمام خومەینی؛ تەنها لەچوارچێوەی ئێراندا قەتیس نابێت؛ بەڵکو پرۆژەیەکە بۆ هەموو جیهانی ئیسلامی، بەڵام لەیەکەمجاردا پەل بۆ وڵات و کۆمەڵگا شیعەکان دەهاوێت.
یەکێک لە رەهەندەکانی کارکردنی ئێران، بۆ ناردنە دەرەوەی پەیام و ئەزموونی شۆڕشی ئیسلامی و پلان و هەنگاوەکانی بۆ جێبەجێکردنی پرۆژە فراوانخوازیەکەی لەناوچەکەدا، بریتی بوو لەهەراسانکردن و تەنگپێهەڵچنینی ئیسرائیل و کەسبکردنی دوژمنەکانی ئەو وڵاتە؛ بەلای خۆیدا.
ئێران لەپێشهاتێکی تردا، لەسەر بنەمای پشتبەستن بە دەستوورەکەی؛ کە رێی پێدەدات و دەستی ئاوەڵا دەکات، بۆ پشتگیریی و هاوکاریی رێکخراوە ئیسلامییە سیاسییە دەرەکیەکان؛ توانی هەڵوێست و بڕیاری رەتکردنەوە و دژایەتیکردنی رێکخراوی حەماس و جیهادی ئیسلامیی فەڵەستین؛ لەدژی رێککەوتننامەی ئۆسلۆی 1993 ی نێوان رێکخراوی رزگاریخوازی فەڵەستین و ئیسرائیل بقۆزیتەوە و رایانکێشێت بەلای خۆیدا و بیانگرێتەخۆ، هەروەها هاوکاری و پشتگیرییان بکات، بۆ ئەوەی شانبەشانی حزبوڵڵا بیانخاتە پاڵ خۆی؛ بۆ بەڕێوەبردنی ناکۆکی و ململانێ لەبەرامبەر ئیسرائیل.
حزبوڵڵای لوبنان، بە یەکێک لە پارتە دامەزراوە سەرەتاییەکان لە قەڵەم دەدرێت، کە لەسەر بنەمای گەڕانەوە و وەلائیبوون؛ بۆ وەلی فەقێ لە ئێران، وەکو مەرجەعی فیقهی؛ لەلایەن باڵیۆزی ئێران لە سوریا، لە 1982 دا دامەزرا.
ئێستا حزبوڵڵا؛ وەلی فەقێی و سیستمی ویلایەتی فەقێ، کە دەکاتە گەورە ئایەتوڵڵا عەلی خامەنەئی؛ بە پێشەوای ئایینیی و مەرجەعی فیقهی و موفتی و خاوەن بڕیاری خۆی دەزانێت.
هاوکات حەماس و جیهادی فەڵەستینییش؛ بە دوو هێزی ئیسلامی سیاسیی سوننە ئەژمار دەکرێن، کە لەسەر بنەمای دوژمنی هاوبەش؛ لە ئێران نزیکبوونەتەوە و چوونەتە ناو (بەرە)ی ئێران، دواتر ئێران (بەرە)کەی وەرچەرخاند؛ بۆ (میحوەری مقاوەمەتی ئیسلامیی جیهانی) و ئەوانیش بوونە ئەندام تیایدا. 
شایەنی باسە لە کۆتایی 1982، یەکەم زەبری ناڕاستەوخۆی ئێران؛ لەڕێگەی حزبوڵڵا لە دژی ئیسرائیل لە باشووری لوبنان روویدا و درێژبووەوە بۆ قۆناغی هەنووکەیی، یەکەم زەبری راستەوخۆی ئیسرائیلیش لەدژی پێگەی ئێران، لەناو سوریا لە 2013 روویدا و درێژبووەوە بۆ کۆتاییەکانی هەڵهاتنی بەشار ئەسەد لە سوریا و رووداوەکانی لوبنان و غەززە و باکووری یەمەن، دواترینیشان لە حوزەیرانی رابردوودا، کاتێک بە بۆردوومان کەوتنە هێرشی ئاسمانیی لەدژی یەکتر، ئەمە لەکاتێکدا لە قۆناغی پێشووی فەرمانڕەوایی پاشایەتیی ئێراندا، هیچ بنەما و هۆکار، یان زەمینە و پێشینەیەکی مێژوویی، جوگرافی، ئابووری، ئایدیۆلۆژیی، ئایینیی و ستراتیژیی؛ بۆ دروستبوونی ناکۆکی و ململانێ و تەنگژە لە نێوانیان؛ لە ئارادا نەبووە، بەڵکو بەپێچەوانەوە پەیوەندییەکانی نێوانیان؛ بەهێز و دۆستانە و هاوسەنگ بوو.

دووەم/ فراوانخوازیی ئێران و بڵێسەی بەریەککەوتن لەگەڵ ئیسرائیلدا
دەتوانین بڵێین یەکەم پێکدادان و رووبەڕووبوونەوەی ناڕاستەوخۆ و شەڕکردنی ئێران بە هێزە بریکارەکان لەدژی ئیسرائیل؛ لە لوبنان دەستیپێکرد، ئەویش لەناو رووداوەکانی شەڕی ناوخۆی لوبنان و لە دوای لەشکرکێشیی سوپای ئیسرائیل؛ بۆ باشووری لوبنان لە ساڵی 1982.
ئەم رووداوە لە دوای چەند مانگێک لەدامەزراندنی حزبوڵڵای لوبنان و بەدیاریکراوی لە رۆژی 11/11/1982 دەستپێدەکات؛ ئەوکاتەی حزبوڵڵا بە ئەنجامدانی تەقینەوەیەکی گەورە، توانی بنکەیەکی سوپای ئیسرائیل لە باشووری لوبنان؛ بکاتە ئامانج، ئەوەبوو لەو کردەوەیەدا؛ 89 ئیسرائیلی کوژران.
رۆڵ و بەشداریی حزبوڵڵا، لە ململانێ و شەڕ لە دژی ئیسرائیل، بە هاوکاری و پشتیوانیی  ئێران؛ چەندین قۆناغ و پێکدادان و شەڕی گەورەی بەرەیی لە باشووری لوبناندا، بەخۆوە بینیوە و درێژبووەتەوە بۆ ناو رووداوەکانی سوریا.  
حزبوڵڵا لەقۆناغی کۆتایی ململانێ و شەڕکردن لەدژی ئیسرائیل؛ لە مانگەکانی رابردوودا، تووشی شکستی گەورە و قوربانیی زۆر بووەوە، لەناویاندا لەدەستدانی دوو ئەمینداری گشتی، دەیان فەرماندە و لێپرسراو و سەدان کادر، هەزاران ئەندام و جەنگاوەر، سەرەڕای بەرتەسکبوونەوەی رۆڵ و قەبارە و کاریگەریی؛ لەناو پرۆسەی سیاسیی لوبناندا، هاوکات لەدەستدانی گۆڕەپانی سوریا و نەمانی دەروازە کراوەکانی سوریا لەبەردەمیدا؛ بەرەو عیراق و ئێران، لەلایەکی ترەوە نەمانی هاوکاریە لۆجستییەکان و کەمبوونەوەی سەرچاوە داراییەکان، دواترینیان دروستبوونی گوشاری نێودەوڵەتی و ئیقلیمی و ناوخۆیی لەسەری؛ بۆ خۆداماڵین لە چەک و بوونی بە رێکخراوێکی سیاسیی نا چەکدار.
لەلایەکی ترەوە لە ناوەڕاستی نەوەدەکان بەدواوە؛ حەماس و جیهادیی ئیسلامی لە فەڵەستین؛ کە لە ململانێیەکی پڕ لەتوندوتیژی و چەکدارییدا بوون، لە دژی ئیسرائیل، بە توندی لە دژی رێککەوتننامەی ئۆسلۆ راوەستان و چوونە سەر هێڵی ئێران؛ بۆ درێژەپێدان بە ئەنجامدانی کردەوە سەربازی و تەقینەوە خۆکوژییەکان؛ لە دژی ئیسرائیل.
لەسەر شانۆی ململانێ لەگەڵ ئیسرائیل؛ حەماس بە پلەی یەکەم و بە جیاوازیەکی زۆر گەورە، بە بەراوورد لەگەڵ جیهادی ئیسلامی، بە چڕی و قورسی کەوتە ناو بازنەی بەریەککەوتن و پێکدادان لەگەڵ ئیسرائیلدا، دیارە هۆکاری ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ بوونی حەماس؛ بە پارتی فەرمانڕەوا لە کەرتی غەززە، لەپاش هەڵبژاردنی گشتیی 2006.
حەماس بەهۆی ناکۆکی و نەگونجان، لەگەڵ بزووتنەوەی فەتح لە غەززە؛ ساڵی دواتر بە زەبری هەڕەشە و بەکارهێنانی هێز؛ توانی دەست بەسەر هەموو فەرمانگە و دامودەزگاکانی حکومەتی فەڵەستین لە غەززەدا بگرێت و بکەوێتە پاکسازیی لە دژی فەتح؛ لەئەنجامدا خۆی بە تاکە دەسەڵاتداری رەها و خاوەن بڕیاری یەکەمی شەڕ و ئاشتی لە غەززە مایەوە.
حەماس لە 2007ەوە تاکو ئێستا؛ لە کایەی فەرمانڕەوایی، ئەمنی، سیاسی و سەربازیدا، تاکڕەوانە لە غەززە باڵادەست و زاڵ و بە هەژموونە، قەوارەی غەززەی کردۆتە گۆڕەپان، بۆ بەڕێوەبردنی شەڕ و پاکتاوکردنی ناکۆکی و ململانێ لەگەڵ ئیسرائیل، بێ ئەوەی پرس و راوێژ و هەماهەنگی؛ لەگەڵ حکومەتی فەڵەستین، لە شاری رامەڵڵای کەناری خۆرئاوا بکات.
شەڕی نێوان ئیسرائیل و حکومەتی حەماس لە غەززە، کە حەماس لە ئۆکتۆبەری 2023دا، بەبێ لەبەرچاوگرتنی هاوسەنگیی هێز و ئەنجام و دەرهاویشتە و لێکەوتەکان هەڵیگیرساند؛ بیانوو و پاساوی خستە بەردەم ئیسرائیل، تا لە کاردانەوەدا زۆر بەسەختی بەرەنگاری حەماس و قەوارەی غەززە ببێتەوە و هێرش و پەلامارێکی گەورەی فراوانی بەردەوامی بکاتە سەر و تیایدا تەڕ و وشک پێکەوە بسووتێنێت و بیقۆزێتەوە بۆ خاپوورکردنی و جینۆسایدکردن و ئاوارەکردنی دانیشتوانەکەی. ئێستا ئەو شەڕە گەیشتووەتە رەوشێکی دژوار و ئاڵۆسکاو و بنبەست، سەرەڕای دەیان هەزار قوربانیی هاووڵاتیان؛ لە کوژراو و پەککەوتە و بریندار و بەکەلاوەبوونی غەززە و پەککەوتنی سەرجەم دامودەزگا خزمەتگوزارییەکان و نەمانی هیچ بنەمایەکی ژیانکردن تیایدا، هێشتا رۆژانە لە غەززە خوێنی زیاتر دەڕژێت، بەڵام ئەمجارەیان لەپێناوی بەدەستهێنانی بڕێک ئازووخە، یان ژەمە خواردنێک.
شایەنی باسە زەبری کوشندەی ئیسرائیل لە بریکارەکانی ئێران، هەر تەنها بە حەماس و حزبوڵڵاوە نەوەستا، بەڵکو پەلیهاویشت بۆ بەشداریکردن لە سیناریۆی رووخانی سیستمی بەشار ئەسەد و زەبروەشاندن لە حوسیەکانی یەمەن؛ کە هەردوو لایان هاوپەیمان و ئەندامی (میحوەری مقاوەمەت) بوون. 
ئیسرائیل لەپاش زەبروەشاندنە کاریگەرەکانی لە بریکارەکان، هەروەها بەهۆی رووخانی سیستمی بەشار ئەسەد و نەمانی پێگە و هەژموونی ئێران لە سوریا؛ بەهەماهەنگی لەگەڵ ئەمریکا، کەوتە تەنگپێهەڵچنین بە ئێران، بۆ ئەم مەبەستە دۆسیەی بەرنامەی چەکی ئەتۆمی ئێرانیان قۆستەوە، ئەویش بۆ گوشار و ئابڵۆقەدان و ملپێکەچکردنی ئێران، دیارە ئامانجی گەورەش لەم دۆسیەیەدا؛ بریتییە لەڕەواندنەوەی ترسی ئیسرائیلیەکان، لەچەکی ئەتۆمیی ئێران و گۆڕینی هاوسەنگیی هێز، بە بەرژەوەندیی ئیسرائیل؛ بۆ ئەوەی ببێتە میحوەر و ناوەندێکی بەهێزی بێ رکابەر لە ناوچەکەدا.
ئەوەی مایەی گەڵاڵەکردنە ئەوەیە؛ پاش شکستی دانوستانی نێوان ئەمریکا و ئێران؛ لەسەر بەرنامەی چەکی ئەتۆمیی ئێران؛ بە هاوکاری و بە بەشداریی ئەمریکا و بە دەستپێشخەریی ئیسرائیل؛ شەڕی رۆکێتهاویشتن و بۆردوومانی ئاسمانیی 12 رۆژە، لە 13-24/6/2025 لەنێوان (ئیسرائیل- ئەمریکا)؛ لەدژی ئێران دەستیپێکرد.
ئەوەی جێی هەڵوێستە و تێڕامانە؛ ئەو شەڕە بە سیناریۆیەک و لە کاتێکی خێرادا، کۆتایی پێهێنرا، بەڵام بە تەمومژیی و ناڕوونی، هەروەها بەبێ دەرکەوتن و درککردن؛ بە هاتنەدی ئامانجەکانی (ئیسرائیل- ئەمریکا).

سێیەم/ بووژانەوەی رەوتی راستڕەوی توندڕە و لە ئیسرائیل
لە بەرامبەر پەلهاویشتنی ئامانجدارانەی ئێران، لە دژی ئیسرائیل و بەهۆی بەردەوامیی کردەوە سەربازیەکانی رێکخراوە ئیسلامییە سیاسیەکانی پاڵ ئێران، لە دژی ئیسرائیل؛ بەتایبەتی لەدوای شکستی رێککەوتننامەی ئۆسلۆ؛ رای گشتی و فەرمانڕەوایانی ئەو وڵاتە درکیان بەهەڕەشە و مەترسیی جددی کرد؛ بۆ تێکچوونی رەوشی گشتی و باری ئاسایشی ناوخۆ.
پێیانوابوو بۆ رووبەڕووبوونەوە و بەرگریکردن و سەرکەوتن؛ پێویستیان بە حکومەتێکی بەهێز هەیە، تاکو بتوانێت بە باسکێکی ئەستوور و چەپۆکێکی پۆڵایین، لەبری سازشکردن و سەرنەویکردن؛ ئامادە بێت بۆ تۆقاندن و گورزوەشاندن و لێدانی زەبری کوشندە؛ لە دوژمن.
خواست و ویستی ئیسرائیلیەکان، بۆ بوون بە خاوەنی حکومەتێک بەو مەرج و خەسەڵەتانە؛ لەلایەک بووە هۆی بووژانەوە و تەشەنەسەندنی رەوتی راستڕەوی توندڕەو بەگشتی؛ لەلایەکی تریشەوە بووە هۆی بەهێزبوونی جەماوەریی پارتێکی راستڕەوی ئۆپۆزسیۆنی دژ بە رێککەوتننامەی ئۆسلۆ بەتایبەتی؛ بە ناوی پارتی لیکۆد، بە سەرۆکایەتیی نەتانیاهۆ.
بوونی لیکۆد بە پارتی فەرمانڕەوا؛ بووە خاڵی وەرچەرخان بۆ ئاڵۆزکردنی پرۆسەی ئاشتی و شکستپێهێنان بە رێککەوتننامەی ئۆسلۆ، لەلایەکی تریش بووە ئاراستەکەری پرۆسەی بەڕێوەبردنی ناکۆکی و ململانێکانی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستینیەکان؛ بەرەو گرژی و تەشەنەسەندنی زیاتر، هاوکات بووە هۆی زەمینەخۆشکردن بۆ بەریەککەوتنی ئێران و ئیسرائیل، لەقۆناغەکانی دواتر. 
شایەنی باسە لەدوای باڵادەستبوونی  ئەو  رەوتە؛ لەناو ناوەندی بڕیاری ئیسرائیل،  ناکۆکی و ململانێی ئەو دوو وڵاتە زەقبووەوە، بەدوای خۆیدا پێشبڕکێی خۆپڕچەککردن بە چەکی ئەتۆم و رۆکێتی پێشکەوتوو و دوورهاوێژی لێ هاتەبەرهەم؛ کە لەڕووی ستراتیژییەوە کار لەسەر گۆڕینی هاوسەنگیی هێز لەنێوانیان و دروستکردنی هەڕەشە و مەترسی؛ لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی هەر دوو وڵات دروست دەکات.

شەڕی حزبوڵڵای لوبنان لەگەڵ ئیسرائیل 2006

وتارەکانی نوسەر